جیا لەو هەموو پڕۆژەی تری رێگەوبان و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان كە وەك شۆڕشی نوێ لەسەر دەستی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەستی پێ كرد، دوو پڕۆژەی تری باڵا، كوردستانی بردە قۆناغێكی تر و نەیارانیشی دەمكوت كرد.
پڕۆژەی هەژماری من
هەژماری من، پڕۆژەیەكی نایابی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، پڕۆژەكە لە سەرەتاوە لە بەردەم ئاڵنگارییەكی زۆردا بوو، بەڵام دواتر سوودەكانی گەیشتە فەرمانبەرانی كوردستان و تێگەیشتن بۆ ئەوە دروست بووە كە پڕۆژەکە وەك فریادڕەسی مووچەخۆران وایە.
ئێستە سوودمەندانی هەژماری من، 900,000 مووچەخۆری تێپەڕاندووە لە سەرجەم شار و پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان.
هەنگاو بە هەنگاو نزیك دەبێتەوە لە گشتگیریی دارایی، خزمەتگوزاریی دارایی مۆدێرن و دروستكردنی هەژماری بانكیی تایبەت و كەسی بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی كوردستان.
پڕۆژەی رووناكی
خەونی لەمێژینەی خەڵكی كوردستان كارەبای 24 سەعاتی بوو، خەونێك كە ئەگەر مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان نەبوایە هەرگیز نەدەهاتە دی، بەڵام ئێستە بەهۆی ئەو پڕۆژەیەوە پارێزگاكانی كوردستان بوونە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی و بە نرخێكی كەمتر و لە ژینگەیەكی پاكتردا بەدیار رووناكییەكانەوە دادەنیشن.
قۆناغێكی نوێ
كوردستان جیا لەوەی رێگەوبان هەنگاوی گەورەی بڕی و كێشەی ئاوی هەولێر و دەیان كێشەی تر لە كورستان چارەسەر كرا، ئێستە چووەتە قۆناغێكی نوێ.
چاكسازیی گشتی و گەیاندنی پڕۆژەكانی حكوومەت بە تاك بە تاكی هاووڵاتییانی كوردستان نەك لە ناوخۆ، بەڵكو لە ئاستی دەرەوەیش دەنگدانەوەی هەبووە، ئێستە هەر شاندێكی بیانی سەردانی كوردستان دەكەن، دڵخۆشن كوردستان وا گەشەی كردووە و سیستمی بانكی لە ڕێی هەژماری من و كارەبای 24 سەعاتی لە ڕێی پڕۆژەی رووناكی دابین كراوە.
دەمكوت كردنی نەیاران
ئەگەر لە رابردوودا، نەبوونی خزمەتگوزاریی گشتی لە كوردستان رەخنەی نەیار و گرووپە جۆراوجۆرەكانی ناوخۆ بووبێت، ئەوا ئێستە تەنیا بەو دوو پڕۆژەیە دەمكوت دەكرێن.
جیا لەوەیش، ئەوانەی لەلایەن میلیشیاوە ئاراستە دەكران، ئێستە بێدەنگترینن، چونكە بۆیان دەركەوتووە ئەو خزمەتگوزارییەی لە كوردستان هەیە تا 20 ساڵی تریش میلیشیاكان ناتوانن بۆ ناوچەكانی خۆیان دابینی بكەن.
حەسیبە گەردی، ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە" گوتی، خەڵكی كوردستان باش تێگەیشتووە كە ئێستە كێ خزمەتی كردووە و دەكات، هەروەها هەموو پڕۆژەكانی حكوومەت خراونەتە خزمەتییەوە، بۆیە بەلایەوە گرنگ نییە كێ بۆڵەبۆڵی بێ سوود دەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد، ئەگەر لە رابردوودا نەیارانی حكوومەت و ئەوانەی ئاراستە دەكران قسەیان كردبێت، ئێستە بە تەواوی دەمكوت كراون، چونكە هەرچی كارئاسانییە حكوومەت بۆ خەڵكی كردووە.
بە بۆچوونی ئەو، مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی وەك سەرۆك وەزیران، هاوشێوەی فریادڕەسی خەڵكی كوردستان دەبینرێ، مێژوو وەك پاڵەوانی شۆڕشەكانی ئاوەدانی باسی دەكات.