دەقی گوتارەكەی.. مەسروور بارزانی: شوێنێك ئامادە دەكەین بۆ هەموو بەهرە و توانای گەنجەكانمان

:: PM:03:47:15/10/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئەمڕۆ لە هەولێر بەردی بناغەی پاركی زانستی دانا و لە گوتارێكدا رای گەیاند، " هیوادارم ئەم شوێنە، ڕۆڵێكی گرنگ و كارا لە پێشخستنی ژێرخانی زانستیی هەرێمی كوردستاندا بگێڕێت و یارمەتیمان بدات بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەمان لە هەموو بوارەكاندا".

هەروەها گوتی، ئەم پڕۆژەیە راستە حكوومەت پشتیوان دەبێ و زەویی بۆ تەرخان كردووە، بەڵام لەلایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێ و ئەنجامەكانی لە ئەنجامدا بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.

دەقی گوتارەكەی مەسروور بارزانی:
بە ناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەخێرهاتنێكی گەرمی هەموو لایەكتان دەكەم و خۆشحاڵم كە لەگەڵتانم ئەمڕۆش بۆ دانانی بەردی بناخەی پرۆژەیەكی تری گرنگ كە بكەوێتە خزمەتی هاووڵاتیانی خۆشەویست لە هەرێمی كوردستاندا.

سێ ساڵ لەمەوبەر، كاتێك (ئەنیستیتیوتی داهێنان و نوێگەریی كوردستان KII)مان، وەك دامەزراوەیەكی تایبەت بۆ نوێگەریی و داهێنان لە كوردستاندا ڕاگەیاند، بەڵێنمان دا كە پاركێكی تایبەت بە زانست دروست بكەین كە بەشێك بێت لەم ئەنیستیتیوتە، بۆ ئەوەی ئاسانكاری بۆ داهێنەران بكەین و تاقیگە و كارگەی جۆراوجۆریان بخەینە بەردەست تا بتوانن بیرۆكە و توێژینەوەكانیان بە شێوەیەكی كرداری لە بوارە جیاوازەكاندا تاقی بكەنەوە و بە ئەنجامیان بگەیەنن.

ئەمڕۆ خۆشبەختانە بەردی بناخەی ئەو پاركە دادەنێین و ئومێدمان زۆرە ببێتە ناوەند و مەڵبەندێكی گرنگیی زانستی و ئەكادیمی بۆ كۆكردنەوەی داهێنەران و بەهرەمەندان و پسپۆڕان نەك تەنیا لە كوردستان، بەڵكوو لە هەموو ناوچەكەدا.

هیوادارم ئەم شوێنە، ڕۆڵێكی گرنگ و كارا لە پێشخستنی ژێرخانی زانستیی هەرێمی كوردستاندا بگێڕێت و یارمەتیمان بدات بۆ گەشەپێدانی ئابووریی وڵاتەكەمان لە هەموو بوارەكاندا و هەروەها ببێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتی جۆراوجۆری كاركردن بۆ گەنجەكانمان لە هەموو كەرتەكاندا.


ئێمە گەنجی بەهرەمەندمان زۆرن، چ لە كوردستان بن یان لە دەرەوە، بەڵام ڕەنگە بەهۆی نەبوونی دەرفەتی گونجاو و شوێنی تایبەتمەند بە پەرەپێدانی توانا و بەهرەكانیان، نەتوانراوە وەكوو پێویست، سوود لە بیرۆكە و داهێنانەكانیان وەربگیرێت. بۆیە داوا لە كەسانی بەهرەمەند و داهێنەر لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لە ڕێگەی ئەم پاركەوە، پەرە بە بیرۆكە و توێژینەوەكانیان بدەن و بیكەن بە ناوەندێكی گرنگیی داهێنان.

وتەیەكی باو هەیە دەڵێ (پێداویستی دایكی داهێنانە Necessity is the Mother of Invention) كە بووەتە بنەما بۆ زۆر داهێنانی گەورە كە گۆڕانكاریی مەزنیان لە ژیانی ڕۆژانەی ئێمەدا دروست كردووە. تەنانەت لە ساڵانی ڕابردووش، لە كۆمەڵگەی ئێمەشدا، زۆر داهێنان كراون بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانیان. بۆیە تا مرۆڤایەتی هەبێت، داهێنان بەردەوام دەبێت، بە تایبەتی كە ئەمڕۆ ئێمە لە سەردەمی شۆڕشی تەكنەلۆجیا و زیرەكیی دەستكرد دەژین و شەپۆلێكی خێرا و گەورەی گۆڕانكاریی و پێشكەوتنەكان، لە هەموو بوارەكاندا ژیانی ئێمەیان داگیر كردووە. بەڵام بێگومان هەموو بیرۆكەیەكی داهێنان، پێویستی بە ژینگەیەكی لەبار و پشتیوانیی هەیە بۆ ئەوەی بە ئەنجام بگات و زیاتر گەشە بكات و بكەوێتە خزمەتی خەڵك. لەم ڕووەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ داهێنان و كاری نوێگەریی و پەرەپێدانی كاروباری زانستی و پشتگیریكردنی زانایان و داهێنەرانی كوردستان دووپات دەكاتەوە.

من سوپاسی كۆمپانیای (بین گارد)ی سویدی دەكەم كە ئەوان هەر لە سەرەتاوە كە داوامان لێكردن بێن یارمەتیمان بدەن بۆ دیزایینكردنی باڵاخانە و دروستكردنی ئەم پاركە، هاتن و زۆر خۆیان ماندوو كرد تاكوو گەیشتین بە ئئەنجامی ئەم دیزایینەی كە دەیبینن و بە شێوەیەكی زۆر جوان و سەردەمییانە ئامادە كراوە، سوپاسیان دەكەم و دەستخۆشییان لێ دەكەم.

لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بە خاڵێكی گرنگ بدەم كە ئەم پرۆژەیە راستە حكومەت پشتیوان دەبێ و زەوی بۆ تەرخان كردووە، بەڵام لە لایەن كەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەكرێ و ئەنجامەكانی لە ئەنجامدا بۆ هەموو خەڵكی كوردستان دەبێت.

بیرۆكەی دروستكردنی پاركی زانست بۆ ئەوە بووە كە ئێمە شوێنێك ئامادە بكەین بۆ ئەو هەموو بەهرە و توانایەی كە لە گەنجەكانی ئێمەدا هەبووە، بەڵام زۆرجار جێگە و ئیمكانیاتی پێویست نەبووە كە بیرۆكەی خۆیان بكەن بە راستی و بیكەن بە پرۆژە. هەندێكجار خەڵكی سەركەوتوومان هەبووە بەڵام روویان لە هەندەران كردووە تاكوو ئەو پێداویستیانەی كە بەدوایاندا دەگەڕان، ئەو ئیمكانیاتانەی بەدوایاندا دەگەڕان، بتوانن لە دەرەوە بۆ خۆیان دابین بكەن و بیرۆكەكانیان بكەن بە راستی.

ئێمە دەمانەوێ كوردستان ببێتە ئەو شوێنەی كە گەنجەكانمان هەر لێرە بتوانن بیرۆكەكانی خۆیان بكەن بە پرۆژە، ئەمە ئەو بەڵێنەیە كە پێشتریش بە گەنجەكانمان داوە و ئێستا دەبێتە حەقیقەت.

وەبەرهێنانی زۆرمان كردووە لە كەرتی كشتوكاڵ، لە ڕێگەوبان، لە گەشتوگوزار، لە هەموو روویەكەوە، ئەمجارە وەبەرهێنان لە هزر و بیری گەنجەكان دەكرێت كە گەورەترین سەرمایەی وڵاتەكەمانە و ئومێدێكی یەكجار زۆرم هەیە كە ئەم پرۆژەیە دەبێتە پرۆژەیەكی زۆر گەورە بۆ خزمەتكردن و پێشخستنی كوردستان و گەنجەكانیشمان زیاتر دەتوانن سوودمەند بن لەو خزمەتگوزارییانەی كە دەخرێتە بەردەستیان.

جارێكی تر سوپاسی ئامادەبوونی هەموو لایەكتان دەكەم، سوپاسی ئەو ئەندازیارە بەڕێزانە دەكەم كە ئەم پرۆژەیەیان ئامادە كردووە و تەمەننای سەركەوتن بۆ هەموو لایەكتان دەخوازم، هیوادارم كوردستان رۆژ بە رۆژ لە گەشەكردن و سەركەوتندا بێت.

زۆر سوپاس.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم