وا دیاره من و كورتیس یارڤین هاوڕاین: ئیداره‌ی تره‌مپ به باشترین شێوه سوود له ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی وه‌رناگرێت، ڕه‌نگه ببێته هۆی ئه‌وه‌ی حزبه‌كه‌ی له ساڵی ٢٠٢٨دا تووشی شكست بێت. ئه‌وه‌ی من و یارڤین كه لایه‌نگری گه‌وره‌ی پاشایه‌تی ڕه‌هایه له‌سه‌ری جیاوازین، شوێن و هۆكاری كێشه‌كانی ئیداره‌كه‌یه.
من پێم وایه كۆشكی سپی تره‌مپ زۆر به توندی پشت به فۆرمێكی نامرۆڤانه‌ی (پۆست- لیبراڵیزم ده‌به‌ستێت)، به به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاتی قه‌یسه‌رییانه له پێناو خولیا دێرینه‌كانی سه‌رۆك وه‌ك (باجه‌كان!)، له‌بری ئه‌و پرسانه‌ی كه ڕاستییه‌كه‌ی بوونه هۆی هه‌ڵبژاردنی تره‌مپ وه‌ك (هه‌ڵاوسان!)، زۆر به توندی و به‌شێوه‌یه‌كی خولیاگه‌رانه ڕووبه‌ڕووی دوژمنه ناوخۆییه‌كان ده‌بێته‌وه، له كاتێكدا نیگه‌رانییه‌كانی ده‌نگده‌رانی دوودڵ فه‌رامۆش كراون.
یارڤین وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرا، پێی وایه ئیداره‌كه به‌پێی پێویست پۆست- لیبراڵ نییه. له پۆستێكی ئه‌مدواییه‌ی سه‌بستاكدا، ئه‌و ده‌ڵێت كه ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دوژمنی دیاریكراو جێگره‌وه‌یه‌كی خراپه، بۆ نموونه هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به فه‌رمان و تاكه شت كه له‌وه‌ی ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌یكات بێماناتر بێت، جۆرێك له هه‌وڵی نائومێدانه‌یه بۆ حوكمڕانی دابینكردنی بژێوی و ژیان.
له‌به‌رئه‌وه‌ی بیری یارڤین له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه پڕۆژه‌ی ئه‌مەریكی یان ساڵی ١٦٨٨ یان ١٧٨٩ له ڕێڕه‌وی خۆی لای داوه، نه‌ك له ١٩٣٢ یان ١٩٦٤ یان ٢٠١٤، دادپه‌روه‌رانه‌یه بڵێین كه ئه‌و هه‌میشه ناڕازیییه له نیوه چاره‌سه‌ره‌كانی ئه‌و سه‌رۆكانه‌ی پاشایه‌تی ستوارت ناگه‌ڕێننه‌وه (نموونه‌ی به‌ریتانی كۆن وه‌ك وه‌ڵامی قه‌یرانه‌كان).
بۆیه من وا بیر ده‌كه‌مه‌وه كه له‌وانه‌یه شایانی ئه‌وه بێت به‌رگرییه‌ك له حوكمڕانی دابینكردنی بژێوی و ژیان بكه‌م وه‌ك ڕێگه‌یه‌كی پێویست، هه‌رچه‌نده به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌س نییه، بۆ گۆڕانكاریی ئایدیۆلۆجی، به ساده‌كردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته بۆ یاسایه‌كی ساده‌تر: شۆڕشێكی ڕاسته‌قینه ده‌بێت ١٢ ساڵ له ده‌سه‌ڵاتدا بمێنێته‌وه.
12 ساڵ لێره‌دا به واتای سێ خولی سه‌رۆكایه‌تی له‌سه‌ریه‌ك دێت، ژماره‌یه‌ك كه من له‌به‌ر دوو هۆكار هه‌ڵمبژاردووه. یه‌كه‌م، چونكه به ته‌واوی ده‌ستكه‌وتنی ئه‌سته‌م نییه: له ماوه‌ی سه‌ده‌ی ڕابردوودا هه‌مان پارت بۆ ماوه‌ی لانیكه‌م سێ خول كۆشكی سپی به‌ده‌سته‌وه بووه له سێ بۆنه‌دا (١٩٢١-١٩٣٣، ١٩٣٣-١٩٥٣ و ١٩٨١-١٩٩٣) و له چه‌ندان بۆنه‌ی تردا زۆر نزیك بوو له به‌ده‌ستهێنانی (هه‌ڵبژاردنه چاره‌نووسسازه‌كانی ١٩٦٨، ٢٠٠٠ و ٢٠١٦).
دووه‌م، چونكه سه‌ركه‌وتووترین شۆڕشه ئایدیۆلۆجییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، هی ڕۆزڤێڵت و ڕیگان، هه‌ردووكیان سێ خولی بوون. ئه‌مه بۆ لیبراڵیزمی "كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌زن" ڕاست بوو كه سه‌ره‌ڕای هه‌موو هه‌وڵه‌كانی، نه‌یتوانی كۆده‌نگییه‌كی هێنده به‌رده‌وام دابمه‌زرێنێت وه‌ك "ڕێككه‌وتنی نوێ" یان ده‌وڵه‌تێكی خۆشگوزه‌رانی هێنده فراوان وه‌ك ئه‌وانه‌ی ئه‌وروپای ڕۆژئاوا، به‌ڵام له‌وانه‌یه زیاتر پێش بكه‌وتایه ئه‌گه‌ر لیندۆن جۆنسن بیتوانیایه ده‌سه‌ڵات بداته هوبێرت هه‌مفری. هه‌روه‌ها بۆ سه‌رۆكایه‌تیی ئۆباما ڕاست بوو كه وا ده‌رده‌كه‌وت ئاماده‌یه بۆ چه‌سپاندنی هه‌ژموونی كولتووری پێشكه‌وتنخوازان بۆ نه‌وه‌یه‌ك یان زیاتر، به‌ڵام له كۆتاییدا شوێنی بۆ تره‌مپیزم چۆڵ كرد، چونكه هیلاری كلینتن نه‌یتوانی ویلایه‌ته سه‌ره‌كییه‌كانی ڕۆژئاوای ناوه‌ڕاست بپارێزێت. له پێشتریشدا بۆ سه‌رۆكایه‌تیی وودرۆ ویڵسن ڕاست بوو، كه پێشكه‌وتنخوازییه خه‌یاڵییه‌كه‌ی شوێنی بۆ سه‌رده‌مێكی لیبرتاریانیزمی لایه‌نگری بازرگانی چۆڵ كرد، چونكه هیچ میراتگرێكی نه‌بوو.
جیاوازیی نێوان ١٢ و هه‌شت ساڵ له‌وانه‌یه كه‌م دیار بێت: به دڵنیاییه‌وه پێشكه‌وتنخوازی هێشتا ڕووبه‌ڕووی یاخیبوونه پۆپۆلیستییه‌كان ده‌بووه‌وه ئه‌گه‌ر كلینتن له ساڵی ٢٠١٦دا بیبردایه‌وه، به دڵنیاییه‌وه هاوپه‌یمانی لیبراڵ له كۆتاییدا هه‌ر ده‌شكا، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌مفری له ساڵی ١٩٦٨دا سه‌ركه‌وتنێكی به‌ده‌ست بهێنایه.
به‌ڵام چوار ساڵی زیاده‌ی ده‌سه‌ڵات چه‌ندان كاریگه‌ریی گرنگی هه‌یه. یه‌كه‌م، تا ئاستێك به ته‌واوی كاریگه‌ریی نه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر دادگای باڵا مسۆگه‌ر ده‌كه‌ن، كه وا ده‌كات بیرۆكه‌كانت به‌هێزی بمێننه‌وه ته‌نانه‌ت له كاتی شكسته‌كانی هه‌ڵبژاردنی داهاتووشدا. (ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پۆپۆلیزم له ساڵی ٢٠٢٠ ده‌سه‌ڵاتی بگرتایه ده‌ست، شه‌ڕه كولتوورییه‌كانی ٢٠٢٠كان له‌وانه‌یه زۆر جیاواز ده‌بوون له‌گه‌ڵ زۆرینه‌یه‌كی لیبراڵ له دادگای باڵادا.)
دووه‌م، ئه‌وان نه‌یاره‌كانت به‌شێوه‌یه‌كی بنه‌ڕه‌تی ده‌گۆڕن، ناچاریان ده‌كه‌ن قبووڵی بكه‌ن كه شۆڕشه‌كه‌ت ته‌نیا پشت به یه‌ك تاكه‌كه‌سی كاریزماتیك نابه‌ستێت، هانیان ده‌دات بۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ جیهانبینییه‌كه‌ت. (بۆ نموونه، ته‌واوی سه‌رۆكایه‌تی بێڵ كلینتن ببینه.)
سێیه‌م، ئه‌وان كۆمه‌ڵێكی گه‌وره له ده‌نگده‌رانی گه‌نجتر و (گرنگتر) بژارده‌ی گه‌نجتر دروست ده‌كه‌ن كه به زه‌حمه‌ت دنیای پێش سه‌ركه‌وتنی سه‌ره‌تایی تۆیان له‌بیره، گرنگترین پرۆگرام و چاكسازییه‌كانت به شتێكی ئاسایی وه‌رده‌گرن، وه‌ك تایبه‌تمه‌ندییه‌كی هه‌میشه‌یی دیمه‌نه‌كه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن نه‌ك وه‌ك هه‌وڵێكی كێشه‌له‌سه‌ر.
بێگومان هیچ شتێك له سیاسه‌تدا مسۆگه‌ر نییه. ده‌كرێت ماوه‌یه‌كی درێژ له ده‌سه‌ڵاتدا بیت و زۆر كه‌م ئه‌نجام بدرێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه بانگه‌شه‌ی بنیاتنانی ده‌كه‌یت، زیاتر و زیاتر له ده‌ست ده‌ربچێت. (ئه‌مه چیرۆكی "هه‌ژموونی" به‌تاڵی پارتی پارێزگارانه له به‌ریتانیای ٢٠١٠كاندا.) ده‌كرێت سه‌ركه‌وتنی دیار و ئاشكرات هه‌بێت كه به‌هۆی كاره‌ساتێكی گه‌وره‌وه به ته‌واوی له‌ناو بچن. (ئه‌مه چیرۆكی پارتی كۆمارییه له ١٩٢٠كاندا، كه كۆده‌نگییه‌كی لیبرتاریانی لایه‌نگریی بازرگانی بنیات نا كه به‌هۆی قه‌یرانی گه‌وره‌ی ئابوورییه‌وه له‌ناو چوو.)
به‌ڵام كاریگه‌رییه به‌رده‌وامه‌كه‌ی هه‌موو ئه‌و كارانه، پشت به‌و ڕاستییه ده‌به‌ستێت كه ڕۆزڤێڵت له سه‌ره‌تای تاقیكردنه‌وه‌كانیدا زۆر جه‌ماوه‌ری بوو، به‌پێی پێویست جه‌ماوه‌ری مایه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی له دوای هه‌ڵبژاردن بباته‌وه، ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی درێژ كرده‌وه ته‌نانه‌ت له ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی هاری ترومان له ساڵی ١٩٤٨. له كاتێكدا كرده‌وه‌ی بوێرانه كه سه‌ركه‌وتنی سیاسی دواتری لێ نه‌كه‌وێته‌وه، چاره‌نووسی له‌ناوچوونه: ته‌نیا له هه‌موو ئه‌و لایه‌نگرانه‌ی جۆ بایدن بپرسه كه ساڵی یه‌كه‌می سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌یان به به‌راوردكردنی له‌گه‌ڵ لیندۆن جۆنسن و فرانكلین ڕۆزڤێڵت به‌سه‌ر برد.
ئێسته پێم وایه ده‌كرێت كه‌سێك بڵێت كه فرانكلین ڕۆزڤێڵت ته‌نیا له‌به‌ر ده‌ستكاریكردنه دامه‌زراوه‌ییه‌كانی تیمه‌كه‌ی جه‌ماوه‌ری بوو، یان ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه سه‌ركه‌وتوو بوو كه دوژمنه‌كانی چه‌وسانده‌وه، نه‌ك له‌به‌ر بانگه‌وازه‌كانی بۆ حوكمی دابینكردنی بژێوی و ژیان. به‌ڵام ئه‌مه ساده و نائاشنا به مێژوو دیاره. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر پرۆگرامه‌كانی "ڕێككه‌وتنی نوێ" هه‌میشه به باشی كاریان نه‌كردبێت، یان خۆشگوزه‌رانی نوێیان به‌و خێراییه‌ی كه له سه‌ره‌تادا به‌ڵێن درابوو نه‌هێنابێته دی، ڕۆزڤێڵت زۆر باش بوو له قایلكردنی ئه‌مه‌ریكییه‌كان كه ئه‌و گرنگی به هه‌مان ئه‌و پرسانه ده‌دات و ئه‌وان گرنگیی پێ ده‌ده‌ن، ئه‌و به له‌به‌رچاوگرتنی ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌وان كار ده‌كات. ئه‌وه واتای ئه‌وه‌بوو كه ته‌نانه‌ت كاتێك ئیداره‌كه‌ی ڕووبه‌ڕووی دوژمنه‌كانی ده‌بووه‌وه، ئه‌مه‌ریكییه‌كان هێشتا باوه‌ڕیان وابوو كه سه‌رۆكه‌كه‌یان به پله‌ی یه‌كه‌م سه‌رقاڵی شه‌ڕی قه‌یرانی ئابوورییه.
لێره‌دایه كه ئیداره‌ی تره‌مپ به ڕوونی كورت ده‌هێنێت. به‌شێوه‌یه‌كی توندوتیژانه كاری كردووه، به‌ڵام زۆرینه‌ی ئه‌مه‌ریكییه‌كانی قایل نه‌كردووه كه ئه‌و كارانه زیاتر خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی گشتی ده‌كه‌ن. ده‌سه‌ڵاتی سه‌رۆكایه‌تیی چه‌سپاندووه، به‌ڵام ئه‌و هاوپه‌یمانییه زۆرینه‌یه‌ی كه له ساڵی ٢٠٢٤دا له‌به‌رچاو بوو، نه‌یچه‌سپاندووه.
ئه‌مه‌ش واتای ئه‌وه‌یه كه هه‌موو ئه‌و كاره بوێرانه لاواز ده‌بن، هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌كرێت له ماوه‌ی چوار ساڵی كورتدا بگوازرێنه‌وه بۆ سه‌رۆكێكی لیبراڵ، مه‌گه‌ر تره‌مپ یان میراتگره چاوه‌ڕوانكراوه‌كانی بتوانن ئه‌و كاره بكه‌ن كه یارڤین به كه‌م سه‌یری ده‌كات، زیاتر له خه‌ڵك قایل بكه‌ن كه پرس و نیگه‌رانییه جه‌ماوه‌رییه‌كان، ڕاستییه‌كه‌ی ناوه‌ندی كاری ئه‌م سه‌رۆكایه‌تییه پۆپۆلیستییه‌ن.
نووسینی: ڕۆس داوسه‌ت
نیویۆرك تایمز
وشه