حكوومەتی هەرێمی كوردستان رژدە لەسەر ئەوەی هیچ لەمپەرێك لە بەردەم مووچەی فەرمانبەرانی نەمێنێت،بۆیە بەردەوام لە گفتوگۆدایە، دوێنێ كێشەی نەوت چارەسەر كرا، بەپێی زانیارییەكانیش ئەمڕۆ كێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەر دەكرێت.
دوای چەندان كۆبوونەوە و مشتومڕی درێژ و هەوڵی رژدی هەرێم بۆ چارەسەری كێشەكان، دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕێككەوتنی نەوتی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵ و كۆمپانیا بەرهەمهێنرەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان پەسند كرد.
بە پەسندكردنی ڕێككەوتنی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا، كۆمپانیا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، لەمپەرێكی تری بەردەم ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان چارەسەر كرا، ئەوەی دەمێنێتەوە پرسی داهاتە نانەوتییەكانە، ئەویش بڕیار وایە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت وەڵامی حكوومەت بداتەوە.
لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، دوو بڕیار لەبارەی میكانیزمی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا بەرهەمهێنرەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراو دراون:
یەكەم: كرێی دەرهێنانی نەوت كە بە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێكی نەوت دیاری كراوە، لەبری ئەوەی بە پارەی كاش بە كۆمپانیاكان بدرێت، لە بەرانبەردا نەوتی خاویان پێ دەدرێت و كۆمپانیاكان خۆیان نەوتەكە لە بازاڕەكاندا ساغ دەكەنەوە.
دووەم: ڕێككەوتنەكە بۆ لیژنەی ڕاوێژكاری وەزارەتی نەوتی عێراق بەرز دەكرێتەوە و لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا، لیژنەكە ڕاپۆرتی خۆی لەسەر دەدات و دوای ئەوەی ڕێككەوتنەكە دەچێتە باری جێبەجێكردنەوە.
لەمبارەیەوە شوان كەلاری پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق رای گەیاند، هیچ كێشەیەك لەسەر نەوت نەماوە و هەردوولا ئەو پرسەیان كۆتایی پێ هێنا، ئەوەی ماوە تەنیا رای ئەنجوومەنی دەوڵەتە لەسەر داهاتی نانەوتی، ئەویش ئەمڕۆ چوارشەم 17ی ئەیلوول وەڵام دەداتەوە.
شوان كەلاری بۆ "وشە" گوتی، جیاوازسی هەرێم و بەغدا لەسەر داهاتی نانەوتی زۆر نییە و باوەڕ دەكەم ئەم هەفتەیە هیچ لەمپەرێك لە بەردەم مووچە نەمێنێت، چاوەڕێ دەكەین دۆخی مووچە لە هەرێمی كوردستان ئاسایی بێتەوە و ئیتر ئەو كێشەیە بەتەواوی تێپەڕێنین.
لەگەڵ وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت، دەبێت ئەنجوومەنی وەزیران بەفەرمی هەفتەی داهاتوو بڕیاری ناردنی مووچەی مانگی حەوت بدات و دواتریش سەرجەم مووچەكان تا كۆتایی ساڵ خەرج بكات.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، حكوومەتی هەرێم هەموو هەوڵی ئەوەیە ئەمساڵ هیچ مووچەیەكی مووچەخۆرانی نەفەوتێت و دەیەوێت دۆخی مووچە ئاسایی بێتەوە و كێشەی مووچە بەتەواوی چارەسەر بكرێت، بۆ ئەمەش چەندان شاندی ناردە بەغدا و چەندان جاریش گفتوگۆی رژدی دەست پێ كرد.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لیستی مووچەی مانگی نۆ بۆ بەغدا بنێرێ و پێشتریش لیستی مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت نێردراوە.