دکتۆر فرای ئابووریناسە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و نووسەری کتێبێکە کە بەم نزیکانە لە ژێر ناوی "چۆن پێشکەوتن کۆتایی دێت.. تەکنەلۆژیا، داهێنان و چارەنووسی نەتەوەکان" چاپ دەکرێت.
قەیرانێکی بێدەنگ گەیشتووەتە دەرچووانی نوێی زانکۆکان. لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، بێکاری لەنێوان تەمەن 22 بۆ 27 ساڵان کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان هەیە، بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێک کە لە کاتی داڕمانی ئابووری سەدەی ڕابردوودا بینراوە. بڕوانامەی زانکۆ پێشتر گەرەنتییەکی پتەوی کار بوو. ئەمڕۆ زیاتر وەک بلیتێکی لۆتەری دەردەکەوێت کە ئەگەری بردنەوەی زۆر کەمە.
ئەم دابەزینە تەنیا سەرەتایەکە، لەگەڵ باشتر پێشکەوتنی ژیریی دەستکرد ،هاتنە ناوەوەی بۆ بواری کار، کارەکانی ئاستی سەرەتا و کەرتی خزمەتگوزاری لەوانەیە زیاتر و زیاتر ون ببن، کە نەک تەنها کرێکاران بەڵکو ئەو شارانەش کە تێیدا دەژین، دەکەونە مەترسییەوە. توێژینەوەیەکی نوێی دامەزراوەی بروکینگز ئەوە نیشان دەدات کە چۆن سان فرانسیسکۆ و سان خۆسێ، کالیفۆرنیا، نیویۆرک و واشنتن لەوانەیە بەم زووانە ڕووبەڕووی پشێوییەکی بەرچاوی کار ببنەوە، بەهۆی گەشەسەندنی ژیریی دەستکردەوە. بە هۆی ژیریی دەستکردەوە لە سان خۆسێ، ڕێژەی 43%ی کرێکاران ڕەنگە نیوە یان زیاتری کارەکانیان بگۆڕێت.
کەم بەڵگە هەن کە ژیریی دەستکرد لە ئێستەوە دەستی بە سەندنەوەی کارەکان کردبێت بە شێوەیەکی بەرفراوان. بەڵام وەک چۆن شارۆچکە پیشەسازییەکان لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا نەیانتوانی هەڕەشەی نزیکبوونەوەی تەکنەلۆژیای نوێ بناسنەوە و تێی بگەن، ناوەندە خزمەتگوزارییە پێشەنگەکانی ئەمڕۆ مەترسیی کەم نرخاندنی پشێویی ژیریی دەستکردیان لەسەرە، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە دۆڵی سلیکۆن پەلە دەکات بۆ ئۆتۆماتیکیکردنی کارەکانی کارمەندانی ئۆفیس. وەک چۆن مێژووی لەپیشەسازیخستن (دی ئیندەسترالیزەیشن) فێرمان دەکات، ناسینەوەی نیشانەکانی سەرەتایی ئاگادارکردنەوە بۆ خۆگونجاندن و مانەوە زۆر گرنگە.
پیتسبورگ لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەبەرچاو بگرە، کاتێک هێشتا پایتەختی پۆڵای جیهان بوو. لە پشت پەردەوە، گۆڕانکارییەکی تەکنەلۆژی بەڕێوە بوو. لە سەرانسەری وڵاتدا، کارگە بچووکەکان دەستیان بە دروستبوون کرد، کە زۆر کەمتر لە کرێکارانی کوورە کۆنەکانی پۆڵای بۆ کار پێویست بوو. کۆمپانیاکانی ئاسیا کارگە زەبەلاحەکانیان بە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دروست کرد، کە باڵادەستیی کۆمپانیای U.S. Steel یان کەم کردەوە. زیاتر لە دە ساڵی خایاند تا کاریگەریی ئەم پێشکەوتنانە بە تەواوی لە شارۆچکەکانی پۆڵای ئەمریکادا هەستی پێکرا.
چیرۆکێکی هاوشێوە لە دیترۆیت ڕوویدا. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، تەکنەلۆژیا نوێیەکان – لەوانە ڕۆبۆتیک، دیزاینی بە کۆمپیوتەر وپاڵپشتی لۆجستی باشترکراو – پێشکەوتنیان بە بەرهەمهێنەرانی بیانی بەخشی و ڕێگەی بە کۆمپانیاکانی ئۆتۆمبێل دا کارگە بچووکتر و کارامەترەکان بەڕێوە ببەن. چیتر کۆمەڵگە فراوان و یەکێتییەکان لەسەر ڕووباری دیترۆیتەوە نەبەسترابوونەوە، سێ کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمبێل فراوانبوون بۆ ناوچەکانی دەوروبەر، پاشان زیاتر بۆ باشوور و لە کۆتاییدا بۆ مەکسیک و ئاسیا. تا ساڵی 2011، دامەزراندنی پیشەسازیی دیترۆیت نزیکەی 90% دابەزیبوو بە بەراورد بەوەی لە ساڵی 1950دا بوو.
پایتەختە خزمەتگوزارییە مۆدێرنەکان بە خۆیان دەڵێن کە پشت بە یەک پیشەسازی نابەستن، بەڵام هەمەچەشنی لەوانەیە کەمترین کاریگەریی هەبێت کاتێک هۆکاری پشێوییەکە تەکنەلۆژیایەکی گشتی بێت. ژیریی دەستکرد کەرەستەی بازاڕکردن دەنووسێت، باج ئامادە دەکات، داتا پاک دەکاتەوە، سۆفتوێر کۆد دەکات و پلانەکانی وانەکان دادەڕێژێت.
لە شاری نیویۆرک، ئەو پیشەسازییانەی کە زۆرترین کاریگەرییان لەسەر ئەو کارانە هەیە – پەروەردە، خزمەتگوزارییە پیشەیی و تەکنیکییەکان، زانیاری، دارایی و کارگێڕی – پێکەوە نزیکەی 35%ی هێزی کار دادەمەزرێنن، کە پشکێکی گەورەترە لەوەی پۆڵا یان ئۆتۆمبێل لە شارە سەرەکییەکانیاندا فەرماندەییان دەکرد.

گومانکاران بە دروستی ئاماژە بەوە دەکەن کە ژیریی دەستکرد هێشتا ناتەواوە. بەڵام پێویست ناکات بە تەواوی جێگەی کرێکاران بگرێتەوە بۆ ئەوەی کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت، تەنیا پێویستە مووچەکان دابەزێنێت یان کاری زانستی لە شوێنێکی تر ئاسانتر و هەرزانتر بکات. ئەگەر چات بۆتێک بتوانێت یارمەتی کڕیاران بدات لە کاری یاسایی، توێژینەوەی بازاڕ یان مۆدێلکردنی دارایی، کۆمپانیاکان لەوانەیە چیتر پێویستیان بە دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆر لە کرێکارانی ئاستی سەرەتا لە مانھاتن یان سان فرانسیسکۆ نەبێت.
وەک کارەکانی پیشەسازیی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، ئەم ڕۆڵانە لەوانەیە لە کۆتاییدا بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی وڵات. یاریدەدەرانی کۆدنووسی وەک GitHub Copilot بەرهەمهێنانی گەشەپێدەران بە ڕێژەی 56% زیاد دەکەن، کە گەورەترین قازانج لەنێوان کۆدنووسانی سەرەتاییدایە. بە هەمان شێوە، ئامرازەکانی نووسینی ژیریی دەستکرد ڕێگە بە نووسەرانی کەم شارەزا، لەوانە ئەوانەی زمانی ئینگلیزی زمانی دایکیان نییە، دەدەن بەڵگەنامەی کوالیتی پیشەیی دروست بکەن. لەگەڵ کەمبوونەوەی گرنگیی شوێن، توانای زمانەوانی و ئەزموون لە دیاریکردنی بەرهەمهێناندا، ئەو مووچانەی کە شارە گرانبەهاکان داوای دەکەن، کۆمپانیاکان هان دەدات لە بازاڕە هەرزانترەکاندا کەس دابمەزرێنن.
وانەی لە پیشەسازیی خستن ئەوە نییە کە داڕمان حەتمییە، بەڵکو ئەوەیە کە نوێبوونەوە زۆر گرنگە. پیتسبورگ و دیترۆیت لە شەو و ڕۆژێکدا داڕمان. ئەوان تووشی شکست بوون چونکە نەیانتوانی پیشەسازییە نوێیەکان – لە تەکنەلۆژیا و خزمەتگوزارییە پیشەییەکاندا – گەشە پێ بدەن، لە کاتێکدا کارە نەریتییەکان ون بوون. لە سەرانسەری حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا، دیترۆیت و میشیگان یارمەتی، کەمکردنەوەی باج و وەبەرهێنانی ژێرخان بۆ سێ کۆمپانیای گەورەی ئۆتۆمبێل خەرج کرد بەبێ ئەوەی هەرگیز داڕمانی حەتمییان ڕابگرن.
بەڵام بۆستن ڕێگەیەکی جیاوازی گرتەبەر. چەندان جار خۆی نوێ کردەوە، یەکەم جار لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا وەک ناوەندێکی دەریایی کە بازرگانیی جیهانی بەڕێوە دەبرد، دووبارە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا وەک ناوەندێکی پیشەسازی کە بە کاری کۆچبەران گەشەی دەکرد، لە کۆتایی سەدەی بیستەمدا وەک ناوەندێکی ئابووریی تەکنەلۆژیا و دارایی. هەر بازدانێک پشت بە بەهرەی گەنج و داهێنان دەبەست، کە پەروەردەی کردە بزوێنەری نوێبوونەوەی بەردەوامی بۆستن.
