نەخۆشیی "رەقە" شووتی جووتیارانی سەیدسادقی لەناو برد

:: AM:09:24:09/07/2025 ‌
نەخۆشییەك لە كێڵگەی شووتی جووتیارانی شارەزوور بەناوی "رەقە" بڵاو بووەتەوە و زیانی زۆری بەبەرهەمی ناوچەكە گەیاندووە، جووتیاران داوای بەهاناوەچوون لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەكەن.

نەخۆشیی ڕەقە نەخۆشییەكی ڤایرۆسییە و ئەمساڵ لە شارەزوور بڵاو بووەتەوە، بووەتە هۆی لەناوبردنی زۆرینەی بەرهەمی جووتیارانی ناوچەكە، ئەمەش وایكردووە زیانێكی زۆر بە جووتیاران بگات.

عەلی كاكەوڵا كە ماوەی 25 ساڵە لەو ناوچەیە كاری جووتیاری دەكات، بە"وشە" راگەیاند، ئەمساڵ ئەو نەخۆشییە ئەوەی هەبوو لە ناوی برد.

گوتیشی، ماوەی 25 ساڵە لەم دەشتەدا جووتیارم و نەخۆشیی وا قڕكەرم نەدیوە كە لە ماوەیەكی كەمدا ئەوەندە زیان لە بەرهەمی ناوچەكە بدات.

ئەو جووتیارە دەڵێت: چەندان جار چووینەتە لای بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵی ناوچەكە، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە چارەسەری بكەن، ئەوەش وایكردووە نەخۆشییەكە بەردەوام بێت و لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمدا، كۆتایی بەبەرهەمی ساڵێكی دەشتی شارەزوور بێنێت. 

بەپێی شارەزایانی كشتوكاڵی بەهۆی خراپیی تۆ و كوالێتیی دەرمان و هەرزانی كەلوپەلی كشتوكاڵ، ساڵانە زۆرترین نەخۆشی لە بەرهەمی جووتیاران دەدات.

سامان محەمەد كە شارەزایەكی نەخۆشییەكانی بەرهەمە كشتوكاڵییەكانە، بە"وشە"ی گوت، خەڵك دەرمانی هەرزان و تۆوی خراپ و چەندان شتی بێ كوالێتی بەكار دێن، بۆیە نەك نەخۆشییەكان بنبڕ ناكەن، بەڵكو زیاتریان دەكەن.

ئەو كە دەمێكە لە ناوچەكە سەرپەرشتی توێژینەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەكان دەكات گوتی، خەڵك تۆی بێ كوالێتی دەكڕن، ئەمەش راستەوخۆ هۆكاری گواستنەوەی نەخۆشییەكانە و لاوازیی بەرهەمە، تۆی خراپ وا دەكات نەخۆشیی زیاتر سەرهەڵبدەن.

سامان دەڵێت: خەڵك بەشێوەیەكی زانستی كاری جووتیاری ناكەن، هەمووی چاولێكەرییە و لە یەكتری وەردەگرن، ئەمەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی چەندان دەرد و زیانگەیاندن بەبەرهەمی ناوچەكە.

لەمبارەیەوە خەلیل ئەحمەد ئەندازیاری كشتوكاڵی و بەرپرسی هۆبەی زەویوزار لە ‌فەرمانگەی كشتوكاڵی سەیدسادق، بە "وشە"ی گوت،  نەخۆشییەكە كاریگەریی لەسەر بەرهەمی شووتییەكە دەبێت، ڕەنگی دەگۆڕێت و وا دەكات بەكەڵكی بازاڕ نەیەت.

ئاماژەی بەوەش دا، بەهۆی ناشارەزایی جووتیارەوە شووتی ساڵانە  تووشی جۆرەها نەخۆشی دەبێت، لەوانەش نەخۆشیی حەشەرات، فتری، نەخۆشیی ڤایرۆسی كە تا ئاستێك دەتوانرێت لە ڕێگەی ڕشتنی دەرمانەوە كۆنترۆڵ بكرێت ئەگەر زوو پێ بزانرێت.

ئەو بەرپرسەی هۆبەی كشتوكاڵی سەیدسادق گوتی، لەگەڵ ئەوەشدا نەخۆشیی فیسۆلۆجی هەیە كە ‌گۆڕانی كەشوهەوایە و لە ‌دەستی جووتیارەكەدا نییە، بەڵام ئەوانی تر زۆربەی بەهۆی كەمتەرخەمی جووتیارەوە سەرهەڵدەدەن یان ناتوانرێ كۆنترۆڵ بكرێن.

باسی لەوەش كرد، ئەو دەرمانانەی لە بازاڕدا هەن، كوالێتییان باش نییە، پێویستە لەلایەنی پێوەندیدار لە ‌ڕێگەی كۆمپانیای باوەڕپێكراوەوە دەرمان بۆ نەخۆشییەكە دابین بكات و دەرمانی بازرگانی نەهێنرێتە بازاڕ.



وشە - سۆران عەزیز