لووره و زیكه‌ی ئۆتۆمبێلی پۆلیسه‌كان به‌رز بووه‌وه ئه‌و كاته‌ی چه‌ندان ئۆتۆمبێلی پۆلیس گه‌یشتنه شه‌قامێكی باكوری له‌نده‌ن، ڕێبواران وه‌ستان بۆ ئه‌وه‌ی سه‌یری هێزه‌كانی پۆلیس بكه‌ن كه هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر سێ دوكانی فرۆشتنی مۆبایلی ده‌ستی دوو.
ئه‌فسه‌رێك پرسیاری له خاوه‌ن دوكانێك كرد كه له ته‌نیشت كۆمپیوته‌ره‌كه‌ی و په‌رداخێكی نیوه چاوه دانیشتبوو پێی گوت، "ئایا هیچ قاسه‌یه‌كت له دوكانه‌كه‌تدا هه‌یه به‌ڕێز؟" پیاوه‌كه سه‌یری ده‌كرد كاتێك به‌ناو مۆبایله‌كان، پاره‌ی كاش و به‌ڵگه‌نامه‌كانی ناو دوو قاسه‌دا ده‌گه‌ڕان. بۆ ئه‌م هه‌ڵكوتانه‌ی پۆلیس ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز بانگهێشت كرابوو بۆ بینینی، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له ده‌یان هه‌ڵكوتانه سه‌ر دوكانه‌كان كه مانگی ڕابردوو له سه‌رانسه‌ری پایته‌ختدا ئه‌نجام دران، وه‌ك به‌شێك له هه‌وڵێكی دره‌نگوه‌ختی پۆلیسی میترۆپۆلیتانی له‌نده‌ن بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كێشه‌ی دزینی مۆبایل كه له ساڵانی ڕابردوودا شاره‌كه‌ی گیرۆده كردووه.
قه‌باره‌ی تاوانه‌كه له گیرفانبڕینی ئاسایی تێپه‌ڕیوه كه له‌نده‌ن پێی ئاشنا بوو، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی ڕۆمانه‌كه‌ی چارڵز دیكینز "ئۆلیڤه‌ر تویست" ناوبانگ بكات. دزه‌كان كه ڕۆژ به ڕۆژ بوێرتر ده‌بن و زۆرجار ده‌مامكدارن و سواری پایسكلی كاره‌بایی ده‌بن، شاره‌زا بوون له ڕفاندنی مۆبایل له دانیشتووان و گه‌شتیاران. به‌پێی گوته‌ی پۆلیس، ساڵی ڕابردوو ژماره‌یه‌كی پێوانه‌یی تێپه‌ڕاند نزیكه‌ی ٨٠,٠٠٠ مۆبایل له شاره‌كه‌دا دزراون، ئه‌مه‌ش ناوبانگێكی نه‌خوازراو و ناشیرینی به له‌نده‌ن به‌خشیوه وه‌ك پایته‌ختی ئه‌وروپا بۆ ئه‌م تاوانه.
هه‌ڵكوتانه‌كانی مانگی ڕابردوو ئامانجیان ناسینه‌وه‌ی گرووپێك له ناوه‌ندگیره‌كان بوو كه پۆلیس ده‌ڵێت، دوكانه‌كانی فرۆشتنی مۆبایلی ده‌ستی دوو، وه‌ك به‌شێك له تۆڕێكی تاوانكاریی جیهانیی به‌كار ده‌هێنرێن. له كۆتایی ئۆپراسیۆنه دوو هه‌فته‌ییه‌كه‌دا، لێكۆڵه‌ران نزیكه‌ی ٢,٠٠٠ مۆبایلی دزراو و ٢٠٠,٠٠٠ پاوه‌ندیان به‌شێوه‌ی كاش دۆزییه‌وه.
دوای چه‌ندان ساڵ كه دزینی مۆبایل له پێشینه‌ی كاره‌كانی هێزێكی پۆلیسدا نه‌بوو، ئۆپراسیۆنه نوێیه‌كان تێكه‌ڵه‌یه‌كی سه‌یر له‌و هۆكارانه ئاشكرا ده‌كه‌ن كه له پشت ئه‌م په‌تایه‌وه‌ن، له‌وانه كه‌مكردنه‌وه‌ی به‌رچاوی بودجه‌ی پۆلیسی به‌ریتانیا له ده‌یه‌ی ٢٠١٠ و هه‌روه‌ها بازاڕێكی ڕه‌شی قازانجبه‌خش بۆ مۆبایله ئه‌وروپییه‌كان له چین.
بۆ ساڵانێك، پۆلیسی له‌نده‌ن وایانده‌زانی زۆربه‌ی دزییه‌كانی مۆبایل كاری دزه بچووكه‌كانه كه به‌دوای بڕێك پاره‌ی خێرادا ده‌گه‌ڕێن، به‌ڵام مانگی كانوونی دووه‌می ڕابردوو، سه‌ره‌داوێكی سه‌رنجڕاكێشیان له ژنێكه‌وه ده‌ست كه‌وت كه "Find My iPhone"ی به‌كار هێنابوو بۆ شوێنپێهه‌ڵگرتنی مۆبایله‌كه‌ی بۆ كۆگه‌یه‌ك له نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی هیسرۆ. كاتێك له شه‌وی كریسمسدا گه‌یشتنه ئه‌وێ، ئه‌فسه‌ره‌كان چه‌ندان كارتۆنیان دۆزییه‌وه كه به‌ره‌و هۆنگ كۆنگ ده‌نێردران. له‌سه‌ریان نووسرابوو "پاتری"، به‌ڵام نزیكه‌ی ١,٠٠٠ ئایفۆنی دزراویان تێدابوو.
مارك گاڤین لێكۆڵه‌ری باڵا كه سه‌ركردایه‌تیی لێكۆڵینه‌وه‌كه ده‌كات بۆ پۆلیسی میترۆپۆلیتان، گوتی: "به‌خێرایی ده‌ركه‌وت كه ئه‌مه ته‌نیا تاوانێكی ئاسایی سه‌ر شه‌قام نییه. ئه‌مه بووه به جۆرێك له پیشه‌سازی."
ئه‌م پێشكه‌وتنه هاوكات بوو له‌گه‌ڵ هه‌وڵێكی فراوانتری پۆلیس بۆ زیادكردنی متمانه‌ی گشتی له ڕێگه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی باوترین تاوانه‌كانی شاره‌كه‌وه. دزینی مۆبایل به‌تایبه‌تی بووه‌ته جێگه‌ی تووڕه‌یی قوربانییه‌كان، كه بۆ ساڵانێك ڕاپۆرتی دزرانی مۆبایله‌كانیان ده‌دا و شوێنی نیشاندراوی مۆبایله‌كانیان ده‌دایه پۆلیس، به‌ڵام ته‌نی ژماره‌یه‌كی تۆماری تاوانیان پێ ده‌درا و هیچی تریان نه‌ده‌بیسته‌وه.
پۆلیس ئێسته ئه‌و زانیارییانه به‌كار ده‌هێنێت بۆ نه‌خشه‌كێشانی ئه‌و شوێنانه‌ی كه مۆبایله دزراوه‌كان له‌لایه‌ن دزه‌كانی سه‌ر شه‌قامه‌وه بۆی ده‌گوازرێنه‌وه. دوای ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنه‌كه‌ی هیسرۆ، تیمێكی لێكۆڵه‌ری پسپۆڕ كه به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چه‌ك و قاچاخچێتی ماده هۆشبه‌ره‌كان ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌م كه‌یسه دیاری كران. ئه‌وان چه‌ندان باری تریان دیاری كرد و پشكنینی دادوه‌رییان به‌كار هێنا بۆ ناسینه‌وه‌ی دوو پیاوی ته‌مه‌ن 30 ساڵان، كه گومانیان لێ ده‌كرێت سه‌ركرده‌ی گرووپێك بن كه تا ٤٠,٠٠٠ مۆبایلی دزراویان بۆ چین ناردووه.
كاتێك پیاوه‌كان له ٢٣ی ئه‌یلوولدا گیران، ئۆتۆمبێله‌كه‌یان چه‌ندان مۆبایلی تێدابوو، هه‌ندێكیان به فۆیلی ئه‌له‌منیۆم پێچرابوونه‌وه، له هه‌وڵێكدا بۆ ڕێگریكردن له ناردنی سیگناڵی شوێنپێهه‌ڵگرتن. له خاڵێكدا پۆلیس له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی، بینیویانه پیاوه‌كان نزیكه‌ی دوو كیلۆمه‌تر فۆیل له كۆستكۆ ده‌كڕن.
هه‌ندێك مۆبایل چاك ده‌كرێن و به به‌كارهێنه‌ری نوێ له به‌ریتانیا ده‌فرۆشرێنه‌وه، به‌ڵام زۆربه‌یان بۆ چین و جه‌زائیر ده‌نێردرێن وه‌ك به‌شێك له "مۆدێلێكی بازرگانی تاوانكاریی ناوخۆیی و جیهانی"، وه‌ك پۆلیس گوتی، له چین نوێترین مۆبایله‌كان ده‌كرێت تا ٥,٠٠٠ دۆلار بفرۆشرێن كه قازانجێكی زۆر بۆ تاوانباره تێوه‌گلاوه‌كان دروست ده‌كات.
جۆس ڕایت پرۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر له زانكۆی ئۆكسفۆرد كه پسپۆڕه له ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی، گوتی كه به‌كارهێنانی مۆبایله دزراوه‌كانی به‌ریتانیا، له چین ئاسانتره له چاو له شوێنه‌كانی تر، چونكه زۆر له كۆمپانیاكانی هێڵی پێوه‌ندیی ئه‌و وڵاته به‌شدارییان له لیستێكی ڕه‌شی نێوده‌وڵه‌تیدا نه‌كردووه، ئه‌و ئامێرانه قه‌ده‌غه ده‌كات كه وه‌ك دزراو ڕاپۆرت كراون.
ڕایت گوتی: "ئه‌مه واته ئایفۆنێكی دزراو كه له به‌ریتانیا بلۆك كراوه، ده‌توانرێت به‌بێ هیچ كێشه‌یه‌ك له چین به‌كار بهێنرێت."
پایسكلی كاره‌بایی و ده‌مامكی ڕوو
پۆلیس ده‌ڵێت، هه‌نارده‌كاران له لووتكه‌ی تۆڕێكی تاوانكاریی سێ گرووپیدان. له ناوه‌ڕاستدا خاوه‌ن دوكانه‌كان و بازرگانه‌كان كه مۆبایلی دزراو له دزه‌كان ده‌كڕن و به خه‌ڵكی بێ‌ئاگا ده‌یفرۆشنه‌وه، یان بۆ گواستنه‌وه بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌ینێرن. له چینی خواره‌وه‌دا دزه‌كانن. ژماره‌یان له‌گه‌ڵ قازانجه چه‌وره‌كاندا زیادی كردووه، هه‌روه‌ها هه‌ستێكی گه‌شه‌سه‌ندوو به لێخۆشبوو‌ن.
به گشتی تاوان له له‌نده‌ن له ساڵانی ڕابردوودا كه‌می كردووه، به‌ڵام دزینی مۆبایل به‌شێوه‌یه‌كی ناهاوسه‌نگ به‌رزه، نزیكه‌ی 70%ی دزییه‌كانی ساڵی ڕابردووی پێكده‌هێنا. به خێرایی به‌رز بووه‌ته‌وه: ٨٠,٠٠٠ دزی مۆبایل له ساڵی ڕابردوودا زیادبوونێكی به‌رچاو بوو له ٦٤,٠٠٠ی ساڵی ٢٠٢٣، وه‌ك پۆلیس له مانگی حوزه‌یراندا به لیژنه‌یه‌كی په‌رله‌مانی گوت.
ئه‌مه به‌شێكی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م تاوانه هه‌م "زۆر قازانجبه‌خشه" و هه‌م "مه‌ترسیی كه‌متره" له دزینی ئۆتۆمبێل یان بازرگانی ماده هۆشبه‌ره‌كان، وه‌ك فه‌رمانده ئه‌ندرو فێزه‌رستۆن ئه‌فسه‌ری پۆلیس كه سه‌ركردایه‌تیی هه‌وڵه‌كانی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی دزینی مۆبایل ده‌كات، له كۆنفرانسێكی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی، دزه‌كان ده‌توانن تا ٣٠٠ پاوه‌ند (نزیكه‌ی ٤٠٠ دۆلار) بۆ هه‌ر ئامێرێكیان ده‌ست بكه‌وێت ، زیاتر له سێ هێنده‌ی كه‌مترین مووچه‌ی نیشتمانی بۆ كاركردنی ڕۆژێك.
ئه‌وان ده‌زانن كه ئه‌گه‌ری گیرانیان كه‌مه. داتاكانی پۆلیس پێشانی ده‌ده‌ن كه له مانگی ئاداری ٢٠٢٤ تا شوباتی ٢٠٢٥، نزیكه‌ی ١٠٦,٠٠٠ مۆبایل له له‌نده‌ن وه‌ك دزراو ڕاپۆرت كراون. ته‌نیا ٤٩٥ كه‌س تۆمه‌تبار كراون یان ئاگاداركردنه‌وه‌ی پۆلیسیان پێ دراوه كه واته ددانیان به تاوانه‌كه‌دا ناوه.
بێگومان زۆر له شاره گه‌وره‌كانی تر له‌وانه نیویۆرك، ڕووبه‌ڕووی دزینی مۆبایل ده‌بنه‌وه. پۆلیسی له‌نده‌ن ده‌ڵێت كه جیاوازیی له شێوازی تۆماركردنی تاوانه‌كاندا، واده‌كات نه‌توانرێت دیاری بكرێت له كوێی دنیادا كێشه‌كه خراپترینه.
به‌ڵام زۆر له پسپۆڕان كێشه‌ی دزینی مۆبایل له به‌ریتانیا به چه‌ند هۆكارێكه‌وه ده‌به‌ستنه‌وه: كاریگه‌ریی ساڵانێكی زۆری سیاسه‌تی برسێتی كه له‌لایه‌ن حكوومه‌ته كۆنه‌پارێزه‌كانه‌وه له ده‌یه‌ی ٢٠١٠دا سه‌پێنرا، كه بووه هۆی كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی ئه‌فسه‌رانی پۆلیس و بودجه‌كانیان. له ساڵی ٢٠١٧دا پۆلیسی میترۆپۆلیتان ڕای گه‌یاند، لێكۆڵینه‌وه له تاوانه ئاستنزمه‌كان ڕاده‌گرێت كه پێی وابوو هیوایه‌كی كه‌م هه‌یه بۆ گرتنی ئه‌نجامده‌رانیان، تا بتوانێت پێشینه بدات به ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژیی رژد و تاوانه سێكسییه‌كان.
ئیمێلین تایلۆر پرۆفیسۆری تاوانناسی له زانكۆی سیتی سه‌ینت جۆرجزی له‌نده‌ن، له چاوپێكه‌وتنێكدا گوتی، پۆلیس "زیاتر بووه به هێزێكی كاردانه‌وه‌یی تاوانباره پیشه‌گه‌ره ئاستنزمه‌كان، تێگه‌یشتن كه له‌و تاوانانه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ن ده‌ربازیان ده‌بێت"، پاشان پێشكه‌وتنێكی ته‌كنه‌لۆجی هات و كاری دزه‌كانی ئاسانتر كرد: پایسكلی كاره‌بایی. پایسكله‌كانی لایم كه ده‌توانرێت له هه‌ر شوێنێك به‌كرێ بگیرێن و دابنرێن، له ساڵی ٢٠١٨ له له‌نده‌ن ده‌ستیان پێ كرد. به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو به‌ناوبانگ بوون. زۆری نه‌خایاند، پایسكلی كاره‌بایی بووه ئۆتۆمبێلی هه‌ڵهاتنی دڵخوازی دزه‌كانی مۆبایل.
سه‌رپه‌رشتیار مات چانتری یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانی هه‌ڵكوتانه‌كه‌ی مانگی ڕابردوو، له چاوپێكه‌وتنێكدا گوتی كه دزه‌كانی سه‌ر پایسكلی كاره‌بایی "كێشه‌یه‌كی ڕاسته‌قینه‌ن." ئه‌و گوتی، ئه‌وان ده‌چنه سه‌ر شۆسته‌كان و به خێراییه‌كی زۆر، مۆبایل له ده‌ستی خه‌ڵك ده‌ڕفێنن، له كاتێكدا خۆیان "ناناسرێنه‌وه" به له‌به‌ركردنی ده‌مامكی ڕوو و كڵاو. پرسیاری كرد، ئاخر "چۆن پۆلیسی و ئه‌وه ده‌كه‌یت؟"
گوتی، هه‌وڵدان بۆ ڕاوه‌دوونانیان له شه‌قامه قه‌ره‌باڵغه‌كانی له‌نده‌ندا "مه‌ترسیی زۆره"، ژیانی پیاده‌كان، شۆفێره‌كانی تر و تاوانباره‌كه ده‌خاته مه‌ترسییه‌وه. له كۆتاییدا گوتی، پۆلیس ده‌بوو بپرسێت، ئایا مه‌ترسیی گیان له‌ده‌ستدانێك شایانی مۆبایلێكه؟
ونبوو و دۆزراوه: ٤,٠٠٠ ئایفۆن
هه‌ڵكوتانه سه‌ر سێ دوكانه ده‌ستی دووه‌كه‌ی باكوری له‌نده‌ن له مانگی ڕابردوودا ئه‌نجامی هه‌بوو، پۆلیس ٤٠,٠٠٠ پاوه‌ند و پێنج مۆبایلی دزراوی ده‌ست كه‌وت. ئه‌و مۆبایلانه ده‌چنه پاڵ نزیكه‌ی ٤,٠٠٠ ئایفۆنی دزراوی تر كه له مانگی كانوونی دووه‌مه‌وه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌ردا گیراوه، ئێسته له كۆگه‌یه‌ك له په‌تنی باشووری ڕۆژئاوای له‌نده‌ن، هه‌ڵگیراون و ئه‌فسه‌ران هه‌وڵ ده‌ده‌ن پێوه‌ندی به خاوه‌نه‌كانیانه‌وه بكه‌ن.
له درێژخایه‌ندا فه‌رمانده فێزه‌رستۆن گوتی، پۆلیس ده‌یه‌وێت ئه‌و تۆڕه تاوانكارییانه هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه كه بازرگانییه نایاساییه‌كه به‌ڕێوه ده‌به‌ن ، "هانی تاوانباران نه‌ده‌ن بۆ دزینی مۆبایل" به ڕوونكردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی كه ده‌كرێت بگیرێن. به‌ڵام پۆلیس هیواداریشه كه به‌كارهێنه‌ران زیاتر وریا بن له‌باره‌ی ئاسایشی كه‌سیی خۆیان. ته‌نانه‌ت له كاتێكدا كه مۆبایله زیره‌كه‌كان پێشكه‌وتووتر و به‌هاداتر بوون، مامه‌ڵه‌ی زۆر له خه‌ڵك له‌گه‌ڵیاندا كه‌متر پارێزه‌رانه بووه.
لۆرێنس شێرمان پرۆفیسۆری خانه‌نشینكراوی تاوانناسی له زانكۆی كامبریج، گوتی: "تۆ پاره‌كه‌ت له‌سه‌ر شه‌قام ناژمێریت، به‌ڵام كاتێك مۆبایله‌كه ١,٠٠٠ پاوه‌ند ده‌كات، وه‌ك ئه‌وه وایه ١,٠٠٠ پاوه‌ند له جزدانه‌كه‌ت ده‌ربهێنیت و سه‌یری بكه‌یت كاتێك به‌ڕێوه ده‌ڕۆیت."
نیویۆرك تایمز
وشه