بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان بەردەوام و بەبێ ژەمی دیاریكراو، دەرمانی رۆتینی رۆژانە وەك حەپی ژانەسەر و ئەوانەی ئارازشكێنن بەكار دەهێنن، د. محەمەد میرزا پسپۆڕی فیسیۆلۆجییە و لە میانی ئەم راپۆرتەدا لە "وشە"، بە وردی نیشانە و هۆكارەكانی زیاد بەكارهێنانی دەرمان دەخاتە ڕوو.
لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا، وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، هەوڵی زۆری داوە دەرمانی كوالێتی بەرز و دوور لە قاچاخ بهێنرێتە كوردستان، بەڵام بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە" هێشتا لە بازاڕی كڕین و فرۆشتنی دەرماندا، ئەو مەترسییە ماوە كە بەبێ ستیكەری تەندروستی دەرمان ساغ بكرێتەوە.
گرنگە ئەو نیشانانە بناسرێتەوە كە لە ئەنجامی خواردنی دەرمانی زیاتر لە ژەمە دەرمانی دیاریكراودا دێتە ئاراوە، بۆ ئەوەی كەسێك بزانێت كە ئایا مەترسی لەسەرە یان نا؟.
دیارترین نیشانەكانی پێوەست بە زیادەڕۆیی لە ژەمی دەرمان
د. محەمەد میرزا پسپۆڕی فیسیۆلۆجی، بە "وشە"ی گوت، یەكێك لە نیشانەكانی زیاد بەكارهێنانی دەرمان بەرزبوونەوە یان دابەزینی بەرچاوی پلەی گەرمی لەشە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئارەقەكردنەوەیەكی زۆر یان سەرمایەكی زۆر جگە لە ناڕێكی لێدانی دڵ.
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە بەهۆی ئەو بەكارهێنانە زۆرەی دەرمانەوە، ئەو كەسەی ژەمی دەرمانی زیادە بخوات، لەوانەیە تووشی هەناسەتەنگی ببێت كە سەختیی هەناسەدان ئازاری توندی سنگی لەگەڵدایە.
جیا لەوەیش بەرزی پەستانی خوێن كە نیشانەكانی وەك سەرئێشە و ناهاوسەنگی لەگەڵدایە، ئەو كەسەیشی پابەندی رێكی خواردنی دەرمان نییە، بەردەوام ماندووە و ئارەزووی خەوتن دەكات، هاوكات زیادەڕۆیی لە ژەمی دەرمان دەبێتە هۆی لەرزینی جەستە، گرژبوون، تێكچوونی توانای زانین و تەنانەت ڕەنگە ببێتە هۆی كۆما.
ئاماژەی بەوە دا كە مەترسییەكانی زێدەڕۆیی لە دەرمان لە دەرمانێكەوە بۆ دەرمانێكی تر جیاوازە، هەندێك دەرمان تەنیا مەترسیی بچووك دروست دەكەن، هەندێكی تر مەترسییەكی بەرچاویان لێ دەكەوێتەوە.
مەترسییەكانی زیادەڕۆیی لە ژەمی دەرمان
هەندێك كەس لە كاتی خواردنی دەرمانەكاندا هەڵەی رژد دەكەن، ژەمە دەرمانەكان زیاتر لەو ژەمە دەرمانانە دەخۆن كە پزیشكەكەیان بۆیانی دیاری كردووە، ئەمەش مەترسی تەندروستی زۆریان لەسەرە.
ئەو پسپۆڕە وا روونی كردەوە كە زێدەڕۆیی لە ژەمی دەرمان، دەبێتە هۆی لەكاركەوتنی جگەر و لەكاركەوتنی گورچیلە و هەوكردنی پەنكریاس، بەتایبەت ئەگەر هەندێك دەرمان بۆ ماوەیەكی زۆر بخورێت، وەك كاتێك تەنگەنەفەسی و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ ڕوو دەدات، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر خانەكانی مێشك دەبێت و دەبێتە هۆی ئاڵۆزییەكانی دەمار.
نەخۆشی سیرۆتۆنین
زۆرجار نەخۆشی سیرۆتۆنین لە كاتی خواردنی ئەو دەرمانانەدا ڕوو دەدات كە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی سیرۆتۆنین لە جەستەدا، بەگوێرەی قسەی ئەو پسپۆڕە زێدەڕۆیی لە بەكارهێنانی دەرمانەكانی "خەمۆكی و شەقیقە و هەندێك دەرمانی ئازارشكێن و دەرمانی دژە ترش". هۆكارە بۆ دروستبوونی ئەو نەخۆشییە.
چارەسەركردنی زیادەڕۆیی لە دەرمان:
كاریگەرییە نەرێنییەكانی خواردنی دەرمانی زیاتر لە ژەمە دەرمانی دیاریكراو زۆرن و نابێت بە كەم سەیر بكرێت. د. محەمەد میرزا دەڵێت، باشتر وایە بە خێرایی بچیتە نەخۆشخانە لە ئەگەری زیادەڕۆیی لە هەر دەرمانێك.
بژاردەكانی چارەسەركردن بریتین لە:
پاككردنەوەی بۆڕیی هەناسە: ئەمەش بە دانانی بۆری هەناسەدان ئەنجام دەدرێت ئەگەر كێشەی هەناسەدان هەبوو.
خواردنی حەبی خەڵووزی وردكراو: خەڵووز یارمەتی هەڵمژینی دەرمان دەدات لە كۆئەندامی هەرس و مەترسییەكانی كەم دەكاتەوە.
بەكارهێنانی شلەی ناو خوێنبەر: ئەمەش یارمەتیی خێراكردنی لابردنی مادە مەترسیدارەكان دەدات لە جەستەدا.
هاندانی ڕشانەوە: ڕشانەوە یارمەتیی جەستە دەدات لە ژەمە زیادەكانی دەرمان و مەترسییەكانی پێوەست بەوەوە. پزیشك دەتوانێت هەندێك ڕێكار پێڕەو بكات بۆ یارمەتیدانی هاندانی ڕشانەوە.
ئەو كەسانەی مەترسیی زۆریان لەسەرە بۆ زێدەڕۆیی لە ژەمی دەرمان
بۆ ئەوەی مەترسییەكانی خواردنی دەرمان زیاتر لە ژەمی دیاریكراو نەبێت، پێویستە هەندێك ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگیرێتەبەر، چونكە ئەگەری زیادەڕۆیی لە ژەمە دەرمانەكان لە هەندێك لەم گرووپانەی خوارەوەدا زیاترە:
منداڵان: منداڵان بەزەحمەت لە ژەمە دەرمانی گونجاو و مەترسییەكانی زیادەڕۆیی لە ژەمە دەرمانەكە تێدەگەن. بۆ خۆپاراستن لەم كارە باشترە دەرمانەكان لە دووریی دەستی منداڵان بهێڵرێتەوە.
نەخۆشانی دەروونی: لەوانەیە نەخۆشانی دەروونی ئاگاداری ژەمی وردی دەرمانەكانیان نەبن و لەوانەیە ژەمە دەرمانەكەیان زیادەڕەوی بكەن. بۆیە دەبێت كەسێكی تر بەرپرسیار بێت لە پێدانی دەرمانەكە لە كاتی خۆیدا و دواتر شاردنەوەی بۆ بەكارهێنانی دواتر.
نەخۆشە بەساڵاچووەكان: بەتایبەت ئەوانەی كە نەخۆشیی بیرچوونەوە و لەبیرچوونەوە و نەخۆشیی زەهایمەریان هەیە، لەوانەیە لەبیریان نەبێت دەرمانەكانیان بخۆن. بۆیە پێویستە دەرمانەكان لێیان دوور بخرێنەوە بۆ ئەوەی ژەمە دەرمانی زیادەڕۆیی لێ نەكرێت.