ئێران دەست بە دەرکردنی بە پەلەی چوار ملیۆن ئەفغان دەکات

:: PM:12:56:07/07/2025 ‌

هەزاران ژنی تەنها کە ناچار کراون بگەڕێنەوە ڕووبەڕووی زۆرداری و نەداری توند دەبنەوە لە ژێر یاسا تالیبانییەکان کە کارکردن و گەشتکردنیان بەبێ پاسەوانی نێر قەدەغە کردووە.

ژنان کە ناچار کراون بگەڕێنەوە بۆ ژیان لە ژێر ڕژێمی توندوتیژی زیاتری تالیبان باسیان لە نائومێدییان کردووە، لە کاتێکدا ئێران کارەکە خێراتر دەکات لەبارەی دەرکردنی نزیکەی ٤ ملیۆن ئەفغانی کە هەڵاتبوون بۆ ئەو وڵاتە.

بەپێی ئاژانسی کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان،لە مانگی ڕابردوودا تەنها، زیاتر لە ٢٥٠,٠٠٠ کەس، لەوانەش هەزاران ژنی تەنها، گەڕاونەتەوە بۆ ئەفغانستان لە ئێرانەوە. ئەو ژمارانە زیاتر بوون بەر لە وادەی ڕۆژی یەکشەممە کە ڕژێمی ئێرانی دایناوە بۆ ئەوەی هەموو ئەفغانە بێ بەڵگەنامەکان وڵات جێبهێڵن.

تالیبان کە لە ٢٠٢١ دا گەڕانەوە سەر دەسەڵات، تۆمەتبار کراون بە جێبەجێکردنی سیستەمێکی ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئەفغانستان. ژنان کە دەگەڕێنەوە بۆ وڵات دەبێت لەژێرئەو یاسا زۆردارانەدا بژین کە قەدەغەیان لەسەر نیشاندانی ڕوویان، قسەکردن یان دەرکەوتن لە شوێنی گشتی کردووە، هەروەها لە زۆرینەی کار و پەروەردە دوور خراونەتەوە. هەرکەسێک بە سەرپێچی لەم یاسایانە بگیرێت ڕووبەڕووی قامچی لێدانی گشتی دەبێتەوە.

لە کاتی قسەکردن لەگەڵ گاردیان و زان تایمز، ئاژانسی هەواڵی ئەفغانی، لە پەڕەوازێکی سنووری باشووری ئەفغانستان،" سەحەر" کە تەمەنی ٤٠ ساڵە، لەگەڵ پێنج منداڵ گەشت دەکات و دەڵێت هیچ زانیاری نییە کە ئێستا لە کوێ دەژی. ئەو بێوەژنێکە خەڵکی بەغلانە، شارێکە لە باکووری ئەفغانستان، زیاتر لە دەیەیەک لە ئێران دەژیا. کارگەیەکی بچووکی درومانی هەبوو و دواییش ماڵێکی دانابوو. دەڵێت هەفتەی ڕابردوودەستگیر کرام لەگەڵ منداڵەکانم لە کەمپێکی پەنابەران لە نزیک شاری باشووری شیرازەوە بران و دەرکران.وتی"تەنانەت نەمتوانی جلەکانیان کۆ بکەمەوە. لە نیوەی شەودا هاتن. لێیان پاڕامەوە تەنها دوو ڕۆژ مۆڵەتم بدەن شتەکانم کۆ بکەمەوە. بەڵام گوێیان نەگرت. وەک خۆڵ فڕێیان داین."

تا ئەم دواییانە، ژنان بە زۆرەملێ لە ئێرانەوە نەدەگەڕێنرانەوە. بەڵام پیاوان، زۆرجار کرێکارانی بێ بەڵگەنامە، زیاتر ڕووبەڕووی دەستگیرکردن و دەرکردن دەبوونەوە. بەڵام کارمەندانی سنووری ئەفغانی دەڵێن گۆڕانکارییەکی تازە هەیە، بە لایەنی کەمەوە ١٠٠ ژنی بێ هاوەڵ لە ڕێگەی یەک خاڵی سنووری تەنها لە هەرێمی نیمرۆز، لە باشووری وڵاتەکە، لە نێوان ئادار و ئایار لەم ساڵەدا دەرکراون.
گەڕانەوە بۆ ئەفغانستان بەبێ پاسەوانی نێر ژنان دەخاتە ناکۆکی ڕاستەوخۆ لەگەڵ یاسای تالیبان، کە قەدەغەی لەسەر گەشتکردنی ژنان کردووە بە تاقی تەنیا. زۆرینەی ئەوانەی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە خۆیان لە سنوور تەنگەتاو دەبینن، ناتوانن گەشتەکەیان بەردەوام بکەن.

