راپۆرتێك: ئیسرائیل دەیویست لە شەڕی حوزەیران چی بەسەر ئێران بێنێت؟

:: PM:06:53:15/09/2025 ‌

ئیسرائیل لە 13ی حوزەیرانی رابردوو گەورەترین گورزی سەربازی لە ئێران دا و لە ماوەی 12 رۆژ دەیان فەرماندەی سوپای پاسداران و زانا و شارەزای ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی لەناو برد، هاوكات دەیان ئامانجی ستراتیجی لەوانە وێستگە ئەتۆمییەكانی وێران كرد، راپۆرتێك ئاشكرای دەكات كە لەناوبردنی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران و رووخانی رژێمی دەسەڵات لەو وڵاتە ئامانجێكی ئیسرائیل بووە.

راپۆرتەكە باسی كۆبوونەوەیەكی فەرماندە تەناهییەكانی ئیسرائیل دەكات لە شەوی هێرشەكە و بەر لە شەڕە 12 رۆژییەكەی حوزەیرانی رابردوو، بەشێك لە گفتوگۆ تەناهییەكان لەبارەی شەڕەكە و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پەرەسەندنەكان باس دەكات، هەریەك لە رۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل" و كەناڵی 13ی ئیسرائیلی چەند كورتەیەك لە راپۆرتەكە باس دەكەن كە بڕیارە لە داهاتوو بە تەواوەتی بڵاو بكرێتەوە، باسی ئەوە دەكەن كە هۆكاری هێرشەكە مەترسییەكی گەورەی ئیسرائیل بووە لە بوونی ئێران بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بە قەبارەی هەشت بۆ نۆ بۆمبی ئەتۆمی، كە لە ماوەیەكی نزیك دروستكردنی تەواو دەبوو و دەیتوانی ئیسرائیل لەناو ببات.

راپۆرتەكە رووناكی دەخاتە سەتر پاڵنەری هێرشەكە بۆ رێخۆشكردن بۆ هاتنی ئەمەریكا بۆ ناوی و لەناوبردنی وێستگەی فۆردۆ لەژێر زەوی و هەوڵدان بۆ كوشتنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران و شێواندنی سەقامگیری و دەسەڵات لە تاران و ناچاركردنی خەڵكی تاران بۆ هەڵاتن. لە 12ی حوزەیران حكوومەتی شەڕی ئیسرائیل لە شوێنێكی پارێزراو لە بەرزاییەكانی قودس كۆبوونەوەیەكی نهێنی كرد و بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل گوتی، لە ساتێكی مێژوویداین بۆ وەرگرتنی بڕیارێكی یەكلاكەرەوە، ئەگەر نەیانوەستێنین، لە ماوەی چەند ساڵێكی تر دەبنە خاوەنی دەیان هەزار كیلۆگرام لە تەقەمەنیی ئەتۆمی، ئێران بە كردەنی دەستی بە پیتاندنی یۆرانیۆم تا ئاستی بەرهەمهێنانی هەشت بۆ نۆ بۆمبی ئەتۆمی كردووە، ئێستە خەریكن دەیكەن بە چەك و ئەگەر جموجۆڵ نەكەین، لێرە نامێنین، بۆیە گورزێكی بەهێز لە سەركردایەتی و كۆنترۆڵیان دەدەین و گەورەزانایان و ئەندامی تریشیان لەناو دەبەین.

زیاتر گوتی، ئەوان لەوە نیزك دەبنەوە ببنە دووەم گەورە هێزی خاوەن مووشەكی بالیستی، بۆیە دوای بۆردمانكردنی هەندێك لە پێگە و زانایانیان، گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لە دۆخێكی جیاواز دەكرێت، لە ماوەی چەند مانگی رابردوو گفتوگۆیەكی درێژمان لەوبارەوە كردووە، بەرپرسێكی باڵای سەربازی كە ناوی ئاشكرا نەكراوە گوتی، ئامانجێكی هێرشەكە دروستكردنی دۆخێكە ئێران نەتوانێت تا ماوەیەكی دوورودرێژ ببێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی، جیا لە باشتركردنی هاوسەنگیی ستراتیجیی هێز بۆ ئیسرائیل، ئەوە جیا لە لەناوبردنی وێستگەی نەتەنزی ئەتۆمی و كردنەئامانجی بەرپرسانی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران و شوێنی گۆڕینی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ كڕۆكی بۆمبە ئەتۆمییەكە.

بەرپرسەكە لە كۆبوونەوەكە گوتی، لە تاران چەندان جۆر ئامانج دەپێكین، بەڵام گریمان هەیە لە كۆتایی هێرشەكە ئێران هەر خاوەنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بمێنێت و لە رۆژانی سەرەتای هێرشەكەش سەتان مووشەك بە ئاراستەی ئیسرائیل باوێن، دەتوانن دەیان ئامانج لە ئیسرائیل بپێكن، شەڕەكەش لە كۆتایی پێویستی بە چارەسەری دیپلۆماسییە.

ئەگەرچی ئیسرائیل لە سەرەتای هێرشەكە و لە كاتی جێبەجێكردن و دواشی باسی ئەوەی نەكرد كە مەبەستی شێواندنی دۆخی ئەو وڵاتە و رووخاندنی رژێَمی دەسەڵاتەكەیەتی، بەڵام راپۆرتەكان باسی ئەوەیان كرد كە مەبەستی ئیسرائیل ئەوانە تا ئاستی هەوڵی لەناوبردنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای ئێران بووە، وەك بتسئیل سموتریش وەزیری دارایی ئیسرائیل گوتی، ئیسرائیل پێویستی بەوەیە بە دوای رابەری ئەو وڵاتە بگەڕێت، كە دوای ئەوە ئیسرائیل كاتس وەزیری بەرگری رای گەیاند كە تەلئەبیب هەولی كوشتنی داوە، بەڵام هەلی بۆ نەرەخسا. 

نەتنیاهۆ گوتوویەتی، ئامانجی سەرەكی لێدانی دامەزراوەی فۆردۆ و دروستكردنی ترسێكی گەورەیە لای تاران، ئامانجی لەپێشینە سووتاندنی ئەمبارەكانی سووتەمەنییە لە تاران و كوشتنی ئەو بەرپرسانەیە لە شوێنی بەرپرسە كوژراوەكان دانراون، هەرەها كاركردن بۆ لەناوبردنی خامەنیی، پێویستە چەندان ناوچەی تاران بە تەواوەتی چۆڵ بكرێن و ئیسرائیل كار لەسەر شێواندنی سەقامگیریی رژێمی فەرمانڕەوایەتیی ئەو وڵاتە بكات، كردنەئامانجی فۆرۆ دەبێتە دەستكەوتێكی دووسەرە، لەناوبردنی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران و لە حاڵەتی وەڵامدانەوەی خامنەییش بۆ هێرشەكەی ئەمەریكا، كۆتاهاتنی رژێمەیەكەیتی، بۆیە بۆردمانكردنی فۆردۆ شەڕەكە زوو كۆتایی پێ دێنێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل