ئەنەكەسە: بەبێ پەیەدە هیچ گفتوگۆیەك لەگەڵ حكوومەتی كاتیی سووریا ناكەین

:: AM:09:15:17/09/2025 ‌
ئەنەكەسە لەبەر خاتری یەكڕیزیی ناوماڵی كورد لە كوردستانی رۆژئاوا، هیچ شاندێكی بۆ گفتوگۆ ناچێتە دیمەشق، بڕیاربەدەستانی ئەو هێزەش دەڵێن، چاوەڕێین شاندی هاوبەشی ئەنەكەسە و پەیەدە بچنە دیمەشق.

گفتوگۆكانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ حكوومەتی كاتیی سووریا بەتەواوی وەستاون، رۆژانەش لە هەندێك ناوچە پێكدادان هەیە، بەڵام چاوەڕێی شەڕێكی سەرانسەری لە نێوانیاندا ناكرێت و ئەگەری گفتوگۆ زیاترە تا شەڕ.

بڕیار بوو لە مانگی پێشوو بەرپرسانی رۆژئاوای كوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی كاتی سووریا لە پاریس بەچاودێری فڕەنسا كۆ ببنەوە، بەڵام دوای كۆنگرەكەی حەسەكە، حكوومەتی سووریا هەموو گفتوگۆكانی هەڵسپارد.

هاوكات حكوومەتی سووریا ویستی لایەنی تری كوردی بێنێتە ئارا و بەمەش دووبەرەكی لە رۆژئاوای كوردستان دروست بكات، بۆیە پێوەندیی بە ئەنەكەسەوە وەك لایەنێكی گەورەی كوردستانی رۆژئاوا كرد، بەڵام ئەنەكەسە دەرفەتی بەحكوومەتی سووریا نەدا كە دووبەرەكی لە نێَوان هێزە كوردییەكان دروست بكات.

سەرچاوەیەكی باڵا لە سەركردایەتیی ئەنەكەسە، بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە ئەگەر بچووینایەتە دیمەشق بەبێ پرس و رای هاوڕێیانی پەیەدە نەدەچووین، بەڵام كە زانیمان مەبەستەكەی سووریا باش نییە، ئەو دەرفەتەمان نەدا ئامانجی خۆیان بپێكن و دووبەرەكی لە كوردستانی رۆژئاوا دروست بكەن.

ئەو بەرپرسە گوتیشی، بڕیاری ئەنەكەسە ئەوەیە شاندی هاوبەشی هەردوولا بۆ گفتوگۆ بچنە دیمەشق، بەڵام هێشتا دیار نییە گفتوگۆكان چۆن دەبن.

ئەم بڕیارەی ئەنەكەسە دوای ئەو قسەیەی سەرۆك بارزانی هات كە گوتی، ئێمە لەگەڵ پەیەدەش جیاواز بین، بەڵام لە پشتیانین و رێگە نادەین كەس هێرشیان بكاتە سەر، ئەگەریش هێرشیان بكرێتە سەر، خۆم و پێشمەرگە دەچینە رۆژئاوای كوردستان بەرگری دەكەین.

ئەمەریكا داوای كردووە گفتوگۆكانی رۆژئاوای كوردستان و دیمەشق دەست پێ بكاتەوە، پێشنیاری كردووە یان لە ئوردن یان لە هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەن، بەڵام هێشتا حكوومەتی كاتیی سووریا هیچ بڕیارێكی لەبارەی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان نەداوە.
 



وشە - سۆران عەزیز