لە یەکێک لە کاتەکانی ساڵی 1985، لە کافیتریای ڕۆژنامەی 
واشنتن تایمز، نانی نیوەڕۆم لەگەڵ "سام فرانسیس" خوارد، کە هەردووکمان کارمان تێیدا دەکرد، ڕەنگە هەرگیز ناوی سام فرانسیستان نەبیستبێت، بەڵام لایەنگرانی ماگا (لانی کەم ئەوانەی زیاتر ڕۆشنبیرن) وەک یەکێک لە بیرمەندە سەرەکییەکانی بزووتنەوەکەیان دەیناسن.
 
		
نانی نیوەڕۆکە ناخۆش بوو، چونکە من ئەوم بە کەسێکی تاریک و ترسناک دەزانی (ڕەنگە ئەویش منی بە ساویلکە زانیبێت)، ئەوکاتە تێ نەدەگەیشتم کە شێوازی بیرکردنەوەی ئەو لە ناوەندە کۆنسێرڤەتیستەکاندا سەردەکەوێت و شێوازی بیرکردنەوەی من شکست دەهێنێت پێم وانییە ئەو سەرکەوت چونکە؛ ئەو بە ئاشکرا ڕەگەزپەرست بوو، هەرچەندە لە ڕاستیشدا وابوو، (دواتر لە کارەکەی دەرکرا بەهۆی نووسینی ستوونێک کە تێیدا دەیگوت، نە "کۆیلایەتی" و نە "ڕەگەزپەرستی" وەک دامەزراوەیەک گوناح نین"، پێموایە ئەو سەرکەوت چونکە؛ شۆڕشگێڕ بوو، لە کاتێکدا من کۆنسەرڤەتیڤ بووم، من دەمویست شتەکان چاک بکەم، ئەو دەیویست هەمووی وێران بکات و بیسووتێنێت.
	
	
بۆچوونەکانی فرانسیس لە ڕووی ناوەڕۆکەوە وەک کاردانەوەیەک دەردەکەوتن، بەڵام لە ڕووی میتۆدەوە شۆڕشگێڕانە بوون، ئەو تێگەیشتبوو کە تاکتیکەکانی لە کارڵ مارکس و ڤلادیمیر لێنینەوە نزیکترن تا ئێدمۆند بێرک. هەر تەنها ئەویش نەبوو، لە ماوەی نزیکەی 50 ساڵی ڕابردوودا، بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی باڵی چەپ چوونەتە ناو ئەوەی کە مارکسیستی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی ناوی نابوو "فەلسەفەی خۆڕسک" و ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین ئەتمۆسفێری کولتووری. ماگا، سوودی لە بەکارهێنانی ئەم بیرۆکانە وەرگرتووە بۆ لەناوبردنی چەپەکان.
	
	
ئەو بیرۆکانە داهێنران، کاتێک ناوەندی بۆرجوازی دامەزراوەی کولتووری پێکدەهێنا، بۆ لەناوبردنی ئەو دامەزراوەیە پەرەیان پێ درا. ئێستە چەپەکانی زانکۆ و نوخبەکان، دامەزراوەی کولتوورین و بیرۆکە شۆڕشگێڕییەکانی باڵی چەپ بە هەمان شێوە دژی خۆیان کار دەکەن، با چەند نموونەیەکتان بدەمێ کە چۆن ماگا بیرۆکەکانی چەپ لە باوەش دەگرێت بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی (تەنانەت ئەگەر لە زۆربەی حاڵەتەکاندا نەزانن ئەم بیرۆکانە لەکوێوە هاتوون):
	
	
پۆستمۆدێرنیزم:
 زۆرێک لە پۆستمۆدێرنیستەکان دەیانگوت شتێک نییە بە ناوی ڕاستی (Truth) بە پیتی گەورە، واتە ڕاستی ڕەها، وتەکان گێڕانەوەی دروستکراون بۆ سەپاندنی دەسەڵات، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، گێڕانەوەی کێ باڵادەستی کۆمەڵایەتی بەدەست دەهێنێت. وەک جۆناسان ڕاوچ لە وتارێکی بلیمەتانەدا لە گۆڤاری (Persuasion) ئاماژەی پێ کردووە، دۆناڵد ترەمپ، کە ڕەنگە هەرگیز ناوی پۆستمۆدێرنیستەکانی نەبیستبێت، ئەو بیرۆکەیەی وەرگرت و کاری پێ کرد، ڕاستی هەر شتێکە کە ئەو دەیڵێت. کێلیان کۆنوەی باسی "ڕاستییە جێگرەوەکان"ی دەکرد، ڕوودی جولیانی، ئەو پۆستمۆدێرنیستە بەناوبانگە، گوتی "ڕاستی، ڕاستی نییە."
	
	
دژەجیهانگیری:
		
 لە ساڵی 1999، کۆمەڵێک چالاک کە زۆربەیان چەپ بوون، دژی بازرگانیی ئازاد و جیهانگیری لە کۆبوونەوەیەکی ڕێکخراوی بازرگانیی جیهانی لە سیاتڵ خۆپێشاندانیان کرد، حەز دەکەم بگەڕێمەوە بۆ ئەو کاتە و سەیری ڕوخساریان بکەم کاتێک پێیان دەڵێم ڕزگارکەرەکەی داهاتوویان کێ دەبێت.
	
	
دەستەبژێری لە دەسەڵاتدا:
 کۆمەڵناسی ڕادیکاڵ "سی. ڕایت میڵز" لە ساڵی 1956 کتێبێکی بەم ناوەوە نووسی، بۆچوونی ئەو ئەوە بوو، دەستەبژێرێکی سێبەر هەیە پێکهاتووە لەو کەسانەی کە لە یانە تایبەتەکانی هارڤارد، یەیڵ و پرینستن وەرگیرابوون، لە ڕاستیدا ئەوان ئەمەریکایان بەڕێوە دەبرد. پیتەر دەیڵ سکۆت، پرۆفیسۆری بێرکلی، دەستی کرد بە لێکۆڵینەوە لە چینێکی سیاسەتکار کە دواجار لە کتێبەکەیدا لە ساڵی 2007 بە ناوی "ڕێگاکە بەرەو 11ی سێپتێمبەر" ناوی نا "دەوڵەتی قووڵ" (Deep State) وەک دەزانن، ماگا چەمکی "دەوڵەتی قووڵ" و ئەم جۆرە بیرکردنەوە پیلانگێڕییە لە باوەش دەگرێت.
	
	
مارکسیزم - لێنینیزم:
 مارکس، مێژووی لە ڕوانگەی ململانێی چینایەتییەوە دەبینی. ماگاش، مێژوو وەک ململانێی نێوان جەماوەر و دەستەبژێرەکان دەبینێت. لێنین، باوەڕی وابوو کە هەر دەوڵەتێک دیکتاتۆریەتی یەک چین دادەمەزرێنێت. ماگا، باوەڕی وایە ئەمەریکا لەلایەن دیکتاتۆریەتی دەستەبژێرە خوێندەوارەکانەوە حوکم کراوە. لێنین تێگەیشت کە دەتوانێت پێشەنگی شۆڕشگێرانە بەکاربهێنیت بۆ دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و بە تەواوی لەناوبردنی پێکهاتەکانی ڕژێمی کۆن، ئەمە ئەوەیە کە ماگا هەوڵی بۆ دەدات، بە بەکارهێنانی تاکتیکە لێنینییە تەقلیدییەکان.
لە ساڵی 2013، ستیڤ بانن، لەم بارەیەوە ڕاستگۆ بوو، لە چاوپێکەوتنێکدا گوتی: "من لێنینیستم"، "لێنین دەیویست دەوڵەت لەناو ببات و ئەوە ئامانجی منیشە، دەمەوێت هەموو شتێک بڕووخێنم، هەموو دامەزراوەکانی ئەمڕۆ لەناو ببەم". کریستۆفەر ڕووفۆ، جەنگاوەری کولتووریی کۆنسێرڤەتیڤ، چەمکی "پێشەنگگەرایی "(vanguardism)ی لێنین بەرجەستە دەکات، کە پێویستی بە تاقمێکی شۆڕشگێڕی بچووکە بۆ پاڵنانی مێژوو و ئازادکردنی جەماوەر.
	
	
تیۆری ڕەخنەیی:
ئەم تێکەڵە هزرییە کە لە شتێکەوە بە ناوی قوتابخانەی فرانکفۆرت سەری هەڵدا، لەسەر بنەمای مارکسیزم بنیات نرا، کاریگەریی لەسەر چەپی نوێ لە ماوەی دوو نەوەی ڕابردوودا هەبوو، یەکێک لە بنەماکانی ئەوەیە کە دامەزراوە بێلایەنەکانی کۆمەڵگە تەنیا فێڵێکن کە دەستەبژێرەکان بۆ شاردنەوەی دەسەڵاتیان بەکاری دەهێنن. ترەمپ هاوڕایە، وەزارەتێکی دادی بێلایەن؟ نەما، میدیایەکی بێلایەن؟ نەما، دەستوورێکی بێلایەن؟ خەریکە نامێنێت، دەسەڵاتێکی دادوەریی بێلایەن؟ خەریکە نامێنێت، ئازادیی ڕادەربڕین؟ خەریکە نامێنێت.
	