کەواتە چ جۆرە بەهرەیەک لە سەردەمی ژیریی دەستکرددا گرنگ دەبێت؟ هیچ حکوومەتێک ناتوانێت بە تەواوی پێشبینی بکات کە کام لە کەرتەکان شەپۆلی داهاتووی دروستکردنی کار دەست پێدەکەن، بەڵام شارەکان دەتوانن خۆیان لە پشتگیریکردنی پیشەسازییە مردووەکان بەدوور بگرن، وەک دیترۆیت کردی، و لەبری ئەوە پێشەسازییە نوێیەکان دابهێنن.
داهێنان لە ژینگەیەکدا گەشە دەکات کە کارلێکی ڕووبەڕوو و تاقیکردنەوە پەرە پێدەدەن ، چالاکییەکان کە لە مێژوودا لەلایەن ناوچە شارستانییەکانەوە پەرەیان پێدراوە، لە ڕێنێسانسی فلۆرانسەوە تا ئەو شارانەی کە دۆڵی سلیکۆن پێکدەهێنن. ئەمە بەو مانایەیە کە حکومەتەکان دەبێت وەبەرهێنان لە خزمەتگوزارییەکدا بکەن کە دانیشتووانی بەهرەمەند ڕادەکێشن و دەیانهێڵنەوە وەک شوێنە گشتییەکان، گواستنەوەی خێرا و هەرزان، قوتابخانە باڵاکان، مۆزەخانەکان و شانۆکان.
هەروەها بەو مانایەیە کە ئاسانکاری بۆ خەڵک بکرێت بۆ گواستنەوە لە کارێکەوە بۆ کارێکی تر و پەرەپێدانی کێبڕکێ. کاتێک میشیگان لە ساڵی 1985 دەستی بە جێبەجێکردنی بڕگەکانی دژە کێبڕکێ کرد، لێشاوی کرێکاران بۆ ناو پیشەسازییە گەشەسەندووەکان خاو بووەوە چونکە زۆرێکیش لە ویلایەتەکە ڕۆیشتن. کالیفۆرنیا ڕێگەیەکی پێچەوانەی گرتەبەر، دژە کێبڕکێی سنوردارکرد، کە ڕێگەیدا بە ئەندازیارانی تاقیگەی نیمچەگەیەنەری شۆکلی کە پێشتر باڵادەست بوو، کۆمپانیای Fairchild Semiconductor و دواتر Intel دابمەزرێنن، کە موعجیزەی دۆڵی سلیکۆنی کردە شتێکی ڕاستی.
ئەگەر حکوومەتە خۆجێیەکان کار نەکەن، دەبێت مەترسیی دووبارەبوونەوەی داڕمانی پیتسبورگ و دیترۆیت ببینن. دەستی کارە زانستییەکان زۆر زیاتر لە کاری نەریتی مووچەیان هەیە، بۆیە تۆڕێکی زۆر فراوانتری خزمەتگوزارییە خۆجێیەکان، وەک چێشتخانە و فرۆشتن و گواستنەوە ڕادەگرن. ئابووریناس ئێنریکۆ مۆرێتی ئەوەی دۆزیوەتەوە کە لە هەر کارێکی پیشەسازی پشتگیری لە نزیکەی 1.6 کاری خۆجێی دەکات، هەر ڕۆڵێکی تەکنەلۆژی یان پیشەیی بەرز نزیکەی پێنج کار پشتگیری دەکات. ئەگەر تەنانەت بەشێکی بچووک لە شیکاروانان، گەشەپێدەران و یاساناسان بچنە ناوچە هەرزانترەکان – یان بە ژیریی دەستکرد جێگەیان بگیرێتەوە – ئەوا دەتوانێت کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر تەواوی کۆمەڵگا هەبێت.
بەڵام ئەگەر سان فرانسیسکۆ، نیویۆرک، سیاتڵ و پایتەختە خزمەتگوزارییەکانی تر بنەمای داهێنان دابنێن – ژیریی دەستکرد وەک هۆکارێک بۆ پیشەسازییە نوێیەکان قبوڵ بکەن، نەک تەنها وەک ئامرازێکی کارایی – ئەوا دەتوانن چارەنووسی خۆیان بگۆڕن. ئێستا کاتەکەیە بۆ دەستپێکردنی نووسینی بەشی داهاتووی خۆشگوزەرانیی شارەکان.
نووسینی: کارل بێنێدیکت فرای
نیویۆرک تایمز
و:ڕامیار محمود