كشانەوەی پەكەكە چۆن كار لە دۆخی عێراق دەكات؟

:: PM:07:08:28/10/2025 ‌

لە ماوەی دوایی پارتی كرێكارانی كوردستان بڕیاری كشانەوەی تەواوی هێزەكانی لە توركیا بەرەو قەندیل دا، تا ئێستە حكوومەتی عێراق هیچ لێدوانێكی لەوبارەوە نەداوە، لەوكاتەی شارەزایان باسی لێكەوتە و كاریگەرییەكانی ئەو هەنگاوەی پەكەكە لەسەر دۆخی عێراق دەكەن كە تەنیا توركیا پێشوازی لێ دەكات. 

بەشێك لە پەرلەمانتارانی عێراق ئەو هەنگاوە بە مەترسیدار بۆ دۆخی عێراق لە قەڵەم دەدەن، عارف حەمامی دەڵێت، هەنگاوێكی زۆر نیگەرانكارە و لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكرێت، لەوانە هەڵوێستێكی راشكاوانە بەرانبەر بوونی گرووپە چەكدارە بیانییەكان لە ناو خاكی عێراق نییە، هاوكات ئەگەری هەیە بەو هۆیەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانێكی ململانێكانی ئەنقەرە و پەكەكە و وڵات بكەوێتە مەترسییەوە.

یاسر حوسێنی پەرلەمانتارێكی تر ئاماژە دەكات كە بێدەنگیی حكوومەت بەرانبەر بە جموجۆڵی پەكەكە لە ناو خاكی عێراق قبووڵكراو نییە، وەك ئەوە وایە ئەوان خاوەن بڕیارن، پەكەكە رێكخراوێكی بیانییە و وەك تیرۆریست لە هەندێك وڵات پۆلێن كراوە و بوونی لە ناو خاكی عێراق هەڕەشەیەكی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و پاساوێك دەداتە هێزەكانی توركیا بۆ مانەوە و لەشكركێشی و بۆردمانكردنی خاكی عێراق.

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق كە ناوی ئاشكرا نەكرد گوتی، ئەو هەنگاوە مەترسیی گەورەی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی عێراق هەیە، وریایی لە شكستخواردنی رێككەوتنی ئەنقەرە و حزبەكە دا بەوەی دەوڵەتی عێراق ناتوانێت رووبەڕوویان ببێتەوە و لە خاكەكەی وەدەریان بنێت، لیژنەكەمان هیچ زانیارییەكی بەو كشانەوەی پەكەكە بۆ ناو خاكی عێراق نییە و حكوومەت هیچی پێ رانەگەیاندووین، لەو كاتەی حكوومەت زانیاری هەیە و پێشوەختە ئاگەدار كراوەتەوە. 

ئەو پەرلەمانتارە پێی وایە ئەو بابەتە بەهۆی سەرقاڵیی بە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، كاردانەوەی پێویستی لە ناوەندە فەرمییەكان بەرانبەر وەرنەگیراوە، غانم عابد توێژەری سیاسی دەڵێت، لەوەتەی ئەنقەرە و پەكەكە لەسەر توركیایەكی بێ تیرۆر رێككەوتوون، ئەو مەترسییە پێشبینیكراوە، هۆكارەكەش كەمتەرخەمیی حكوومەتە لە لایەك و هەوڵی میلیشیاكانی ئێرانە بۆ سوودبینین لە پەكەكە لە شنگال و قەندیل، بۆ گوشارخستنە سەر توركیا و هەوڵێر.   

روونی كردەوە، حكوومەتی عێراق هیچ گرنگییەكی بە رێككەوتنی پەكەكە و ئەنقەرە نەداوە و پێشتریش هەوڵی نەداوە بۆ كۆنترۆڵكردنی شنگال سوود لە توركیا ببینێت، بەڵكو ئەو دۆسیانەی بە كراوەیی هێشتەوە تا توركیا كێشەی خۆی چارەسەر كرد و دۆسیەكە تەنیا وەك مەترسی بۆ سەر عێراق مایەوە، سووریا پشتی بە ئەمەریكا بەست بۆ گوشاری سیاسی و توركیاش بۆ گوشاری سەربازی بۆ سەر پەكەكە، كەچی ناكۆكییە ناوخۆییە سیاسییەكان و ناكۆكیی هێزە شیعەكانی فەرمانڕەوا لەگەڵ حزبە كوردییەكان و سوننە باڵیان بەسەر عێراق كێشا.  

لای خۆیەوە ئەحمەد شەریفی شارەزای تەناهی و سەربازی دەڵێت، رازیبوونی حكوومەتی عێراق بە كشانەوەی شەڕوانانی پەكەكە بۆ ناو خاكی عێراق كارێكی هەڵەیە، چونكە بۆ گرتنەخۆی ئەو گرووپە پێویست بە بوونی پاساو دەكات، كە هیچ پاساوێك بۆ ئەو كارە نییە، توركیا پەلەی لە بابەتەكە كرد و لە دوورخستنەوەی كێشەكە بۆ ناو خاكی عێراق سەركەوتوو بوو، كەچی ئەو هەنگاوە تەنگژەكە چارەسەر ناكات و دیهێڵتەوە.

ئاماژەی كرد، هیچ گەرەنتییەك نییە جارێكی تر پەكەكە دەست بۆ چەك نەباتەوە، چونكە هەر شكستهێنانێكی گفتوگۆكان و رێككەوتنی نێوان توركیا و پەكەكە وا دەكات شەڕوانەكانی ئەو حزبە كە هاتوونەتە ناو خاكی عێراق جارێكی تر چەك هەڵبگرن و ئەوكات لە خاكی عێراقەوە هێرش دەكەنە سەر توركیا و ئەوەش پاساو بە ئەنقەرە دەدات بۆ مانەوەی هێزە سەربازییەكانی لە ناو خاكی عێراق و ئەگەری پێشڕەویكردن بۆ ناوچەی تریش وەك كەركووك، بە پاساوی پاراستنی پێكهاتەی توركمان، شەریفی دووپاتی كردەوە كە دەبوایە سوودانی ئەو بابەتە لەگەڵ ئەمەریكا وەك هاوپەیمانێكی ستراتیجیی عێراق باس بكات بەر لەوەی رێگە بە هاتنی چەكدارانی پەكەكە بۆ ناو خاكەكەی بدات.
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل