ماوەیەكی زۆر نییە كە قسەوباسێكی زۆر لەبارەی ناوی "ئەمجەد شوا" دەكرێت، گوایە لە دوای ئەم قۆناغە و لە قۆناغی داهاتوودا بۆ بەڕێوەبردنی كەرتی غەزەی فەلەستینی، ئەو دەستنیشان كراوە كە میدیاكانی ئیسرائیلیش رۆشناییان خستووەتە سەر ئەو ناوە. شوا خۆیشی دەڵێت، تا ئێستە بە فەرمی ئەو داوایەی لێ نەكراوە.
پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ سێشەم 28ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، جارێكی تریش ناوی "ئەمجەد شوا" كە فەلەستینییە و بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی رێكخراوە ئەهلییەكانی فەلەستینە، ناوی بۆ بەڕێوەبردنی كەرتی غەزە لە قۆناغی داهاتوودا كەوتەوە ناو ناوانەوە كە گوایە ئەو بۆ بەڕێوەبردنی غەزە كاندید كراوە. شوا خۆیشی هەواڵەكەی رەت كردووەتەوە و دەڵێت، ئەوەی هەیە قسەیە و تا ئێستە بە فەرمی ئەو داوایەی لێ نەكراوە.
ئەمجەد شوا لە دیمانەیەكی لەگەڵ كەناڵی "ئەلغەد" لەبارەی ئەو پرسەوە گوتوویەتی، تا ئێستە بە فەرمی داوای لێ نەكراوە كەرتی غەزەی فەلەستینی لە قۆناغی داهاتوودا بەڕێوە ببات، بۆیە تەواوی ئەو راپۆرتانەی رەت كردووەتەوە كە باس لە ناوی ئەو دەكەن بۆ بەڕێوەبردنی غەزە لە قۆناغی دوای جەنگ.
رۆژنامەی "جیرۆزالیم پۆست"ی ئیسرائیلی كە لە كەناڵی "كان"ی حكوومەتی ئیسرائیلی وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، بزووتنەوەی حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی، ئەمجەد شوایان وەك سەرۆكی لیژنەی حكوومەتی تەكنۆكراتی نوێ دەستنیشان كردووە كە لە قۆناغی داهاتوودا كەرتی غەزە بەڕێوە ببات.
كەناڵی "كان" ئەوەشی گوتووە كە رەزامەندیی لەسەر ناوی "ئەمجەد شوا" دراوە، ئەویش لە كۆبوونەوەیەكی هەفتەی رابردوو لە نێوان حەماس و دەسەڵاتی فەلەستینی و هەواڵگریی میسری لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوە چووە. ئەوە لە كاتێكدایە بزووتنەوەی فەتح لە رێگەی ئاژانسی هەواڵی فەلەستینی، ئەو هەواڵەی رەت كردووەتەوە.
عەبدولفەتاح دەولە گوتەبێژ بەناوی بزووتنەوەی فەتح دووپاتی كردووەتەوە، بزووتنەكەیان لەبارەی ئەو پرسە هەڵوێستی نەگۆڕە و پێیان وایە، ئەوەی لە قۆناغی داهاتووی غەزە سەرۆكایەتیی ئەو لیژنەیە دەكات كە غەزە بەڕێوە دەبات، دەبێ یەكێك بێ لە وەزیرەكانی بزووتنەوەكەیان، چونكە ئەوان تاكە لایەنی شەرعی بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی فەلەستین.
لەبارەی ئەمجەد شەوایشەوە راپۆرتەكەی "ئیلاف" ئاماژەی داوە، شوا لە ساڵی 1971 لە كەرتی غەزەی فەلەستینی لە دایك بووە. لە ساڵی 1991 بڕوانامەی دیپلۆمی بۆ ئامادەكردنی مامۆستایان بۆ وانەپێگوتنەوە بۆ ئەوانەی نابیستن وەرگرتووە. بەدوایدا بەكەلۆریۆسی لە ئیدارەی كار لە زانكۆی قودس لە ساڵی 1995دا بەدەست هێناوە. پێشتریش ماستەری لە دیراساتی ئەمەریكی لە زانكۆی قوردس لە ساڵی 1998 بەدەست هێنابوو.
