رۆژنامه‌ی لۆمۆندی فڕه‌نسی له راپۆرتێكدا بڵاوی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامیی ئێران جارێكی تر پڕۆژه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی چالاك بكات، ئه‌مجاره ته‌نیا ناوه‌نده ئه‌تۆمییه‌كانی ناكرێنه ئامانج، به‌ڵكو هێرش ده‌كرێته سه‌ر رژێمه‌كه له تاران و به‌ره‌و داڕمان ده‌برێت.
به‌گوته‌ی رۆژنامه‌كه، ئیسرئیل له هێرشی داهاتوویدا به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ست ناپارێزێت و ته‌نانه‌ت هێرش ده‌كاته سه‌ر كارگه و دامه‌زراوه ئابوورییه‌كان. به‌پێی دواین زانیارییه‌كان، هه‌ر ئێسته ئێران 450 كیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراو و زانستی پێویست بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی له به‌رده‌ستدایه. ئیسرائیلییه‌كان به رۆژنامه‌كه‌یان گوتووه، ئێران ئه‌و توانایه‌ی هه‌یه دووباره ده‌ست به چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی بكاته‌وه.
رۆژنامه‌كه ده‌ریخستووه كه ئیسرائیل له رووی هه‌واڵگرییه‌وه، ده‌ستێكی باڵای به‌سه‌ر داوده‌زگاكانی ئێرانه‌وه هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆری سیخوڕی ئیسرائیلی له ئێران‌دا هه‌ن. ئیسرائیل گوتوویه‌تی، توانای هه‌یه ئاگاداری هه‌ر جۆره جووڵه‌یه‌كی ئێران بێت و ته‌نانه‌ت له تاقیگه‌كانیشیدا ئه‌گه‌ر شتێك بكات، ئه‌وا له چاوی ئیسرائیل ون نابێت.
ئیسرائیل پێداگریی كردووه ئه‌گه‌ر چالاكییه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران ده‌ست پێ بكه‌نه‌وه، ئه‌وا جارێكی تر فڕۆكه‌كانی ده‌نێرێته ئاسمانی ئێران و هێزه كۆماندۆكانی خۆی له دژی ئامانجه‌كان به‌كار ده‌هێنێت، هێرشه‌كانیشیان ته‌نیا بۆ سه‌ر سانتریفیوژ و بنكه ئه‌تۆمییه‌كان نابێت، به‌ڵكو كۆی ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌كه‌نه ئامانج و هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر ته‌واوی سێكته‌ره سیاسی، ئابووری و ته‌ناهییه‌كانیان ده‌بێت.
لۆمۆند نووسیویه‌تی، راپۆرتی تۆڕه هه‌واڵگرییه‌كانی ئیسرائیل پێچه‌وانه‌ی ئه‌و قسانه‌ن كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌ریانده‌بڕێت.
له دوای جه‌نگی 12 رۆژه‌ی نێوان ئیسرائیل و ئێران، تره‌مپ گوتبووی وێستگه ئه‌تۆمییه‌كانیان به ته‌واوی له‌ناو بردووه، به‌ڵام به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه ئیسرائیل به به‌رپرسانی ئه‌وروپای داوه، قسه‌كه‌ی تره‌مپ ره‌ت ده‌كرێته‌وه و ده‌یسه‌لمێنن كه هێشتا ئێران یۆرانیۆمی پیتێنراو و ته‌كنه‌لۆجیای ئه‌تۆمی له به‌رده‌ستدایه و توانای هه‌یه هه‌نگاوی كرده‌نیی بنێت.
به بڕیاری تره‌مپ، هه‌ر جۆره هاوكارییه‌كی هه‌واڵگریی نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئه‌وروپا له حوزه‌یرانی ئه‌مساڵه‌وه وه‌ستاوه، به‌ڵام ئیسرائیل به گرنگی زانیوه به‌شێك له‌و زانیارییانه بخاته خزمه‌تی ئه‌وروپییه‌كانه‌وه.
به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌كه، ئیسرائیل له ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی گه‌ڕی داهاتووی جه‌نگ و هێرش بۆ سه‌ر ئێران هیچ په‌له‌یه‌كی نییه، چونكه سوپای ئیسرائیل به‌ر له هێرش، ده‌بێت توانای به‌رگریی خۆی ببووژێنێته‌وه.
له جه‌نگی 12 رۆژه‌دا 5%ی مووشه‌كه‌كانی ئێران، توانیان قه‌ڵغانی به‌رگریی ئاسمانیی ئیسرائیل ببڕن و له ناو شار و شوێنی نیشته‌جێبوون بكه‌ونه خواره‌وه. ئیسرائیل ده‌یه‌وێت ئه‌مجاره كارێك بكات تواناكانی له به‌رگری به‌هێزتر بێت و زیانه‌كانی جه‌نگ بۆ سه‌ر خۆی بۆ كه‌مترین ئاست كه‌م بكاته‌وه.
جگه له‌مه ئیسرائیل دژی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئێران نییه و مه‌رجه سه‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وه‌ن به ته‌واوی واز له پڕۆژه‌ی ئه‌تۆمی بهێنێت، ئێران واز له حزبوڵا و ته‌واوی گرووپه برۆكسییه‌كان بهێنێت.
جێی باسه ئێرانییه‌كان خۆشیان ئه‌و پێشبینییه‌یان هه‌یه كه جارێكی تر له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه بكرێنه ئامانج، بۆیه لای خۆیان ده‌ستیان به ئاماده‌كاری كردووه، زۆر به خێرایی خه‌ریكی به‌رهه‌مهێنانی مووشه‌ك و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی وڵاته‌كه‌یانن كه له جه‌نگی 12 رۆژه‌دا زیانێكی زۆری به‌ركه‌وت.
به وردی دیار نییه ئێران هانای بۆ به‌رهه‌مهێنانی بۆمبی ئه‌تۆمی بردووه یان نا، چونكه ته‌نیا هه‌بوونی ئه‌و جۆره بۆمبه ده‌توانێت پێگه‌ی سه‌ربازیی ئێران به‌رانبه‌ر ئیسرائیل به‌هێز بكات.