ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر كابینەكەی محەمەد شیاع سوودانی تێدەپەڕێت، ئەگەرچی بە دەنگی كورد پۆستەكەی وەرگرت، بەڵام كێشەی زۆریشی بۆ كوردستان دروست كرد.
سوودانی لەم سێ ساڵەدا توانی هێزێك دروست بكات ململانێی هێزە ژمارە یەكەكانی شیعەی پێ بكات، مەترسی بۆ سەر ئەو هێزانە دروست بكات كە چەندان ساڵە لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقیدان.
سوودانی سەرەتا وەك دۆست و چارەسەری كێشەكانی كورد خۆی دەرخست، بەمەش وایكرد متمانەی كورد بەدەست بێنێت و ئەوانیش دەنگی پێ بدەن، بەڵام لەم سێ ساڵەدا وەك سەرۆك وەزیرەكانی تر، فشارێكی قورسی ئابووری خستە سەر هەرێمی كوردستان و بەشێك بوو لە پلانی شكستپێهێنانی هەرێمی فیدراڵی كوردی، ئەگەرچی سەركەوتوو نەبوو.
بەبڕوای چاودێرانی كورد، سوودانی لەو كەسانەیە كە بەهێمنی فشاری خستووەتە سەر كوردستان و هەوڵی بچووككردنەوەی قەوارەكەی داوە، لە تەمەنی كابینەكەیدا چەندان مووچەی فەرانبەرانی هەرێمی كوردستانی فەوتاند و مانگەكانی درێژ كردبووە و بۆ 50 رۆژ.
كابینەی حكوومەتەكەی سوودانی لە 23 وەزارەت پێكدێت، كە پشكەكان بەسەر لایەنە سیاسییە سەرەكییەكان و پێكهاتەكان دابەش كراون.
یەكەم كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی نوێ رۆژێك دوای متمانە وەرگرتن، لە 28ی تشرینی یەكەمی 2022 ئەنجام درا، لەو كۆبوونەوەیەدا محەمەد شیاع سوودانی، دووپاتی چارەسەری كێشەكانی بەغدا و هەولێر كردەوە، بەڵام لە كۆتایی كابینەكەیدا ئەوجا توانرا بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بكرێن.
لە سەردەمی سوودانی هەناردەی نەوتی كوردستان راگیرا و لە سەردەمی ئەویشدا هەناردەكردن دەستی پێ كردەوە، هەموو ئەمانە بەشێك بوون لە پلانی ئەو بۆ فشار خستنەسەر هەرێمی كوردستان.
چاودێرانی عەرەب پێیان وابوو سوودانی نایەوێت هەرێم گەشەی زیاتر بكات، چونكە دەبێتە كێشە لە بەردەم پێشكەوتنی ئەودا، ئەوێك كە نەیتوانی لەم سێ ساڵەدا شارەكانی عێراق ببووژێنێتەوە، ئەگەرچی بودجەیەكی زەبەلاحی لە بەردەستدا بوو.
لە رۆژی 27ـی تشرینی یەكەمی 2022، بە زۆرینەی دەنگ پەرلەمانی عێراق متمانەی بەخشی بە كابینەی حكومەتەكەی محەمەد شیاع سوودانی كاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی.