"نەشتەرگەریی جوانكاری مەترسییەكی گەورەیە لەسەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستان"

:: PM:12:03:21/10/2025 ‌
ساڵانە رێژەیەكی زۆر نەشتەرگەریی جوانكاری دەكرێت، ئامارە نافەرمییەكانیش باس لە دەیان ملیۆن دۆلار دەكەن كە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەو بوارەدا خەرجی دەكەن، هیچ حیسابێكیش بۆ تەندروستی ناكرێت.

پزیشكانی جوانكاری بوونەتە یەكێك لە دیارترین ئەو پزیشكانەی كیلنكەكانیان بەرناكەوێت، رۆژانە پارەیەكی زۆریان لەرێگەی نەشتەرگەریی جوانكارییەوە دەست دەكەوێت.

بەگوتەی پسپۆرانی بوارەكە، ئێستە لە هەرێمی كوردستان دەرهێنانی چەوری، گۆڕینی شێوەی گوێ، نەشتەرگەریی پێڵووی چاو، نەشتەرگەری لێوی سەرەوە، نەشتەرگەریی لووت، كۆنتوركردنی چەناگە و دەموچاو، دەرزی فیلەر لە لێو و شان، بۆتۆكس، دەرزی بەرزكردنەوەی مل و سمت و سینگ و چەندان چارەسەر و گۆڕانكاریی پێست ئەنجام دەدرێن.

ئەگەرچی لە هەموو وڵاتان بەرێژەی جودا ئەم جوانكارییانە دەكرێت، بەڵام لە كوردستانی باشوور بابەتەكە بووەتە چاولێكەری و رۆژانە ژنان و بەشێكیش لە پیاوان گۆڕانكاری لە رووخساری خۆیاندا دەكەن.

لەمبارەیەوە سۆزان رەحیم كە پسپۆرێكی دەروونییە و بۆ "وشە" گوتی، بەشێكی زۆری ئەو دەستكاریكردنەی جەستە، پێوەندی بەوەوە هەیە كەسەكە لە جەستەی خۆی ناڕازییە و حەز دەكات بیگۆڕێت، بەڵام كێشەكە ئەوەیە هەر گۆڕانكارییەك ئارەزووی كەسەكە تێر ناكات و ئەو بێ متمانەییەی زیاتر دەكات، وای لێ دەكات بەردەوام بێت لە گۆڕانكاریی جەستەی بە رێگەی نەشتەرگەرییەوە.

سۆزان دەڵێت، بەشێكی تری بابەتەكە زیاتر چاولێكەرییە و خەڵك بەگشتی چاولێك دەكەن و ئەوەش هۆكاری زیادبوونی دیاردەكەیە.

ئەوەشی گوت: ئێستە نەشتەرگەریی جوانكاری  ئەوەندە زۆر بووە، بووەتە مەترسییەكی گەورە لەسەر دانیشتووانی هەرێمی كوردستان.

لەرووی داراییەوە جوانكارییەكان بارگرانییەكی زۆری بۆ خێزانەكان بەتایبەت ژنان و كچان دروست كردووە، چونكە هەموو جوانكارییەك بڕە پارەیەكی زۆری تێدا خەرج دەكرێت.

ئەگەرچی هیچ ئامارێكی فەرمیی نییە تا بزانرێت لە هەرێمی كوردستان ساڵانە چەند پارە لەو بوارەدا خەرج دەكرێت و چەند نەشتەرگەریی جوانكاری دەكرێت، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلاری تێدا خەرج دەكرێت.

لە كۆتایی سەدەی بیستەوە، نەشتەرگەریی جوانكاری نەك تەنیا چارەسەرێك یان دەستێوەردانێكی تەندروستی، بەڵكو بووەتە بازاڕێكی جیهانی، بە پشتیوانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و گرنگتر لە هەمووی، بووەتە ئامێرێكی گەورەی بازرگانی كە لەسەر جەستەی ژن و تەندروستیی ژن.

كۆمەڵناسان پێیان وایە ئەم بازاڕە، كە لە پڕكردنەوەی لێو تا نەشتەرگەری لووت، لە گەورەكردنی مەمك بەتایبەتی ژنان بە ئامانج دەگرێت، جوانی ئێستە بووەتە كاڵایەك كە دەكرێت بكڕێت، لە جیاتی ئەوەی تایبەتمەندییەكی سروشتی بێت.

ئەمڕۆ بەرنامەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، میدیای بینراو و كەرتی سینەما بەتایبەتی، وێنەی جەستەی بێ كەموكوڕی بەردەوام بەسەر ژنانی گەنجدا دەسەپێنن و وا باس دەكرێت كە دەكرێت لە رێگەی پزیشكی جوانكارییەوە جەستەیەكی كامڵ دروست بكرێت.

لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا زۆرجار نەشتەرگەریی جوانكاری بێ چاودێری ئەنجام دەدرێت، بەتایبەتی لە سلێمانی، هەولێر و دهۆك، نەشتەرگەریی جوانكاری بە خێرایی زیادی كردووە و تەنانەت هەرێم بووەتە بازاڕی نەشتەرگەرانی بیانی وەك ئێرانی و توركی كە چەندان كلینكیان لە كوردستان كردووەتەوە.

وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زۆرجار رای گەیاندووە كە سەنتەرەكانی جوانكاری، بەشی زۆریان مۆڵەتیان نییە و داخراون، بەڵام چاودێرییەكی رژد لەو بوارەدا نابینرێت.




وشە - سۆران عەزیز