هێرشەكانی توركیا بۆ سەر باشووری كوردستان بەتەواوی وەستاون

:: AM:08:43:16/10/2025 ‌
رێكخراوی "سی پی تی" ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، لە مانگی رابردوودا توركیا هیچ هێرش و بۆردمانێكی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجام نەداوە كە بە نزیكەیی لە 10 ساڵی رابردوودا شتی وا ڕووی نەداوە.

بەهۆی دەستپێكردنی پرۆسەی ئاشتی و وەستاندنی چالاكییەكانی پەكەكە، توركیا لە مانگی ئەیلوولدا هیچ هێرش و پەلامارێكی سەربازیی لە سنووری باشووری كوردستان ئەنجام نەداوە.

ئاشتی توانیویەتی زاڵ بێت بەسەر تفەنگ و هەردوو هێزی شەڕكەری پەكەكە و توركیاش، لە هێرشەكانیان بۆ سەر یەكتر لە باشووری كوردستان وەستاون.

رێكخراوی "سی پی تی" ئەمەریكی راپۆرتێكی لەسەر پرۆسەی ئاشتی و بەردەوامی جووڵەی سەربازی توركیا لە هەرێمی كوردستان بڵاو كردووەتەوە.

لە راپۆرتی رێكخراوە ئەمەریكییەكەدا هاتووە، هێرشەكان لە هەرێمی كوردستان وەستێنراون، پرۆسەی ئاشتی بووەتە مایەی راگرتنی تەواوەتی بۆردمان و هێرش و پێكدادانی چەكداری.

ئاماژەیان بەوە كردووە، لە مانگی ئەیلوولدا سوپای توركیا هیچ هێرش و بۆردمانێكی بۆ سەر هەرێمی كوردستان ئەنجام نەداوە، ئەمەش یەكەم جارە لە دوای ساڵی 2015ەوە مانگێك بەبێ هێرش و بۆردمانی سوپای توركیا تێپەڕێت.

بەپێی ئامارەكان، لە دوو مانگی رابردوودا بەهۆی وەستاندنی هێرشەكان، گوندەكانی سنووری لەگەڵ باكوری كوردستان چوونەتەوە سەر ماڵوحاڵیان و حكوومەتی هەرێمیش دەستی ئاوەدانی گەیاندووەتە ئەو گوندانە كە چەندان ساڵ بوو بەهۆی شەڕەوە چۆڵ كرابوون.



وشە - سۆران عەزیز