لەوەتەى كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رابەرایەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پێكهاتووە، رۆژ دوای رۆژ كوردستان گەشەی زیاتر بە خۆیەوە دەبینێت، بەرهەمی چاندنی ئەم هەموو پڕۆژەیە لەم ساڵدا زۆرینەی دوورایەوە.
ئێستە لەناو خەڵكی كوردستان وا باوە پرسیار دەكرێت، ئەرێ سبەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان چ پڕۆژەیەك دەكاتەوە؟ خۆیشی دوێنی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی وەڵامی ئەو پرسیارەی دایەوە و گوتی، بەرنامەی تەواو بۆ كردنەوەی پڕۆژەكان داخراوە پشت بەخوا، ئەگەر خەڵك بێزار نەبن، بەردەوام دەبین.
بابەتەكە ئەوە نییە، كە مەسروور بارزانی لە بواری رێگاوبان، كارەبای 24 سەعاتی، هەژماری من و بە دیجیتاڵكردن و رێككەوتن لەگەڵ بەغدا بۆ مووچە چی كردووە، بەڵكو بەرانبەر هەر وشەیەكی نەیارانی كوردستان و پارتی پڕۆژەیەكی كردووەتەوە.
كاتێك نەیارانی پارتی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارساڵ بۆ پەرلەمانی كوردستان دەیانگوت "دەیڕوخێنین" لەوكاتەوە تەنیا وشە بۆ وەڵامدانەوەیان ئەوە بوو كە "ناتوانن" لەو كاتەیشەوە تا ئێستە نەك نەیارانی پارتی نەیانتوانی هیچ هەنگاوێك بنێن، بەڵكو كردنەوەی ئەو هەموو پڕۆژەیە لەماوەی ئەمساڵدا تووشی گەشكەی كردوون.
ئەگەر بە نموونەی تەنیا كەمتر لە یەك مانگ وەربگرین، دەردەكەوێت مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان چی لە كوردستان كردووە، دوێنی پڕۆژەی ستراتیجی بۆریی غازی هەولێر بۆ دهۆكی كردەوە، كە پڕۆژەكە ستراتیجییە و جیا لە فراوانكردنی بەرهەمهێنانی غاز، دەبێتە هەنگاوێكی گەورە و گرنگ بۆ كارەبای كوردستان.
هەر لەوێ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دەتوانن كارەبای 24 سەعاتی بگەیەنن بە شارەكانی تری عێراق، ئەمڕۆیش میدیای عەرەبی ئەو لێدوانەیان وەك مژدانەیەك بۆ خەڵكی عێراق بڵاو كردەوە، كە ئەوانیش هاوشێوەی كوردستان دەبنە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.
مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەراورد ناكرێ، وای لێ هاتووە بەرانبەر هەر بانگەشەیەكی لایەنەكانی تر كە لەسەر بنەمای قسەن و هیچییان نەبووە بە كردار، وەڵامی بە پڕۆژە دەداتەوە.
لەناو خەڵكی وا باوە، ئەوان هەر شیڕەشیڕیانە لەناو جەماوەر و میدیاكەی خۆیشیان، كەچی لە هەمان رۆژدا مەسروور بارزانی دەڵێ، "سبەی" سبەی ترێندە واتا سبەی پڕۆژەكی تر دەكاتەوە.
ئێستەیش، سبەی پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر یەكەم نەمامی بە دەستی مەسروور بارزانی لێ دەچێنرێ، كە پڕۆژەكە خزمەتێكی گەورەی ژینگەی هەولێر دەكات.
ئەوان لە چەمچەماڵ دەیانگوت ئەو حكوومەتە جیاوازی دەكات لە پڕۆژەكاندا، هەر لەو ڕۆژەدا مەسروور بارزانی گوتی، بەرنامەمان هەیە بۆریی غازی كۆرمۆر بۆ چەمچەماڵیش بگوازینەوە.
كاتێكیش لەناو حزبەكانی تردا باسی حكوومەت دەكرا كە پڕۆژەكانی چییە؟ مەسروور بارزانی قردێلەی بەرزەپردی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كردەوە، كە لەسەر ئاستی عێراق بەرزترین و جوانترین پردە.
هەر لەماوەی ئەو هەفتەیەدا، كاتێك نەیاران لە كۆیە هاواریان دەكرد، كۆیە هیچی بۆ نەكراوە، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان مژدەی كردنەوەی شەقامی گۆمەسپانی راگەیاند و كردییەوە، كە شەقامەكە بێ وێنەیە و خەڵك ئێستە پێی سەرسامن.
هاوكات جووتسایدی هەولێر – كۆیە كە بە چاودێریی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بەڕێوە دەچێت، ئەمڕۆ دوا هەواڵ ئەوەیە کارەکان تا دێگەڵە رۆیشتووە.
ئینجا ئەوان لە گەرمیان هاواریان دەكرد، پڕۆژەی ئاو لە كوردستان بوونی نییە، كەچی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان گوتی، ئەوە پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە كرایەوە كە زیاتر لە 70 گوند سوودی لێ دەبینن، ئەوە باسی ئاوی پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای هەولێر هەر ناكەین كە شارەكەی بۆ 30 ساڵ زیاتر لە بێ ئاوی دوورخستەوە.
هەر لەماوەی ئەو هەفتەیەدا كە نەیاران خەریكی شیڕەشیڕ بوون، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان پاركی زانستی لە هەولێر كردەوە، پێشی گوتن ئەوە كارەبای 24 سەعاتی گەیشتە راپەڕین.
ئینجا لەو بەراوردكارییە بە تەواوی دەردەكەوێ، كە بەرانبەر هەر شیڕەشیڕێك پڕۆژەیەك دەكاتەوە، ئیتر پێویست بە قسە ناكات.