عێراق ساڵانە یەک ملیار دۆلار بۆ کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان خەرج دەکات

:: PM:12:33:31/10/2025 ‌
سەرەڕای ئەوەی عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی نەوت لە ڕێکخراوی ئۆپیک، بەڵام بەردەوامە لە هاوردەکردنی بڕێکی زۆری بەرهەمە نەوتییە سەرەکییەکان، وەک بەنزین و گازی شل ، بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بەرهەمی ناوخۆیی. داتاکان دەریدەخەن کە پاڵاوگەکانی عێراق، سەرەڕای بڵاوبوونەوەیان لە زۆربەی پارێزگاکان، هێشتا ناتوانن خواستە ناوخۆییە ڕوو لە هەڵکشانەکە پڕ بکەنەوە. ئەمەش وای لە حکوومەت کردووە پشت بە هاوردەکردن ببەستێت بۆ دابینکردنی پێویستیی بازاڕ لەو سووتەمەنییەی بۆ گواستنەوە و بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێت.

ژمارەکان قسە دەکەن
بەپێی قسەی شارەزای ئابووری، نەبیل مەرسومی، هاوردەکردنی گازی شل لەلایەن عێراقەوە لە ماوەی ساڵی 2025ـدا دوو هێندە بووە، لە 120 هەزار تەن لە چارەکی دووەمەوە بۆ 260 هەزار تەن لە چارەکی سێیەم بەرزبووەتەوە، کە هۆکارەکەی بەکارهێنانی زۆریەتی بۆ وێستگەکانی کارەبا. هاوردەکردنی بەنزینیش لە 350 هەزار تۆنەوە بۆ 396 هەزار تۆن لە هەمان ماوەدا بەرزبووەتەوە، چونکە بەرهەمی ناوخۆیی بەشی خواست ناکات.

بەپێی داتاکانی "ناوەندی بەیان بۆ توێژینەوە و پلاندانان"، عێراق ساڵانە نزیکەی یەک ملیار دۆلار بۆ کڕینی بەرهەمە نەوتییەکان خەرج دەکات، کە ئەمەش خوێنبەربوونێکی داراییە بۆ گەنجینەی دەوڵەت و لێدانە لە وێنەی وڵاتێک کە وا دەزانرێت لە ڕووی نەوتەوە خۆبژێوە.

پاڵاوگە هەیە، بەڵام بەرهەم نییە
عێراق خاوەنی چەندین پاڵاوگەی گەورەیە وەک بەسرە (210 هەزار بەرمیل/ڕۆژانە)، دۆرە (180 هەزار بەرمیل/ڕۆژانە)، و کەرکووک (150 هەزار بەرمیل/ڕۆژانە). بەڵام سەرەڕای ئەم توانایە، ڕاپۆرتەکانی وەزارەتی نەوت و ئاژانسی وزەی ئەمەریکا (EIA) دووپاتی دەکەنەوە کە توانای کارپێکردنی ڕاستەقینەی ئەم پاڵاوگانە لە 60% تێپەڕناکات. هۆکارەکانیش بریتین لە کۆنیی کەرەستەکان، کێشەی تەکنیکی، و نەبوونی یەکەی چارەسەری پێشکەوتوو وەک یەکەکانی (FCC) کە تایبەتن بە بەرهەمهێنانی بەنزینی کوالێتی بەرز.

توانای پاڵاوتنی ڕاستەقینەی عێراق تەنیا نزیکەی 609 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، کە ئەمەش کەمترە لە نیوەی پێداویستیی ڕۆژانەی وڵات. واتە نزیکەی دوو لەسەر سێی ئەو بەنزین و گازەی لە بازاڕدا بەکاردێت، هاوردەکراوە.

بەڵێنی حکوومەت و ڕاستیی پڕۆژەکان
لەکاتێکدا گۆڤاری (MEES) ئاشکرای کردووە کە عێراق لە ساڵی 2025ـدا ڕۆژانە نزیکەی 37,000 بەرمیلی بەنزینی هاوردە کردووە، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، لە ناوەڕاستی هەمان ساڵدا بەڵێنی دا کە تا کۆتاییی ساڵ هاوردەکردنی بەنزین بە تەواوی ڕادەگرن.

بەڵام ڕاستییەکان پێچەوانەی ئەم بەڵێنەن. پڕۆژەی یەکەی (FCC) لە پاڵاوگەی بەسرە، کە پشتی پێ دەبەسترێت بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی، بەپێی خشتەی کاتیی کۆمپانیا ژاپۆنییە جێبەجێکارەکان، تا ناوەڕاستی ساڵی 2026 ناکەوێتە کار. ئەمەش واتە عێراق بە درێژایی ساڵی 2025 و لانیکەم بەشێک لە ساڵی 2026 هەر بەردەوام دەبێت لە کڕینی بەنزین.

کێ سوودمەندە لە بەردەوامیی هاوردەکردن؟
ئەم جیاوازییەی نێوان لێدوان و جێبەجێکردن، گومانی ئەوە دروست دەکات کە دەستێک لە پشت هێشتنەوەی دۆسیەی هاوردەکردنەوە هەبێت. شارەزایانی بواری وزە دووپاتی دەکەنەوە کە بەردەوامیی هاوردەکردن، بازنەیەکی گەورەی بەرژەوەندیی دارایی بۆ کەسانی باڵادەست و خاوەن نفوز لە ناوەوە و دەرەوەی کەرتی نەوت دروست کردووە. گرێبەستەکانی کڕین بەبێ شەفافیەت بە کۆمپانیای دیاریکراو دەدرێن، کە زۆرجار لە ڕێگەی نێوەندکاری ناوخۆییەوە کار دەکەن.

چاودێران پێیان وایە کە پەکخستنی پاڵاوگە کۆنەکان یان دواخستنی پڕۆژە نوێیەکان، هەمیشە هۆکاری تەکنیکی نییە، بەڵکو زۆرجار هۆکاری ئابووری و سیاسیی لە پشتە، چونکە بەردەوامیی هاوردەکردن، واتە بەردەوامیی هاتنی قازانج لە بازاڕێکدا کە دوورە لە چاودێری.


وشە - پۆڵا مەحموود