بەغدا بە نەناردنی مووچە دەیەوێ گوشار بخاتە سەر فەرمانبەر و هاووڵاتییان و دژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هانیان دەدات، بەو هۆیەوە پشێوی و نائارامی لەناو خەڵك دروست بكات و دۆخێكی ناسەقامگیر لە ناوخۆی هەرێم دروست بكات، ئەوەی بەغدا بەدوایدا دەگەڕێت ئەوەیە هەرێمی كوردستان نائارام و ناسەقامگیر بكات، بۆ ئەوەی هەرێم مل بۆ خۆسەپاندنی بەغدا بدات و لاوازی بكات، كوردستانیش رووبەڕووی دۆخێكی ناهەموار بكاتەوە.
لەكاتێكدا هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا چەندانجار رێككەوتنیان لەبارەی بودجە و پشكی كورد كردووە و لە یاسای بودجە جێگیر كراوە و یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێكردن، بەڵام تا ئێستە بەغدا پابەند نەبووە بە رێككەوتنەكان و كاركردن بە یاسای بودجە و مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان رەوانە ناكات، ئەوەش گرفتی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كردووە و بەغدا بەو جۆرە دەیەوێ ناڕەزایەتیی فەرمانبەران دروست بكات و ئەو دۆخە بۆ لاوازكردنی حكوومەتی هەرێم بقۆزێتەوە.
لەوبارەوە سەردار مالومە شارەزای سەربازی بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا دۆخێكی خراپی لە هەرێمی كوردستان دروست كردووە، سێ مانگە مووچەی هەرێمی كوردستان بەهۆی بەغداوە دواكەوتووە، لەو چەند مانگەش كە مووچەی ناردووە، بەغدا لە وادەی خۆی و لەكاتی خۆی پارەی نەناردووە، بەهۆی بەغداوە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نازانن كەی مووچە وەردەگرن، بەغدا فەرمانبەرانی هەرێم سزا دەدات و دەیەوێت گوشاری زیاتر لەسەر حكوومەتی هەرێم دروست بكات، هەروەها بەو كارەی دەیەوێ فەرمانبەران و هاووڵاتییانی هەرێم دژی حكوومەتی هەرێم هان بدات و خۆپێشاندان بكەن و فەرمانبەران بایكۆتی دەوام بكەن.
ئەو باسی لەوەش كرد، بەهۆی ئەوەی ئێستە لە بەغداوە پارە رەوانە دەكرێت، دیارە چۆن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كردووە بە چەكی دەستی بەرانبەر بە كورد، بەغدا تەنیا لە مووچەدا لە پێشەوەی هەرێمە، ئەویش دوای ئەوەی كەسانێك پێیان باش بوو مووچە لەسەر بەغدا بێت، ئەوە مووچە لە دەستی بەغدایە و دوو ساڵ زیاتریشە، سوودەكەی چی بوو؟، خەڵكی تووشی نەخۆشی كردووە.
لای خۆیەوە هیوا رەشید رۆشنبیر و چالاك بە "وشە"ی گوت، ئەوەی بەغدا دەیكات گوشاركردنە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەزانێت پارە كە سەرچاوەی ژیان و قووتی خەڵكە و لەژێر دەسەڵاتی خۆیەتی، دەیەوێ گوشارەكانی بەرانبەر هەرێمی كوردستان زیاتر و زیاتر بكات و لەو رێگەوە حكوومەتی هەرێم ئەو دەستكەوتانەی لە ماوەی دوو دەیە بەدەستی هێناوە و خەبات و خوێنی بۆ داوە لەناوی ببات، ئەگەرنا یاسای بودجە چووەتە بواری جێبەجێكردن و هیچ گرفتێك نییە بۆ پارێزگاكانی عێراق وەك خۆی جێبەجێ دەكرێت، بۆچی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نانێرێت یان پشكی كورد رەوانە ناكات؟، تا فەرمانبەر نەگاتە ئەو حاڵەتەی گوشاری بۆ بێت.
حەسەن مارف مامۆستایەكی سلێمانیە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، بەغدا گوشاری زۆری بۆ سەر هەرێمی كوردستان دروست كردووە، گوشارەكەش بە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە، فەرمانبەر كە دەبینێ چەند رۆژ بەسەر دابەشنەكردنی مووچە رۆیشتووە، پەنا دەباتە بەر بایكۆت و دەوامنەكردن، ئەمەش ئەوەیە بەغدا دەیەوێ بیكات تا گوشارەكانی سەر حكوومەت زیاتر بن، بەغدا ئامانجی هەیە لە دواخستن و نەناردنی پشكی هەرێم ئەویش لێدانە لە قەوارەی هەرێم و زیانگەیاند بە ناو و ناوبانگی هەرێم.
وشە/ تایبەت