لە نێوان ساڵانی 1992 تا 1996، شوا وەك مامۆستا بۆ نابیستان وانەی گوتووەتەوە لە پێوەندییەكانی گشتیی لە كۆمەڵەی "منداڵە نابیستەكانمان". بەدوایدا هاتە ناو دنیای رۆژنامەوانی وەك رۆژنامەنووس لە ئاژنسی هەواڵی ئوردن كاری كردووە. لە ساڵی 1999دا ئیدارەی تۆڕەكانی رێكخراوە ئەهلییەكان لە كەرتی غەزە بەڕێوە بردووە.
هەروەها ئەمجەد شوا لە ساڵی 2007دا بووە هاوئاهەنگیكاری هەڵمەتی نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشانەوەی گەمارۆی سەر غەزە. لە جەنگی غەزەی ئەمدواییەیش، شوا لە تەمووزی رابردوو رەخنەی لە دامەزراوەی غەزەی مرۆیی گرتبوو كە لەلایەن ئەمەریكا و ئیسرائیل پاڵپشتی دەكرێت، پێی وایە ئیدارەی ئەو دامەزراوەیە لە ئیدارەداندا زۆر خراپە. جیالەوەی لە كاتی وەرگرتنی هاوكارییە مرۆییەكان و لە نۆرەگرتندا، سەتان فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە كوژراون.
لە حەوتی تشرینی یەكەمی 2023 بە دەستپێشخەریی حەماس، جەنگی غەزە دەستی پێ كرد و لە رۆژی یەكەمی جەنگدا سەرووی هەزار و 200 ئیسرائیلی گیانیان لە دەست دا و سەرووی 200 كەسی تر بە بارمتە گیران. ئەو رووداوە بە رووداوێكی كارەساتبار بۆ جووەكان لەوەتەی رووداوی هۆڵۆكۆستەوە هەژمار كرا، بۆیە پەرچەكرداری توندی لێ كەوتەوە.
لەو كاتەوە سوپای ئیسرائیل لە ئاسمان و زەوییەوە غەزە بۆردمان دەكات كە بەهۆیەوە شارەكە بە تەواوی وێران بووە و دانیشتووانی شارەكە جگە لەوەی كە دەیان هەزاریان لێ كوژراوە، لە ژیانێكی زۆر سەختدا دەژین. دواین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستینیش، باس لە كوژرانی نزیكەی 60 هەزار فەلەستینی دەكات و زیاتر لە 120 هەزار كەسیش بریندار بوون.
لەلایەكی ترەوە بەپێی دوای ئاماری ئیسرائیل نزیكەی هەزار و 500 كەس كوژراون. زۆربەی قوربانییەكانی ئیسرائیل پێوەندی بە یەكەم رۆژی هێرشەكەی حەماس هەیە كە بەهۆیەوە هەزار و 200 كەس كوژران و زۆربەیان خەڵكی سڤیل بوون، لەگەڵ ئەمەدا زیاتر لە 200 ئیسرائیلی لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیران و لەو كاتەوە تەنیا 81 بارمتەیان ئازاد كراون.
لە 15ی كانوونی دووەم، بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بە ناوەندگیریی قەتەر، ئەمەریكا و میسر، ئاگربەستیان ڕاگەیاند و دەبوو بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام كێشە كەوتە ئاگربەستەكە و تا ئێستەیش هێرشی ئیسرائیل بەردەوامە و دۆخی ژیانی دانیشتووانی كەرتەكە لەوپەڕی خراپیدایە و برسێتی بە رژدی بەرۆكی گرتوون.
دواجاریش بەپێی پلانێكی ئەمەریكا و سەرۆكی ئەو وڵاتە، جەنگەكە بەكۆتا هات و تەواوی بارمتە ئیسرائیلییەكان ئازاد كراون، هەروەها نزیكەی دوو هەزار دیلی فەلەستینیش لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاد كران. ئێستەیش كار بۆ ئەوە دەكرێ قۆناغی ئاگربەستەكە دەست پێ بكات كە ئاوەدانكردنەوەی كەرتە وێرانكراوەكەی فەلەستینی "غەزە"یە.