كاتی كردنەوەی تەواوی پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری هەولێر راگەیەنرا

:: PM:12:22:27/10/2025 ‌
پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، لە ڕۆژێكدا 480 هەزار مەتر سێجا ئاو دەپاڵێوێت، بۆ هەر سەعاتێك 20- 21 هەزار مەتر سێجا ئاوی خاوێن بۆ گەڕەكەكانی شاری هەولێر دەنێرێت، ئێستە پڕۆژەكە پاككردنەوەی بۆڕییەكانی بۆ ئەنجام دەدرێت و كەمتر لە مانگێكی تر دەكەوێتە كار. 

ئەمڕۆ دووشەم 27ـی تشرینی یەكەم، ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، پڕۆژەی ئاوی فریاگوزاری ئاوی هەولێر ئێستە لە شەقامی عنكاوە پاككردنەوەی بۆڕییەكانی بۆ ئەنجام دەدرێت و تەواو بووە.

زیاتر گوتی، لە شەقامی 150 مەتریش ئەو بۆڕییە وا تەواو بووە، ئەویش وردكارییەكی ماوە و ئاوی بۆ دەگوازرێتەوە و تێست دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، بۆڕی چوارەم كە بۆ نزیك شوقەكانی جیهان براوە و داخلی 120 مەترییە، ئەویش تەواو بووە و سەرقاڵی كارەكانی كۆتایین.

بە گوتەی ئاری ئەحمەد، كەمتر لە مانگێكی تر ئەو پڕۆژەیە ئامادە دەبێ و دەكرێتەوە و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان و كێشەی كەمئاوی بە تەواوەتی كۆتایی دێت.

لە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێر، 200 كیلۆمەتر بۆڕیی سپایرۆڵ بەكار دێت، 280 كیلۆمەتر بۆڕیی ئەسیلین بە تیرەی 160 ملم و 220 ملم و 250 ملم بۆ بەستنەوەی پڕۆژەكە بە گەڕەكەكانی شاری هەولێر بەكار دێت. ڕۆژانە 480 هەزار مەتر سێجا ئاو بە تەواوی بۆ گەڕەكانی شاری هەولێر دەنێرێت.

480   هەزار مەتر سێجا دەكاتە 480 ملیۆن لیتر ئاو لە رۆژێك، ئەوەش دوو هێندەی پڕۆژەی ئیفراز سێ ئاو بەرهەم دەهێنێت.

ئەو پڕۆژەیە پشوویەكیش دەبێت بۆ پڕۆژەی ئیفراز سێ‌ و دوو، ئەندازیارێكی ئاو دەڵێت، ئیفراز سێ‌ جۆری بۆڕییەكەی كاتی خۆی دروست كرا ئەو توانایەی نییە بۆ ئێستە ئەو گوشارە زۆرەی لەسەر بێت.

رێبین سەدرەدین ئەندازیار بە "وشە"ـی راگەیاند، ئیفراز سێ‌ بە هەموو تواناكانی دەیتوانی رۆژانە نزیكەی 240 ملیۆن لیتر ئاو دابین بكات، بۆڕییەكانی ئیفراز سێ لە جۆر (GRP)یە، یەكێكە لە سەختترین جۆرەكانی بۆڕی بۆ چاككردنەوە، هاوكات بە هۆی خراپیی كوالێتییەكەیشی بەهۆی سادەترین زەبری دەرەكییەوە، دەشكێت و زیان بە سامانی گشتی و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان دەگەیەنێت، بە شكانیشی نزیكەی 40%ی گەڕەكەكانی هەولێر بێ ئاو دەبوون.

زیاتر گوتی، پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ كە لە ساڵی 2006 بەبێ وەستان تا ئەمڕۆ كار دەكات، دوای ئەم هەموو ساڵە كاركردنی، هۆكاری سەرەكی شكانی یەك لە دوای یەكی بۆڕییەكەی كە ئەویش بەسەرچوونی ماوەكەیەتی.

هەرچی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێرە بە چوار هێڵی سەرەكی لە نێوان گەڕەكەكانی نێوان شەقامی 120 مەتری و شەقامی 150 مەتری جێبەجێ دەكرێت؛ كە گەڕەكەكانی نێوان ئەو شەقامانە و دەرەوەی شەقامەكە سوودمەند دەبن.

پرۆسەی وەرگرتنی ئاوی پڕۆژەكە لە زێی گەورە دەست پێ دەكات و پاككردنەوە و پاڵاوتنی ئاوەكە و فلتەركردن و كلۆركردنی‌ ئاوەكە، بە ستانداردی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO)   و عێراقی جێبەجێ دەكرێت.

جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژەیە، كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە تەواوی چارەسەر دەكات، بۆ 30 ساڵی داهاتوو كێَشەی كەمئاوی چارەسەر دەبێت و دەبێتە هۆی داخستنی زیاتر لە هەزار بیری ئاو، بە مەبەستی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و بەفیڕۆنەدانی.

لە هەشتی ئەیلوولی ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاوی هەولێری دانا، پڕۆژەكە بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلارە، لە ماوەی كەمتر لە 550 ڕۆژ جێبەجێ دەكرێت و بە تەواوبوونی پڕۆژەكە،‌ كێشەی كەمئاوی لە شاری هەولێر بە ڕێژەی 100% چارەسەر دەبێت.

پڕۆژەی ئاوی ئیفراز سێ كە ئاوی پاك بۆ 40%ی دانیشتووانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی شكانی بۆڕیی گوێزەرەوەی ئاوی ئیفراز سێ‌ لە دواین جار، لە جۆری GRP لە نزیك وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز سێ، دوای چاككردنەوەی بۆڕییەكە، هێشتاش نەدەتوانرا پڕۆژەكە بە توانای خۆی كار بكات و دەبوو پێنج پەمپ كار بكات كە توانای هەریەكەیان دوو هەزار مەتر سێجا ئاو لە سەعاتێكدایە، كە دەبوو 10 هەزار مەتر ئاو لە سەعاتێكدا بۆ شاری هەولێر بگوازێتەوە، بەناچاری كرابوو بە چوار پەمپ، بەمشێوەیەش وێستگەی پاڵاوتنی ئاوی ئیفراز بە ڕێژەی 80%ی توانای خۆی كاری دەكرد.

پێَشتر لەلایەن مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی 20 ملیار و 842 ملیۆن و 500 هەزار و 600 دینار بۆ پڕۆژەی ئیفراز سێ‌ درا كە بە چەند قۆناغێك گۆڕینی بۆڕییەكە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام سەرۆكی حكوومەت بیری لە پڕۆژەیەكی ستراتیجی كردبووەوە كە كۆتایی بە كێشەی ئاو لە شاری هەولێر بێت.

لە 20ـی تەمووزی ئەمساڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەشی یەكەمی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێری كردەوە، ئەو  بەشە گرنگترین و بێ‌ ئاویترین شوێنی هەولێری لە تێنوویەتی رزگاركرد.


وشە - رامیار جەواد