دەقی گوتارەكەی.. مەسروور بارزانی: بەڵێنێكی تریشمان جێبەجێ كرد

:: PM:03:24:19/10/2025 ‌
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، لە رێوڕەسمی كردنەوەی جووتسایدی سماقوڵی وتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند، دوای ساڵێك كە بەڵێنمان دا ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ دەكەین، ئێستە لێرەین كە بڵێین جارێكی تریش بەڵێنێكی تریشمان جێبەجێ كرد.

مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان كە بە پاڵەوانی شۆڕشی ئاوەدانی لەناو خەڵك ناوی دەركردووە گوتی، بەرنامەی زۆرمان هەیە بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری لەم ناوچەیە و لە ناوچەكانی تریش، چەندین پرۆژەی تریشمان بەدەستەوەیە.

دەقی وتاری مەسروور بارزانی:
پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان و ئێوەی بەڕێز و خۆمان دەكەین بۆ ئەم دەستكەوتە گەورەیە، بۆ ئەم پرۆژە نایابە كە بێگومان خزمەتێكی زۆری خەڵكی كوردستان دەكات.
دەستخۆشی لە كۆمپانیای (هێمن گرووپ) و بەڕێز خالید خۆشناو دەكەم كە جارێكی تریش سەلماندیان خەمخۆری ئەم گەلەن و توانییان ئەم پرۆژەیە بە باشترین شێوە جارێكی تریش لە كاتێكی زۆر كورتدا جێبەجێ بكەن.
ئەو ئەندازیار و هەموو ئەو كەسانەی لە كۆمپانیای (هێمن) كار دەكەن، بە دڵسۆزییەوە شەو و ڕۆژ كاریان لەسەر ئەم پرۆژەیە كرد كە ئەمڕۆ دەیبینن تەواو بووە.
دوای ساڵێك كە بەڵێنمان دا ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەكەین، ئێستا لێرەین كە بڵێین جارێكی تریش بەڵێنێكی تریشمان جێبەجێ كرد.
سەرەڕای هەموو ئەو قەیران و گرفتانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكرێن، سەرەڕای ئەو هەموو كێشە و گرفتانەی كە بۆ ئابووریی كوردستان و پێشخستنی كوردستان دروست كران، ئێمە ئێستا وەستاوین بەرامبەر بە خەڵكی كوردستان، بەرامبەر بە هەموو جیهان كە پێیان بڵێین ئەگەر ئیرادەی بەهێز هەبێت و نیشتمانپەروەری دڵسۆز هەبێت، هیچ شتێك مەحاڵ نییە. ئەم دەستكەوتە بەرهەمی رەنج و خەبات و دڵسۆزیی رۆڵەكانی ئەم وڵاتەیە كە ئێستا دەیبینن.

من جارێكی تر دەستخۆشی لە هێمن گرووپ دەكەم و پیرۆزباییش لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم. هیوادارم ئەم پرۆژەیە بكەوێتە خزمەتی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، چ ئەوانەی هاتوچۆی پێدا دەكەن یانیش بۆ مەرامی گەشتوگوزاری سەردانی ئەم ناوچەیە دەكەن.
ئەم دوو سایدە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گەورەتر كە لە شاری هەولێرەوە دەست پێدەكات، بەڵام ئەم بەشەی كە ئێستا ئێمە ئامادەین لێی، دوو سایدی سماقووڵی - گۆمەسپان كە بە دەوری بەنداوی گۆمەسپانیش دەسووڕێتەوە، ئەمە رێخۆشكەر دەبێت بۆ بەستنەوەی پارێزگای هەولێر بە پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ئاسانكاریی هاتوچۆ بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرانە دەكات. لە لایەكی ترەوە ئاسانكاریی دەكا و یارمەتیدەر دەبێ بۆ كەمكردنەوەی رووداوی هاتوچۆ، بە تایبەتی كە شەقامی لەم ئاستە و بەم جۆرە دروست دەكرێ، بێگومان رووداوی هاتوچۆش كەمتر دەبن و دەبینین كە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی كە شۆڕشی دروستكردنی ڕێگەوبان لە كوردستان دەست پێكراوە، دەبینین كە رووداوی هاتوچۆ بە رێژەیەكی بەرچاو كەمیان كردووە.

من داوا لە هەموو خوشك و برایانی خۆشەویست دەكەم، هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەكەم كە رەچاوی رێنماییەكانی هاتوچۆ بكەن. ئەو رێنماییانەی كە لە وەزارەتی ناوخۆ و لە پۆلیسی هاتوچۆ دەردەچن، هەمووی بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیانە، بۆ خۆتان و بۆ هاووڵاتیانی تریش هەوڵ بدەن كە ئەو رێنماییانە لەبەرچاو بگرن و هەم خۆتان و هەم خەڵكی تریش بپارێزن.

داوایەكی تریشم هەیە لە هەموو خوشك و برا بەڕێزەكانم، كوردستان وڵاتێكی جوانە و ئەم جۆرە پرۆژانەش بێگومان جوانتری دەكەن، بەڵام زۆریشی لەسەر خۆمان ماوەتەوە كە ئەم جوانییە بپارێزین و بە پاكی رابگرین. من چەندین جار داوام كردووە لە هەموو خوشك و برایانی بەڕێز كە ژینگە بپارێزن، پاك و خاوێنیی ئەم وڵاتە بپارێزن، كوردستان ماڵی گەورەی ئێمەیە، ئەركی ئێمەیە ئەم ماڵە بپارێزین و بە جوانی رایانبگرین. سەرەڕای ئەو هەموو بانگەوازییە، بەڵام دیسانیش دەبینین كە هەندێك كەسی نابەرپرس بەداخەوە گوێ بە ژینگەپارێزی نادەن.
جارێكی تر هیوادارم و داوایان لێ دەكەم كە ژینگە بپارێزن، لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمیش رادەسپێرم كە ئەوان پێویستە رێكاری پێویست بگرنە بەر بۆ هەر كەسێك كە ڕێز لە خاكی ئێمە ناگرێ، لە ژینگەی ئێمە ناگرێ، لە وڵاتی ئێمە ناگرێ، تا چیتر چاوپۆشییان لێ نەكرێ و ئەو كەسانەی كە ژینگە پیس دەكەن، رووبەڕووی یاسا و سزای یاسایی بكرێنەوە. هیوادارم كەس ناچار نەبێت كە رووبەڕووی یاسای سزادان ببێتەوە بۆ پیسكردنی ژینگە، هەموویان هەست بە بەرپرسیارێتی بكەن، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە خەڵكانێك هەبن كە ڕێزیان بۆ وڵاتەكەی ئێمە نەبێت، بۆ خۆیان نەبێت، ئێمەش بێگومان ناچار دەبین ئەو وەختە رێكاری تر بگرینە بەر.
ئەم پرۆژەیە بەشێكە لە پرۆژەیەكی گەورەتر، ماستەرپلانێكی تۆكمە دانراوە بۆ ئەوەی ئەم شوێنە ببێتە شوێنێكی گەشتیاریی گرنگ كە خەڵكی هەولێر و خەڵكی هەموو كوردستان سوودی لێ وەربگرن و خەونی ئێمەش ئەوەیە كە كوردستان بە تێكڕا ببێت بە شوێنێك كە هەم هاووڵاتیانی كوردستان لێی سوودمەند بن، هەم ئەوانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن چ لە عێراق، چ لە ناوچەكە بە شێوەیەكی گشتی، یانیش لە دەرەوە كە بێن و ئەم ناوچە گەشتیارییە جوانانەی هەرێمی كوردستان كە دەبینن، ئەوانە هەم خۆیان سوودیان لێ وەربگرن، هەم خەڵكی ئەم دەڤەرانە بتوانن لە رووی گەشتیارییەوە، لە رووی بووژانەوەی ئابوورییەوە سوودمەند بن لە هاتنی گەشتیارەكان.
بەرنامەی زۆرمان هەیە بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتیاری لەم ناوچەیە و لە ناوچەكانی تریش، چەندین پرۆژەی تریشمان بەدەستەوەیە و ئینشائەڵا ئەوانیش لە كاتێكی زوودا بگەنە ئەنجام و هەموویان بكەونە خزمەتی خەڵكی خۆشەویستی كوردستان.
من جارێكی تر دەستخۆشیتان لێ دەكەم و باوەڕ بكەن زۆر زۆر خۆشحاڵم كە دەبینم ئەم جۆرە پرۆژانە یەك بە یەك تەواو دەبن، ئینشائەڵا كوردستانمان رۆژ بە رۆژ ئاوەدانتر دەبێت و ئێوەش هەر ساخ و سەلامەت بن.
زۆر سوپاس بۆ ئامادەبوونتان.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم