دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان هەناردەكردنی نەوتی راگیرا و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەسەر داوای چەند لایەن و فراكسیۆنێك خرایە سەر بەغدا، ئیتر كێشە بەرۆكی مووچەی فەرمانبەرانی گرت و ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەغدا هەموو مانگێك بە بیانووی جۆراوجۆری بێ بنەما مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی دواخستووە و ئێستەش بڕیویەتی، ئەگەرچی هەموو شتێك لە بارەی مووچە كراوە لە رێككەوتن و بودجە و دادگای فیدراڵیش.
چاودێران باس لەوە دەكەن كە بەغدا دەیەوێ هەرێم تووشی شكست و لاوازی بكات و هەموو گوشارێك لە هەرێم بكات لەپێناو ئەوەی حكوومەتی هەرێم رازی بكات و بڕیارەكانی خۆی بەسەردا بسەپێنێت و دەسەڵاتەكانی نەمێنن و ئەو دەستكەوتانەی لە رابردوو بەدەست هاتبوون نەیهێڵێت، داواش دەكەن نوێنەرانی كورد بەرگری لە مافی خەڵكی كوردستان بەرانبەر بەو ستەمەی بەغدا بكەن.
رەسووڵ رەئووف شارەزای سیاسەت بە "وشە"ی راگەیاند، بەغدا هەمیشە نیازی باشی بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان نەبووە، لە هەموو كات و سەردەمێكدا بەغدا ویستوویەتی و چەپۆكی لە كورد داوە، ئەوانە وا دروست بوون بۆ دژایەتیی كورد و كوردستان، ئەوان هەركات دەسەڵاتیان هەبووبێت كاریان بۆ لاوازكردنی هەرێم و گوشاركردنە سەر هەرێمی كوردستان كردووە، دواتریش كاتێك بە دەسەڵات دەبن و كاریان دەگاتە لێژی پەنا بۆ كورد دێنن، بەغدا هەمیشە بەدوای ئەوە بووە حكوومەتی هەرێم و قەوارەی كوردستان لاواز بكات و هەر نەیهێڵێت.
روونی كردەوە، عێراقییەكان و ئەوانەی دەسەڵاتییان هەیە، خواستیان نییە پێكەوەژیان لە نێوان كورد و عەرەبدا هەبێت، ئەوەش روونە كە ئەوەی لە عێراق دەسەڵاتی هەیە كۆمەڵێكن، نایانەوێ كورد دەسەڵاتی هەبێت، دەیانەوێ لەژێر دەسەڵاتی خۆیانبن، ئەوان هیچ بۆ كورد بە رەوا نابینن، ئێستە كورد لە عێراق بە چاوێكی تر سەیر دەكرێت نەك ئەوەی نەتەوەیەكی سەرەكیی عێراق بێت، ئەمە دیدی دەسەڵاتی عێراقە بۆ هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە نەژاد ساڵح نووسەر و رۆشنبیرێكی سلێمانی بە "وشە"ی گوت، ئەوانەی چەپڵەیان بۆ عێراق و دەسەڵاتی عێراق لێ دەدا، نە لە مێژوو شارەزان نە لە سیاسەت، پارتی دیموكراتی كوردستان تەنیا حزبە لە راز و نیاز و سیاسەتی بەغدا تێگەیشتووە، دەزانێت بەغدا چییە و چۆنە و چۆن مامەڵەیەك لەگەڵ كورد دەكات، پەرلەمانتار و وەزیر و كاربەدەستانی حكوومەتی عێراقی ئەو شەڕە دەكەن لەپێناو لاوازكردنی هەرێم، ئەمەش یەكێكی ترە لە هۆكارەكانی دواخستنی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان.
باسی لەوەش كرد، بەغدا و دەسەڵاتدارانی خۆیان بۆ دژایەتیكردنی كورد و كوردستان یەكلا كردووەتەوە، چاویان بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت و بە هەموو شێوەیەك دژایەتیی دەكەن و لەپێناو ئەوەی لاوازی بكەن دژی دەوەستنەوە، لەوكاتەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام چاویان لەوەیە مووچە لەكاتی خۆیدا وەربگرن، بەڵام حكوومەتی عێراق ئەو مافە نادات و هەر جارە و بە بیانووێك دوای دەخات، كەواتە باشی ئەو بەغدایە لە چیدایە كە ئاوا خەڵكی كوردستان برسی بكات.
پێوەست بە ستەمەكانی بەغدا هیوا رەشید چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، هەرێمی كوردستان خاوەن سەروەری و دەسەڵات و پێگەی خۆیەتی، بۆیە ئەو سیاسەتەی كە بەغدا بەرانبەر بە هەرێم لەبارەی مووچەوە دەیكات ئەوپەڕی ستەمكردنە، فەرمانبەران هیچ تاوانێكیان نییە و بەغدا مووچە و مافی ئەوانی بە سیاسی كردووە، یەك ساڵە زیاتر مووچە لای بەغدایە، كەچی یەكجار مووچەی لە وادەی خۆی نەناردووە.
وشە/ هۆشیار عەلی