بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەم سەفا مەشهەدانی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا و كاندیدی هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر لە شارۆكەی تارمییە لە دەوروبەری بەغدا لە رێگەی بۆمبێكی چێنراوەوە بە ئۆتۆمبێلەكەی هاتە كوشتن، قسە و باس و یەكتر تۆمەتباركردن بۆ پەردەپۆشكردنی رووداوەكە دەستی پێ كراوە، بەڵام كێ بەرژەوەندی لە كوشتنی هەبوو؟
كوشتنی مەشهەدان لەو رۆژە بوو كە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا بڕیارێكی دەركرد بە راگرتنی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان لە زەوییە كشتوكاڵییەكان لە دەوروبەری بەغدا، كە زیاتر بە دەستی میلیشیا شیعەكانەوەیە، ئەو بڕیارەی مەشهەدانی بە توندی پاڵپشتیی دەركردنی دەكرد، بەتایبەتی لە شارۆكەی تارمییە، لەوكاتەی ماڵباتی مەشهەدانی پێیان وایە كوشتنی ئەو پێوەندی بە هەڵوێستەكانی لە بەرگریكردن لە زەوییە كشتووكاڵییەكان هەبوو، بەتایبەتی لە تارمییە، كە ساڵانێكە گۆڕانكاریی دیمۆگرافی بەسەر دێت، عەبدولقادر نایل توێژەری سیاسی پێی وایە كوشتنی مەشهەدانی هەرەمەكی نەبووە و پێوەندیی بە هەڵوێستەكانی بەرانبەر بە دەستگرتنی میلیشیاكان بەسەر زەوییە كشتووكاڵییەكانی تارمییە هەبووە.
زیاتر گوتی، مەشهەدانی رابەرایەتی هەوڵێكی زۆری لە ناو ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا كرد بۆ راگرتنی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان و گۆڕینی زەوییە كشتوكاڵییەكان بۆ هوتێل و پڕۆژەی گشتیاری لەسەر رووباری دیجلە، ئەو دەیزانی كە تۆڕی گەورەی دارایی خاوەن باڵی سیاسی و تەناهی لە پشت ئەو كارانەن، چەند لایەنێكی ناوخۆیی نزیك لە سوپای پاسدارانی ئێران و كۆمپانیاكانی سەر بە میلیشیاكان، بەتایبەتی بزووتنەوەی نوجەبا، لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان لە دەوروبەری بەغدا تێوەگلاون.
ئەو توێژەرە ئاشكرای كرد كە هەندێك پەرلەمانتار و سیاسەتوان بانگەشە بۆ دووبارەكردنەوەی هەمان ئەزموونی راماڵینی زەوییە كشتووكاڵییەكانی جەرف سەخر لە شارۆكەی تارمییە دەكەن، بە پاساوی وەبەرهێنان و پەرەپێدان، كەچی ئەوە لە راستیدا بریتییە لە پرۆسەیەكی رێكوپێكی دەركردن و دوورخستنەوەی دانیشتووانی رەسەنی ناوچەكە و گۆڕینی خاكەكەیان بە پڕۆژەی گوماناویی وەبەرهێنان.
دووپاتی كردەوە، بۆیە ئەگەر بتەوێ بكوژ ئاشكرا بكەیت بە دوای سوودمەند لە كارەكە بگەڕێ، مەشهەدانی بە رووی ئەوانە وەستایەوە و كوشتنیشی خزمەت بەوانە دەكات كە ویستیان ئەو دەنگە كپ بكەن، لیژنەكانی لێكۆڵینەوە لە دوای رووداوەكە هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، چونكە ئەوان ناتوانن بچنە شارۆكەی تارمییە كە تاوانەكەی لێ ئەنجام دراوە و دەستكاری شوێنەكە كراوە، بۆیە ئاشكراكردنی راستییەكە ئەگەرێكی دوورە، تا ئەو كاتەی پڕۆژەكەی بە وەستانی دەستگرتن بەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان و داماڵینی چەكی میلیشیاكانی لە شارۆكەكە بڵاون، جێبەجێ نەكرێت.
بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەم بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی سەفا مەشهەدانی، كاندیدی هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر بۆ پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا تەقییەوە و تەنیا خۆی لە ناو ئۆتۆمبێلەكەی لە ناوچەی تارمییە لە دەوروبەری بەغدا كوژرا، سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لێكۆڵینەوەی لە رووداوەكە كرد.
مەشهەدانی، كە كاندیدە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدایە، چەند چالاكییەكی لە بەغدا هەبووە، بەر لە گەڕانەوەی بۆ ناوچەی تارمییە، ئەو بەشداریی لە كۆنگرەیەكی بانگەشەی هەڵبژاردن لە ناوچەی مەنسوور كردووە، لە خوانێكی ئێوارەش لە چێشتخانەی رۆیاڵ گالاكسی لە مەنسوور ئامادە بووە، پێنج سەعات لەوێ ماوەتەوە و لەگەڵ چوار كەسی تر كە پاسەوان و شوفێری بوونە بە ئۆتۆمبێلەكەی لە جۆری تاهۆ، گەڕاوەتەوە تارمییە و لەوێ كوژراوە.
بەپێی سەرچاوەكان بۆمبەكە لە ناوچەی مەنسوور بە ئۆتۆمبێلەكەی نووسێنراوە، لە ناو تارمییە و لە كاتی رۆیشتنی تەقیوەتەوە، هەموو بەرپرسانی تەناهیی لە شارۆكەی تارمییە لە هەواڵگری و پۆلیسی فریاكەوتن و هاتوچۆ خەڵكی ناوچەكەن و بەشێكیان ناسیاوی ئەون، بۆیە گومان بە بوونی دەستتێكەڵكردنی ئەوان و تێوەگلانیان لە رووداوەكە هەیە، لێكۆڵینەوەی سەرەتایی باسی ئەوەی كردووە كە بۆمبەكە لە دوورەوە كۆنترۆڵ كراوە، واتە ئەنجامدەری كارەكە بە دوای ئۆتۆمبێكەی مەشهەدانییەوە بووە.
لەوكاتەی گومانەكان دەچنەوە سەر میلیشیا شیعەكانیش، بە تایبەتی بزاوی نوجەبا، بەهۆی ئەوەی لە گوتارەكانی لە بانگەشە و لە ئەنجوومەنی پارێزگای بەغدا دووپاتی لە چۆڵكردنی ناوچەی تارمییە و گەڕاندنەوەی بۆ خەڵكەكەی كردووە، سەرچاوەكە ئاماژە دەكات كە ئەو لە ناو ئۆتۆمبێلەكە چوار كەسی لەگەڵدا بووە، ئەوان بریندار بوونە و تەنیا خۆی كوژراوە، بۆمبەكە بە كوشنی مەشهەدانی نووسێنراوە و ئەنجامدەرەكە زانیویەتی لە كوێ دادەنیشێت و تەنیا ئەوی كردووەتە ئامانج، بۆیە لە لێكۆڵینەوەكان گومان لە تێوەگلانی كەسانی نزیكی لە رووداوەكە هەیە.
دوای رووداوەكە سەرۆك وەزیرانی عێراق داوای لێكۆڵینەوەی كرد، ئێوارەی دوێنێش شانەی راگەیاندنی تەناهیی عێراق گوتی، تیمێكی هەواڵگری بۆ بەدواداچوون لە رووداوەكە پێك هێنراوە، ئەو پێشتریش هەوڵی كوشتنی دراوە و ئەوكات ئەنجامدەران گیراون.