لەگەڵ گەیشتنی پلەی گەرمی بۆ ٥٢ پلەی سەدی، کارمەندانی ناوخۆیی دەڵێن ژمارەیەک کەس لە کاتی دەرکردنە زۆرەملێیەکان مردوون. کارمەندانی سنوور دەڵێن بەلایەنی کەمەوە ١٣ تەرم لە دوو هەفتەی ڕابردوودا گەیشتوون، بەڵام ڕوون نەبوو کە لە گەرمی و تینووێتی مردوون یان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل لە ئێراندا کوژراون.

ئەوانەی گەیشتوون بە دەروازەکانی سنووری باشووری ئەفغانستان دەڵێن تینوو، برسی و ماندوون، چونکە  چەند کاتژمێرێک لە بەر خۆردا ڕۆیشتوون. زۆرینەیان هیچ سامانێک، بەڵگەنامە یان پلانیان نییە سەبارەت بەوەی لە کوێ بژین.

سەحەر دەڵێت: لە شیرازەوە بۆ زاهەدان (نزیک سنووری ئەفغانساتن)هەموو شتەکانیان لێمان ستاند. کارتی بانکەکەم ١٥ ملیۆن تۆمانی (١١٠ پاوەند) تێدابوو. ٥٠,٠٠٠ تۆمانیان بۆ بۆتڵ ئاوێک وەرگرت، ١٠٠,٠٠٠ بۆ ساندویچێکی سارد. ئەگەر نەتبایە، منداڵەکەت لە ژیان نەدەمایەوە" .

تالیبان دەڵێت پەناگا و یارمەتی گواستنەوەی کورتخایەن بۆ ژنان پێشکەش دەکات کە بەبێ مەحرەمن (پیاوێکی گەورە  کە دەتوانێت لە گەشتدا لەگەڵیدا بێت) دەرکراون. بەڵام زۆرینەی گەڕاوەکان دەڵێن هیچ یارمەتییەکی لەو جۆرەیان وەرنەگرتووە. لە ژێر سیاسەتی تالیبان، زۆرینەی ژنە تاقانەکان لە وەرگرتنی زەوی، گەشتکردن بە تەنها بۆ هەرێمی خۆیان، یان دەستڕاگەیشتن بە کار قەدەغە کراون.

سەحەر دەڵێت بژاردەکانی لە ئەفغانستان تاریکن. دایکێکی پیری هەیە لە بەغلان، بەڵام نە ماڵ، نە کار و نە هاوسەرگیری، واتە لە ژێر یاساکانی تالیبان، ناتوانێت بە تەنها گەشت بکات یان بە یاسایی کار بکات. "داوای زەویم کرد [لە تالیبان]، هەر شتێک بۆ دەستپێکردنەوە. گوتیان: 'تۆ ژنیت، مەحرەمت نییە. شایستە نیت.'"

زۆرینەیان کۆتایی کار پشت بە خێزانی فراوان یان تۆڕە غەیرەفەرمییەکان دەبەستن. یەک ژن، کە دواییش لەگەڵ منداڵێکی تازە لەدایکبوو گەڕاوەتەوە، دەڵێت خواردن و پەناگای لێ قەدەغە کراوە. "پێیان گوتم: 'تۆ شایستە نیت. پیاوت لەگەڵت نییە.' بەڵام منداڵەکەم تەنها چوار ڕۆژە لەدایکبووە. بۆ کوێ بچم".

ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، و گروپەکانی دیکە یارمەتی کاتی لە دەروازەکانی سنوور پێشکەش دەکەن، بەڵام مۆڵەت یان سەرچاوەیان نییە بۆ پشتگیری دوورخایەن.

زەهرا دەڵێت:ئەو پاسانەی کە گوزراوەکان لە بەندیخانەوە بۆ سنوورەکانی ئەفغانستان دەگوازنەوە، ژنان ڕووبەڕووی لێدانی توند دەبنەوە، داوای بەرتیل دەکەن بۆ خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان و نەبوونی سارکەرەوەو مانەوە لە گەرمای توندا. هەروەها گوتی" منداڵەکەم لە گەرمادا دەگریا، بەڵام شۆفێرەکە پێدەکەنی و گاڵتەی پێمان دەکرد".

*ناوەکان بۆ پاراستنی کەسایەتی گۆڕدراون
گاردیان
وشە



وشە - تایبه‌ت