لەدوای لالەزارەوە یەكێتی دەستوەردان لە سەنتەر و رێكخراوە مەدەنییەكانی سلێمانی دەكات

:: AM:10:32:06/09/2025 ‌
یەكێتی لە دوای رووداوەكانی لالەزارەوە، دەیەوێـت دەستوەردان لە بەشێكی زۆر لە سەنتەر و رێكخراوەكانی مەدەنی سلێمانی بكات و كەسانی نزیكی خۆی لەو شوێنانە دابنێت. رۆژنامەنووسێكیش رای گەیاند، سەنتەری میترۆش بەو دەردە دەبرێت.

پەلاماردانی هۆتێل لالەزار، كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێك لە رێكخراوە مەدەنییەكانی سنوورەكە بەردەوامبوون لە بڵاوكردنەوەی پێشێلكارییەكان و بەشێكیشیان و هیچان لەسەر رووداوەكە نەگوت.

ئەمە وایكرد كاردانەوەی خەڵك لەسەر ئەو دەزگا و دامەزراوە مەدەنییانە توند بێت و بە لایەنگری یەكێتی بدرێنە قەڵەم، هاوكات ئەوانەشی كەوتنە بڵاوكردنەوە پێشێلكارییەكان،  یەكێتییان تووڕە كرد.

بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە"، یەكێتی لە هەوڵدایە بەشی زۆری ئەو دامەزراوە مەدەنییانە كە لە دەرەوەی هەرێمەوە هاوكاری دەكرێن، كەسانی نزیك لە خۆیانی تێدا دابنرێت، ئەمەش بۆ ئەوەی چیتر لە دووبارەبوونەوەی رووداوێكی وەك ئەوەی لالەزاردا، فشار لەسەر یەكێتی دروست نەكەن.

لەم ماوەیەدا زۆر باسی سەنتەری "میترۆ" دەكرێت كە رەحمان غەریب سەرپەرشتی دەكات، بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" هەوڵێك هەیە لەبری رەحمان، دیاری محەمەد بكرێتە بەرپرسی سەنتەرەكە.

سەنتەری میترۆ سەنتەرێكی چالاكە و بەردەوام لەسەر پێشێلكارییەكان هاتووەتە دەنگ، لە رووداوەكەی لالەزاریشدا چ لەسەر هێرشەكە و چ لەسەر گیران و كوشتنی ئەوانەی لەو شوێنەدا بوون و چ لەسەر كەناڵی "زووم"یش كە سەر بە بەرەی گەل بوو، قسەی كردووە و پێشێلكارییەكانی بڵاو كردووەتەوە.

لەمبارەیەوە رۆژنامەنووس شوان سدیق نووسیویەتی،  ئیشەكە وایە، كاتی خۆی ڕێكخراوی پەنابەران هەبوو، كۆمۆنیستەكان زۆر چالاك بوون، دوای یەكێتی یەك دوانێكی جیا كردەوە لێیان و ڕێكخراوێكیان دانا و چالاكی و شتەكانیان دا بەوان، دەگوترێ سەنتەری میترۆش خەریكە بەو دەردە دەبرێ.

بەپێی زانیارییەكان لە دوای رووداوەكەی لالەزارەوە، سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنووسان، دووچاری زنجیرەیەك فشار لەلایەن یەكێتییەوە بووەتەوە، ئەمەش بەمەبەستی دەمكوتكردنی ئەو سەنتەرە و دانانی كاریگەری لەسەر هەڵوێستەكانی.

 ئەگەرچی رەحمان غەریب خۆی دەڵێت، سەنتەری میترۆ هاوكاری لە دەرەوە وەردەگرێت و هیچ كەس و هێزێك ناتوانێت دایبخات، بەڵام وا دەردەكەوێت فشارەكان هیلاكی كردبێت، بۆیە رای گەیاندووە، "لەم ماوەیەی دووركەوتنەوەم لە سەنتەری میترۆ كە نازانم چەند دەخایەنێت، هیوادارم دیاری محەمەد بتوانێت دڵسۆزانە كارەكانی سەنتەر ئەنجام بدات." 

ڕەحمان غەریب ڕێكخەری سەنتەری میترۆ، پەیامێكی لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاو كردەوە، بەڵام پەیامەكە گومانی دووركەوتنەوەی لە سەنتەرەكە زیاتر كرد.

دیاری محەمەد ئێستە كارەكانی سەنتەرەكە بەڕێوە دەبات و رەنگە ئیتر گۆڕانكاری لە ئەدای كاركردنی میترۆ بێتە ئارا.

بەپێی بەدواداچوونەكانی "وشە" ڕەحمان غەریب هێشتا بەفەرمی بەرپرسی یەكەمی سەنتەرەكەیە، بەڵام لای چەندان هاوڕێی باسی پشوودانی كردووە و ماوەیەك لە كاری سەنتەرەكە دوور دەكەوێتەوە.

سەنتەری میترۆ لە ساڵی 2009، بە ئامانجی چاودێریی رەوشی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی كوردستانی عێراق، دامەزراوە و بارەگای لە شاری سلێمانییە. 

سەنتەرەكە یەكێكە لە رێكخراوە چالاكەكانی بواری داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنووسان و ئازادیی ڕادەربڕین و ئازادیی سیاسی و مافی مرۆڤ. هاوكات دامەزرێنەری "هاوپەیمانێتی 19"یە كە هاوپەیمانێتییەكی تایبەت بە داكۆكیكردنە لە مافەكانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەكان.



وشە - وشه‌