"هەموو پلانەكانی بەغدا لە بەرانبەر خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان شكست دێنێت"

:: PM:09:46:06/07/2025 ‌

ماوەی دوو ساڵە بەغدا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەبات تا لەو رێگەیەوە ناڕەزایەتی لە ناوخۆی هەرێم دروست بكات، شارەزایان پێیان وایە بەغدا بۆی ناچێتە سەر و سەركەوتوو نابێت، دەیەوێ هەرێمیش بە دەردی شارەكانی عێراق ببات لە رووی خراپیی دۆخی تەناهییەوە، بەڵام لەوەشدا بۆی ناچێتە سەر، چونكە سەرۆكی حكوومەت رێگە بەوە نادا و هەموو شتێك لەپێناو كورد و كوردستان دەكات.

بڵند فاتیح شارەزای پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان بە "وشە"ی راگەیاند، لەوەتەی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەستبەركار بووە، دەستی بۆ هەموو بوارەكان برد، هەوڵی داوە كێشەكان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور چارەسەر بكات، چەندانجار داوای لە بەغدا كردووە بۆ ئەوەی كۆتایی بەو كێشانە بێت، بەغدا بە قسە دەڵێت ئامادەی چارەسەری كێشەكانە، بەڵام كردە و سیاسەتیان شتێكی ترە، ئەمە تەنیا بۆ ئازاردان و ماندووكردنی هەرێمی كوردستانە، هەمووان دەزانن عێراق دەستوورێكی هەیە و تیایدا مافی هەرێمی كوردستان دیاری كراوە، بەڵام بەغدا پێوەی پابەند نابێت.

 روونی كردەوە، لەكاتێكدا هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا رێككەوتنیان لەبارەی بودجەوە كردووە و پشكی كورد لە یاسای بودجە جێگیر كراوە و یاساكە چووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەوانە نەیارانی هەرێمیان لە ناوخۆ و دەرەوە تۆقاند، بۆیە یەكێك لەو چەكانەی ئێستە بە رووی هەرێم بۆ لاوازكردنی ئاراستە كراوە، ئابووری و مووچەی فەرمانبەرانە، رەنگە بەغدا بە جۆرێك لە جۆرەكان نەیەوێ هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە لە كاری سیاسی و دیپلۆماسی و خۆشگوزەرانی بەردەوام بێت.

لای خۆیەوە عەلی ئەنوەر چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەو سیاسەتەی بەغدا بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە لایەن تەوژمێكی سیاسییەوە پێڕەو دەكرێت، ئامانج لێی ئەوەیە هەرێمی كوردستان دابماڵرێت، بەغدا لە رووەكانی سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورییەوە دەستی بۆ هەموو شتە خراپەكان بردووە و خەریكە هەمووی تاقی دەكاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەرێمی كوردستان و لێهاتوویی سەرۆكی حكوومەت هیچی پێ ناكرێت، چونكە سەرۆكی حكوومەت هەموو هەوڵێك لەپێناو كورد و كوردستان دەدات، ئەوانەشی خەون بە تێكدانی دۆخی هەرێم دەبینن دەبێت بەو داخەوە سەر بنێنەوە.

ئەو باسی لەوەش كرد، خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان وای كردووە پێگەی كوردستان وەك خۆی بمێنێتەوە، بەغدا بە هەموو شێوەیەك مووچە وەك كارتی گوشار بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان بەكاردێنێت و دەیەوێ لەو رێگەیەوە چۆك بە هەرێم دابدات، لە پیلانەكەی كە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم داینابوو سەركەوتوو نەبوو، رەنگە چەندین پیلانی تر دابنێت، بەڵام لە هەمووی شكست دێنێت.

هەر لەوبارەوە سیروان شەریف شارەزای یاسا بە "وشە"ی گوت، هەرێم قەوارەیەكی دەستوورییە، بۆیە ئەگەر بەغدا بیەوێ دەسەڵاتی نەهێڵێت، ئەمە پێشێلكردنی دەستوورە، بەغدا ئەوە دەكا كە خۆی دەیەوێ نەك ئەوەی دەستوور باسی كردووە، ئەگەر بەغدا كار بە دەستوور دەكات، ئەوە دەستوور وا ناڵێت تۆ پابەندی رێككەوتن نەبیت، ئەگەریش كار بە دەستوور ناكات، ئەوە پێشێلكردنی دەستوورە.

روونی كردەوە، ئێستە ناچارییە خەڵك چاوەڕێی بەغدا دەكات، چونكە بمانەوێ یان نا پارە و مووچە لەژێر دەستی بەغدایە و دەبێت بەغدا بۆمان بنێرێت، بەڵام قسەكە ئەوەیە ئایا بەغدا ئامانجەكەی ئەوەیە وەك ئەوەی رێككەوتن كراوە خزمەت بكات، حكوومەتی هەرێمی كوردستان خاوەنی دەسەڵاتی خۆیەتی لە دەستووردا باس كراوە، بەڵام بەغدا كار بۆ ئەوە دەكات ئەو دەسەڵاتانە نەهێلێیت و لاوازمان بكات.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل