بێزاریی ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیا له هاوتا ئۆكراینییه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده قووڵه، هه‌رگیز ناوی "زیلینسكی" ناهێنێت. كرێملین پێداگریی ده‌كات كه ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌كی نایاساییه. ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمیی ڕووسیا به "گاڵته‌جاڕ" ناوی ده‌بات.
به‌ڵام دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌كانی دوای خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه‌یه چڕ كردووه‌ته‌وه كه پوتین و ڤۆلۆدیمیر زیلینسكی سه‌رۆكی ئۆكراینا، ده‌بێت دانوستان بكه‌ن بۆ كۆتاهێنان به شه‌ڕی ڕووسیا. تره‌مپ گوتی، ئه‌و "ڕێكخستنه‌كانی ده‌ست پێ كرد" بۆ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه كاتێك ڕۆژی دووشه‌م به ته‌له‌فۆن له‌گه‌ڵ پوتین قسه‌ی كرد.
به‌م شێوه‌یه‌ش گێژاوه دیپلۆماسییه‌كه‌ی مۆسكۆ له ناوه‌ڕاستی هه‌وڵه‌كانی تره‌مپ بۆ ڕاگرتنی شه‌ڕه‌كه، ڕۆژی سێشه‌م گۆڕا بۆ نهێنییه‌كی نوێ، ئایا دوژمنه سه‌ره‌كییه‌كانی شه‌ڕه‌كه ده‌توانن به‌مزووانه ڕووبه‌ڕوو دانوستان بكه‌ن؟
بۆ پوتین كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه، ده‌توانێت ڕێگه‌یه‌ك بێت بۆ چه‌سپاندنی ڕێككه‌وتنێكی ئاشتی كه كرێملین وه‌ك سه‌ركه‌وتنێك وێنای ده‌كات، ئه‌گه‌ر تره‌مپ فشار بخاته سه‌ر زیلینسكی بۆ قبووڵكردنی داواكارییه‌كانی پوتین له‌سه‌ر خاك و سه‌روه‌ریی ئۆكراینا، به‌ڵام ده‌توانێت مه‌ترسیی سیاسیشی هه‌بێت، چونكه كرێملین ماوه‌یه‌كی زۆره ئاماژه‌ی به‌وه داوه كه دانوستاندنی ڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ زیلینسكی له ئاستی سه‌ركرده‌ی ڕووسیادا نییه.
كۆنستانتین زاتولین یاسادانه‌رێكی باڵای ڕووسیا، ڕۆژی سێشه‌م له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فۆنیدا گوتی: "ئه‌وه سازشێك ده‌بێت." ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌گه‌ركراوی پوتین- زیلینسكی وه‌ك سازشێكی كرێملین وێنا كرد. "ڕووسیا نیگه‌رانییه‌كانی خۆی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زیلینسكی ده‌كشێنێته‌وه بۆ پشتگیریكردنی هه‌وڵه‌كانی تره‌مپ بۆ ئاشتی."
زاتولین گوتی، هه‌ندێك له به‌رپرسانی ڕووسیا پێیان وایه پوتین نابێت له هیچ سیناریۆیه‌كدا له‌گه‌ڵ زیلینسكی كۆبێته‌وه، به‌و پێیه‌ی "ڕووسیا له هه‌موو شوێنێك باسی نایاساییبوونی زیلینسكی ده‌كات." به‌ڵام زاتولین گوتی كه به بڕوای ئه‌و، كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ زیلینسكی ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیرێت، چونكه "مه‌ترسییه‌كان زۆر گه‌وره‌ن له ئه‌گه‌ری پشتگوێخستنی هه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌ك."
كرێملین وه‌ك هه‌میشه هه‌وڵی داوه بژارده‌كانی خۆی كراوه بهێڵێته‌وه، ئه‌م هه‌فته‌یه به‌رده‌وام بوو له ئاماژه‌دان به‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی پوتین- زیلینسكی ئه‌گه‌ری هه‌یه، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌وه نه‌دا كه نزیك بێت. شیكاروانانی كرێملین گوتیان، قورسه پوتین ڕازی بێت به كۆبوونه‌وه‌یه‌ك، مه‌گه‌ر ئه‌وه ڕوون بێت كه زیلینسكی ئاماده‌یه داواكارییه سه‌ره‌كییه‌كانی ڕووسیا قبووڵ بكات.
گریگۆری گۆلۆسۆڤ بیریاری سیاسی له سانت پیته‌رزبێرگ، ڕووسیا، له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌فۆنیدا گوتی: "من به ساده‌یی هیچ ئه‌گه‌رێك بۆ ڕێكخستنی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه له داهاتوویه‌كی نزیكدا یان ته‌نانه‌ت له داهاتوویه‌كی پێشبینیكراودا نابینم." ئه‌و پێشبینی كرد كه ته‌نیا "ئه‌گه‌ر بۆ پوتین ڕوون بێته‌وه كه ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه پێوه‌سته بۆ خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دانی ئۆكراینا، بۆ ئه‌وه‌ی زیلینسكی ددان به شكسته‌كه‌یدا بنێت"، له‌گه‌ڵ زیلینسكی كۆ ده‌بێته‌وه.
كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زیلینسكی بۆ مه‌به‌ستێك، ده‌توانێت مشت‌ومڕ له ڕووسیا دروست بكات. پوتین گێڕانه‌وه‌ی داگیركارییه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر ئه‌و بیرۆكه هه‌ڵه‌یه بنیات ناوه، زیلینسكی سه‌ركردایه‌تیی "ڕژێمێك" ده‌كات كه تاوانباره به جینۆساید دژی ئاخێوه‌رانی ڕووسی. زیلینسكی خۆی به زمانی ڕووسی گه‌وره بووه، له سه‌ره‌تادا هیوای له مۆسكۆ دروست كرد بۆ حكوومه‌تێكی ئۆكراینی دۆستتر بۆ ڕووسیا، كاتێك له ساڵی 2019 به زۆرینه‌ی ده‌نگ بوو به سه‌رۆك.
پوتین له‌و كاته‌وه به ده‌ربڕینی ژه‌هراوی باسی زیلینسكی ده‌كات. بۆ نموونه له ساڵی 2023، پوتین هێرشی كرده سه‌ر ناسنامه‌ی جووله‌كه‌ی زیلینسكی. پوتین گوتی كه هاوڕێ جووه‌كانی پێیان گوتووه كه "زیلینسكی جوو نییه، ئه‌و شه‌رمه‌زارییه‌كه بۆ گه‌لی جوو."
دانوستاندنی تاك به تاك ده‌توانێت ڕێگه به پوتین و زیلینسكی بدات وه‌ك یه‌كسان سه‌یر بكرێن. بۆیه پێداگریی تره‌مپ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له نێوان زیلینسكی و پوتین له ئارادایه، باوه‌ڕی زۆر كه‌سی لاواز كردووه. تره‌مپ له چاوپێكه‌وتنێكی فۆكس نیوزدا ڕۆژی سێشه‌م، له‌باره‌ی سه‌ركرده‌كانی ئۆكراینا و ڕووسیا گوتی: "وه‌ها بیرم كردووه‌ته‌وه ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ یه‌كتر بگونجێن." له كاتێكدا هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ هیچ پێوه‌ندییه‌ك له نێوان پوتین و زیلینسكیدا نییه. تره‌مپ گوتی، ئه‌وه هۆكاره‌كه‌یه كه ئه‌و پێشنیاری كردووه ئه‌و دوو پیاوه یه‌كه‌م جار تاك به تاك كۆببنه‌وه، نه‌ك به‌شێوه‌ی سێقۆڵی له‌گه‌ڵ تره‌مپ.
تره‌مپ گوتی: "ئه‌گه‌رنا من كۆبوونه‌وه‌ی دوو كه‌سیم ڕێكنه‌ده‌خست، سێ كه‌سیم ڕێكده‌خست، سێقۆڵی."
تره‌مپ گوتی، ئه‌و به پوتینی گوتووه كه كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دوو لایه‌نه له نێوان زیلینسكی و پوتین له پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی ڕۆژی دووشه‌مدا ڕێكده‌خات، ته‌نیا دوای ئه‌وه‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ زیلینسكی و سه‌ركرده‌كانی ئه‌وروپا له كۆشكی سپی كۆبووه‌وه. زیلینسكی به ڕۆژنامه‌نووسانی گوت، وه‌ك له ڕابردوودا گوتوومه كه ئاماده‌م له‌گه‌ڵ پوتین كۆ ببمه‌وه.
به‌ڵام كاتێك یوری ئوشاكۆڤ ڕاوێژكاری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی پوتین، پێوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی بۆ ڕۆژنامه‌نووسان كورت كرده‌وه، هیچ ئاماژه‌یه‌كی به كۆبوونه‌وه‌یه‌كی داهاتوو نه‌كرد. ئوشاكۆڤ گوتی كه تره‌مپ و پوتین، باسیان له "گه‌ڕان به‌دوای ده‌رفه‌ته‌كان بۆ هێنانی به‌رپرسانی باڵاتر" بۆ گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ له نێوان ڕووسیا و ئۆكراینادا كردووه، به‌بێ ئه‌وه‌ی دیاری بكات ئه‌و به‌رپرسانه كێ ده‌بن.
سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا، به هه‌مانشێوه له چاوپێكه‌وتنێكی ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمیدا ڕۆژی سێشه‌م ناڕوون بوو. ئه‌و گوتی له كاتێكدا كرێملین له بنه‌ڕه‌تدا دژی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی دوو لایه‌نه نییه له نێوان زیلینسكی و پوتین، "هه‌ر پێوه‌ندییه‌ك كه به‌رپرسانی باڵا بگرێته‌وه، ده‌بێت زۆر به وریاییه‌وه ئاماده بكرێت."
شیكاروانان ئاماژه‌یان به‌گرنگیدانی نائاسایی چالاكیی دیپلۆماسی له‌لایه‌ن پوتینه‌وه كردووه كه ئاماژه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌وڵه‌كانی تره‌مپ به رژدی وه‌رده‌گرێت. كرملین گوتی، پوتین ئه‌م هه‌فته‌یه پێوه‌ندیی به سه‌ركرده‌كانی سعوودیه، قرغیزستان، به‌رازیل، هیندستان، تاجیكستان، باشووری ئه‌فریقا، ئۆزبه‌كستان، كازاخستان و بیلاڕووسه‌وه كردووه بۆ نوێكردنه‌وه‌ی ئه‌و حكوومه‌تانه له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی گفتوگۆكانی ئۆكراینا.
دیمیتری ترێنین پسپۆڕی سیاسه‌تی ئاسایش له قوتابخانه‌ی باڵای ئابووری له مۆسكۆ گوتی، پوتین "پێده‌چێت بڕیاری دابێت كه كاتی دیپلۆماسی ڕاسته‌قینه هاتووه." "شێوه‌كانی چاره‌سه‌ر كه پوتین ڕه‌نگه له‌گه‌ڵ تره‌مپدا باسی كردبێت، له‌گه‌ڵی ده‌گونجێت."
ترێنین پێشبینی كرد، پوتین ڕازی ده‌بێت به كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ زیلینسكی ئه‌گه‌ر كرێملین له سازشه‌كان ڕازی بێت كه سه‌رۆكی ئۆكراینا ئاماده ده‌بێت بیكات. به‌ڵام ئه‌وه‌شی گوت كه داواكارییه دوور و درێژه‌كانی پوتین له‌سه‌ر مێز ماونه‌ته‌وه، له‌وانه‌ش نه‌ك ته‌نیا داواكارییه‌كانی له‌سه‌ر خاكی ئۆكراینا، به‌ڵكو پێداگرییه‌كه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئۆكراینا قه‌باره‌ی داهاتووی سوپاكه‌ی سنووردار بكات.
تره‌مپ كه پێده‌چێت پوتینی هان دابێت بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر ئاماده بێت بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ زیلینسكی، كاتێك ئه‌گه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی پوتین- زیلینسكی زاڵ بوو، شیكاروانان گوتیان له مانگی شوباتدا، پوتین تره‌مپی تووڕه كرد به پێشنیاركردنی ئه‌وه‌ی شه‌ڕه‌كه ڕه‌نگه به‌وه كۆتایی بێت، حكوومه‌تی زیلینسكی به ئیداره‌یه‌كی كاتی له ژێر چاودێریی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كاندا جێگه‌ی بگیرێته‌وه.
گۆلۆسۆڤ بیریاری سیاسی سانت پیته‌رزبێرگ گوتی: "قسه‌كانی ڕووسیا له‌و كاته‌وه نه‌رمتر بوونه‌ته‌وه." "هێشتا زۆر سووكایه‌تی به زیلینسكی ده‌كرێت، به‌ڵام چیتر بوێری ناكه‌ن بڵێن كه ئه‌و سه‌رۆكێكی نایاساییه و پێویست ناكات قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت."
زاتولین یاسادانه‌ری ڕووسیا گوتی، له‌به‌رچاوگرتنی كرێملین بۆ كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ زیلینسكی، به‌شێكه له هه‌وڵه‌كانی ڕووسیا "بۆ پێشاندانی ئه‌وه‌ی كه ئاماده‌یه بۆ ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ تره‌مپ." ئه‌و گوتی: "ڕووسیا ئه‌م ڕێگه‌یه‌ی هه‌ڵبژاردووه و كاریگه‌ریی له‌سه‌ر تره‌مپ هه‌بووه."
كه‌مترین گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌گه‌ری كۆبوونه‌وه‌ی پوتین- زیلینسكی له ته‌له‌ڤزیۆنی فه‌رمیی ڕووسیادا ڕۆژی سێشه‌م هه‌بوو، له كاتێكدا گاڵته‌جاڕیی تۆڕه‌كانی كرێملین به زیلینسكی به‌رده‌وام بوو. ئۆلگا سكابێیڤا پێشكه‌شكاری به‌رنامه‌ی گفتوگۆی سیاسی "60 خوله‌ك"، گوتی كه زیلینسكی له كاتی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ كۆشكی سپی ڕۆژی دووشه‌م، "وه‌ك خوێندكارێكی قوتابخانه" ڕه‌فتاری كردووه، "به گه‌مژه‌یی" پێده‌كه‌نی و "وه‌ك هه‌میشه به ئینگلیزییه كۆڵه‌واره‌كه‌ی" قسه‌ی ده‌كرد.
ڤینۆگرادۆڤ گوتی: "ئامێری پروپاگه‌نده وا داده‌نێت كه كۆمه‌ڵگه ئاماده‌یه هه‌ر ئه‌نجامێكی دانوستاندن و كرده‌وه سه‌ربازییه‌كان قبووڵ بكات." "كۆمه‌ڵگه لێره‌دا فاكته‌رێكی گه‌وره‌ی سنووردار نییه. ئه‌و پێشتر به زۆر شت ڕاهاتووه."
نیویۆرك تایمز
وشه