پارێزەرێك: بەپێی یاسا دەبێت مافی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند بدرێتەوە

:: PM:09:00:01/09/2025 ‌

پارێزەرێك باس لەوە دەكات كە لە ئەگەری فرۆشتنی "چاڤی لاند"، پێویستە خاوەن پشكەكان مافی زەوتكراوی چەند ساڵەیان پێ بدرێتەوە، كە خاوەنی پڕۆژەكە ستەمی لێ كردوون و ئامادە نەبووە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، خاوەن پشكێكیش ئاماژە دەكات كە چاوەڕێن مافی خۆیان پێ بدرێ و كەیسەكەیان لە چارەسەركرداندایە.

لەوبارەوە نەزیرە جاف پارێزەری راوێژكار بە "وشە"ی راگەیاند، شاسوار عەبدولواحید یەكێك بووە لەو سەرمایەدارانەی كە لە ماوەی رابردوو بەپێی یاسا حیسابی بۆ مافی خەڵك و حكوومەت نەكردووە و لە لایەك قەرزاری زۆری هاووڵاتییانی سلێمانی و دەوروبەری بووە، لە لایەكیش چەندان ساڵە قەرزێكی زۆری حكوومەتی لەسەر بووە، ئەوەی پێوەندیی بە خەڵكەوە هەیە، چەندان ساڵە خاوەن پشكەكانی هاوار دەكەن كە مافیان دەخورێت و پارەیەكی زۆریان لە "چاڤی لاند"، بۆ كڕینی پشك خەرج كردووە و داوای مافی خۆیان كردووە، بەڵام حیسابی بۆ هیچكامیان نەكردووە، ئەمە بە ئاشكرا مافی ئەو خەڵكەی خواردووە و نەیداوە، لەكاتێكدا بە پارەی خەڵك ئەو پڕۆژەی كردووە.

روونی كردەوە، لە لایەكی ترەوە ئەوەی پێوەیستە بە مافی حكوومەت و قەرزەكانی، بە هەمان شێوە ئامادە نەبووە ئەو قەرزانەی كە لە رابردوو كردوویەتی بۆ پڕۆژەكانی بیداتەوە، هەروەها هیچ باجێكی نەداوە و ئامادە نەبووە بیدات، كە ئەمەش جارێكی تر لە دەرەوەی یاسایە.

ئەو پارێزەرە باسی لەوەش كرد، ئەگەر لە حاڵەتێكدا حكوومەت لە رێگەی وەزارەتی داراییەوە "چاڤی لاند"، بفرۆشێت كە پشكێكی زۆری هی خەڵكە و هەزاران كەس تیایدا بەشدارن، بەپێی یاسا مافی خاوەن پشكەكان لە پێشینەی ئەو قەرزانە دەبێت كە دەدرێتەوە، چونكە ساڵانێكە خاوەن پشكەكان داوای ماف دەكەن و هەموویان هاووڵاتییانی كوردستانن، بەڵام گوێیان لێ نەگیراوە، بۆیە بەپێی یاسا لە فرۆشتنی "چاڤی لاند"، خاوەن پشكەكان مافیان هەیە، پێویست بوو ساڵانێك پێش ئێستە ئەو كەسە لەسەر خاوەن پشكەكان دادگایی بكرێت، چونكە بە تەواوی ستەمیان لێ كرا، هەروەها ئەوەی كراوە فێڵ بووە.

نەزیرە جاف ئەوەشی خستە روو، دوای قەرزی ئەو خاوەن پشكانە، وەزارەتی دارایی مافی یاسایی هەیە كە هەر بڕە پارەیەك مایەوە بیخاتە سەر خەزێنەی وەزارەت لە بری باج، كە پێویست بووە ساڵانە بیدات و ئەستۆپاكی هەبوایە، بەڵام نەدراوە، ئەو بەردەوام قسەی لەسەر حكوومەت بووە، بەڵام تەواوی پارەكانی نایاسایی بووە.

لای خۆیەوە نەژاد مەحموود خاوەن پشكی "چاڤی لاند"، كە 170 هەزار دۆلاری لەو پڕۆژە داناوە بە "وشە"ی راگەیاند، لە 2016 سكاڵامان لە سەر خاوەن پڕۆژەكە تۆمار كردووە، كەچی لە ماوەی رابردوو بەهۆی گوشاری بەرپرسانی دەسەڵاتداری سنوورەكە سكاڵاكانمان دادەخران.

روونی كردەوە، لەبەرئەوەی كەیسەكەمان گەورەیە و 8600 كەس بەشدارن، لە 2011 پارەمان لە بانكی شیمال و بانكی هەرێم داناوە، لایەنە پێوەندیدارەكان دەیانەوێ ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن و كۆتایی پێ بێنن و مافی خاوەن پشكەكان بدرێتەوە و كێشەی خاوەن پشكەكان چارەسەر بكرێت.

پارێزەرانەی خاوەن پشكەكانیش باسیان لەوە كردووە كە چاویان لەوەیە لە چوارچێوەی فرۆشتنی "چاڤی لاند"، مامەڵە لەگەڵ خاوەن پشكەكان بكرێت و بەپێی یاسا ئەو مافەی كە چەندین ساڵە لێیان زەوت كراوە، پێیان بدرێتەوە.

"چاڤی لاند"، لە لێواری شاخی گۆیژە دروست كراوە و سەتان دۆنم لە زەویی حكوومەت بۆ ئەو پڕۆژەیە بەكار هاتووە، ئەمە جگە لەوەی لە بناری شاخی گۆیژە بە گوتەی ئەندامانی پێشووی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، كێشەی گەورە بۆ شەقامی 100 مەتری سلێمانی دروست دەكات، چونكە بەشێكی شاخەكە داگیر كراوە و بەشی شەقامەكە نەماوەتەوە.

پڕۆژەی گەشتیاریی "چاڤی لاند"، لە ناوەڕاستی ساڵی 2013 كراوەتەوە و سەرو هەشت هەزار خاوەن پشك تیایدا بەشدارن، لەو چەند ساڵەی رابردوو دوو جار قازانج دابەش كراوە، جارێك بۆ ملیۆنێك 25 هەزار دینار و جارێكیش كارتی چوونەژوورەوە بووە، لەوكاتەی خاوەن پشكەكانی سەرو 20 ملیۆن دۆلاریان لەو پڕۆژەیە داناوە.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت