جیا لەو پڕۆژانەی لە ماوەی رابردوودا، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پێشكەشی سلێمانی كردووە، بەڵام لە ماوەی تەنیا 24 سەعاتدا هەریەك لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، دوو خزمەتیان پێشكەش بە سلێمانی كرد كە شارەكەی لە دوو تەنگژەدا رزگار كرد.
سلێمانی و پارتی دووانەی لێكدانەبڕاون و لەم حكوومەتەیدا زۆرتریش خزمەت پێشكەش بە شارەكە كراوە كە لە مێژووی حوكمڕانیدا بوونی نەبووە، نزیكترین نموونەیش پێنجشەمی رابردوو مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بڕیاری دا كێشەی ئاو لە شارەكەدا چارەسەر بكات كە چەندان ساڵە بە دەستیەوە دەناڵێنن.
بە بڕیاری مەسروور بارزانی پڕۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی سێ، بە گوژمەی 423 ملیۆن و 890 دۆلار جێبەجێ دەكرێت،-ئەم پڕۆژەیە بۆ ماوەی 30 ساڵی تر كێشەی كەمئاوی لە سلێمانی چارەسەر دەكات.
هەروەها بڕیارە سبەی یەكشەم لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، گرێبەستی (پڕۆژەی ئاوی دوكان- سلێمانی سێ) لە نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆمپانیای جێبەجێكار واژوو بكرێت.
یەكێكی تر لەو كێشە گەورانەی كە چەندان ساڵە سلێمانی بە دەستیەوە دەناڵێ، داخرانی فڕۆكەخانەكەی بوو، ئەویش لەسەر دەستی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان چارەسەر كرا.
رۆژی پێنجشەمی رابردوو، دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای كرد ئابڵۆقەی سەر فڕۆكەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێت و ئەردۆغانیش راستەوخۆ داواكارییەكەی جێبەجێ كرد.
ئەو هەنگاوانەی بەرپرسانی پارتی، سلێمانی دەخاتەوە سەر رێچكەی خزمەت و دەیسەلمێنێ كە بۆ خزمەتكردن، سلێمانی و هیچ شارێكی تر لای پارتی جیاوازی نییە.
شوكری بەلیتی چاودێری سیاسی، بۆ "وشە" گوتی، كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بەو عەقڵییەتەی دژایەتیی پارتی بێت لە سلێمانی، لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی شارەكە پاداشتی ئەو خزمەتانەی پارتی بداتەوە.
ڕوونیشی كردەوە كە ئێستە هەموو شتێك روونە و خەڵك بە چاوی خۆی شتەكان دەبینێ، بۆیە پێشبینی دەكرێت كە دەنگی پارتی بەشێوەیەكی بەرچاو لەو شارەدا بەرز بێتەوە، لەگەڵ ئەوەی حكوومەت و سەرۆكی هەرێمیش بە مەبەستی بانگەشە ئەو كارانەیان نەكردووە و پێشتریش بەردەوام لە خزمەتی شارەكەدا بوون.
ئەو چاودێرە سەرسوڕمانی خۆی پێشاندا كە لە ماوەی 24 سەعاتدا، دوو خزمەتی گەورە پێشكەش بە شارەكە كراوە، هیوای خواست كە لایەنەكانی تریش لە چوارچێوەی دروشم بێنە دەرەوە و بكەونە كردار.