	
سیاسەتی ناسنامە:
ئەمە، یەکەم، لەسەر ئەو بیرۆکەیە بنیات نراوە کە ناسنامەی گرووپەکەت جیهانبینیی تۆ زیاتر لە هۆشیاریی تاکەکەسیی تۆ ڕوون دەکاتەوە. دووەم، لەسەر ئەو بیرۆکەیە بنیات نراوە کە مێژوو ململانێی نێوان گرووپە ستەمکار و ستەملێکراوەکانە. سێیەم، لەسەر ئەو بیرۆکەیە بنیات نراوە کە گرووپە قوربانییەکان بێتاوانن و گرووپە ستەمکارەکان خراپەکارن. تۆ بەپێی ئەوە پێناسە دەکرێیت کە گرووپەکەت چەندە ستەمی لێ کراوە، لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوودا، بەشە ئەکادیمییەکانی بنچینەکراو لەسەر ناسنامە لە زانکۆکانی ئەمەریکادا گەشەیان کرد لێکۆڵینەوەکانی ژنان، لێکۆڵینەوەکانی ئەفریقی – ئەمەریکی و...هتد.
	
	
ترەمپ ئەم بیرۆکەیەی وەرگرت و سەراوژێری کردەوە، ئێستە پرۆفیسۆرەکانی لێکۆڵینەوە کولتوورییەکان ستەمکارە خراپەکارەکانن و مەسیحییە ئینجیلییەکان ستەملێکراوە چەوساوەکانن، وەک زۆر کەس ئاماژەیان پێ کردووە، ماگا سیاسەتی ناسنامەیە بۆ سپی پێستەکان، دەرکەوت کە سیاسەتی ناسنامە کاریگەرترە کاتێک گرووپەکەت زۆرینەیە.
	
	
وەرچەرخانی گرامشییانە: 
 گرامشی دەیگوت، دەسەڵاتی کولتووری تێکەڵ بە دەسەڵاتی سیاسی بووە، دامەزراوە سەرمایەدارییەکان دەسەڵاتی خۆیان لە ڕێگەی هەژموونی کولتوورییەوە بەکاردەهێنن، گۆڕانکارییە سیاسییەکان بەرجەستەبوونی ئەو گۆڕانکارییانەن لە بەهاکاندا کە پێشتر لە مێشکی خەڵکدا ڕوویان داوە. سام فرانسیس (کە لە ساڵی 2005 کۆچی دوایی کرد) بە ڕاشکاوی ئاماژەی بە گرامشی کرد وەک نموونەی خۆی کاتێک خەریکی ململانێکانی جەنگی کولتووری بوو. کریستۆفەر ڕوفۆش ئەمڕۆ هەمان شت دەکات، هەر بۆیە ترەمپ هێرش دەکاتە سەر زانکۆکان، پەخشی گشتی و سەنتەری کەنەدی. فرانسیس جارێک نووسیبووی، "سەرنجی سەرەکی دەبێت لەسەر وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی کولتووری بێت، پەرەپێدانی سەبرگرانەی کولتوورێکی جێگرەوە لەناو ڕژێمدا بەڵام دژی ڕژێم (لەناو سکی دڕندەکەدا بەڵام هەرس نەکراو لەلایەن ئەوەوە.)
	
	
سنووربەزێنی: 
لە سەدەی نۆزدەهەمەوە، کەسایەتییە کولتوورییەکانی باڵی چەپ هەوڵیان داوە "بورجوازی تووشی شۆک بکەن" (épater le bourgeois)  ئەمەیان بەشێکی لە ڕێگەی کارە هونەرییەکانی وەک "فاونتن 1917"ی مارسێل دوشان و "مەسیحی ناو میز"، زنجیرە وێنەیەکی فۆتۆگرافیی ئەندرێس سێرانۆ لە ساڵی 1987 کە خاچێکی پلاستیکی نوقمی ڕوتەختێکی شوشەیی میز کرابوو. خۆشە دەستەبژێرەکان تووشی شۆک بکەیت، بە خۆت دەڵێیت هەوڵ دەدەیت کۆمەڵگەی بەڕەوشت بەرەو شێوازێکی نوێی بیرکردنەوە ببەیت، بەم دواییانە پۆلیتیکۆ ڕاپۆرتێکی لەسەر گفتوگۆیەکی گرووپی کۆمارییەکان بڵاوکردەوە کە هەستێکی بەهێزی "شۆککردنی بورجوازی"ی تێدا بوو، بەشداربووان بە ئەنقەست لێدوانی هێرشبەرانە و پێشێلکارانەی نمایشییان بڵاو دەکردەوە وەک "من حەزم لە هیتلەرە" و نوکتەی هۆلۆکۆست وەک "دەبێت وا خۆمان نیشان بدەین کە حەزمان لێیانە. هەی، وەرنە ژوورەوە. خۆتان بشۆن و بحەسێنەوە. بووم — ئەوان مردوون."
	
	
کولتووری هەڵوەشاندنەوە (Cancel Culture):
لە ئەمەریکا مرۆڤی ئامادە بۆ ئەوەی دڵگران بێت زیاترە لەوانەی ئامادەن بۆ دڵگرانکردن، چەند ساڵێک لەمەوبەر، خەڵک کارەکانیان لەدەست دەدا بەهۆی گوتنی وشەیەک کە چەپە هەستیارەکانی دڵگران دەکرد، ئێستا خەڵک کارەکانیان لەدەست دەدەن بەهۆی گوتنی وشەیەک کە ڕاستڕەوە هەستیارەکان دڵگران دەکات. ئەم وشانە وەک هەمەجۆری، یەکسانی، جێندەر، نادوانەیی، دژەڕەگەزپەرستی، تڕاوما و وتاری ڕق لێبوونەوەن، تەنانەت تەنیا تایپکردنی وشەی وەک تڕاوما من تووشی تڕاوما دەکات، چ ترسناکییەکە! چ ترسناکییەکە!
	
	
ساڵی پار، نووسەرێک بە ناوی جەیمس لیندسی زمانی لە "مانیفێستی کۆمۆنیست" وەرگرت، ئاڕاستەکانی گۆڕی بۆ ئەوەی ڕاستڕەوانە بن و پێشکەشی بڵاوکراوەیەکی پارێزگاری کرد بە ناوی (The American Reformer). سەرنووسەرەکان، کە ئاگاداری سەرچاوەکەی نەبوون، بە خۆشحاڵییەوە چاپیان کرد، کاتێک فێڵەکە ئاشکرا بوو، هێشتا دڵخۆش بوون! ڕاستڕەوەکان ئێستا ئامادەن ئەو بیرۆکانە لە باوەش بگرن کە بوونە هۆی ستەمکاری، گولاگ و شۆڕشی کولتووریی ماو. جێی سەرنجە، ڕاستڕەوەکان ئەو بیرۆکە چەپانەیان وەرنەگرت کە مەبەستیان بنیاتنانی شتێک بوو، تەنیا ئەو بیرۆکانەیان وەرگرت کە مەبەستیان لەناوبردن بوو.
	
	
بەڵام چەپەکانیش بێبەری نین، لە ساڵی 1848ەوە، ڕۆشنبیرانی چەپ کار لەسەر کۆمەڵێک بیری سەرەکی دەکەن، کە بەشێکی لەو بیرۆکانەی سەرەوە پێکهاتووە، لە ساڵی 2020دا، دیموکراتە "وۆک"ەکان بە پەرۆشەوە ئەم بیرۆکانەیان لە باوەش گرت، تا ئەو کاتەی دۆناڵد ترەمپ بە تەواوی دەستی بەسەردا گرتن و بێبایەخی کردن، یەکێک لە هۆکارەکان کە پارتی دیموکرات زۆر بەدەست کێشەوە دەناڵێنێت ئەوەیە، کە ئایدیۆلۆجیا ڕادیکاڵەکانی چەپ کە بنەمای هەڵوێستە کولتوورییەکانی بوون، پووکاونەتەوە و هێشتا نەریتێکی هزریی میانڕەوتری بنیات نەناوە تا پشتی پێ ببەستێت.
	
	
ئەگەر ڕستەیەکی یەک دێڕیت دەوێت بۆ ڕەچەتەکردنی ئەوەی سیاسەت ئێستە لە کوێدایە، ئەمە ڕستەی منە: ئێستە کۆمەڵێک شۆڕشگێڕی ڕاستڕەومان هەیە، کە هیچ ئایدیۆلۆجیایەکی بنیاتنەرانەیان نییە و ڕووبەڕووی کۆمەڵێک پێشکەوتنخواز بوونەتەوە، کە ڕێگەیان دا بزووتنەوەکەیان لەلایەن ئایدیۆلۆجیایەکی شۆڕشگێڕی چەپی شکستخواردووەوە داگیر بکرێت.
	
	
نووسینی: دەیڤد بروکس
وەرگێڕانى: ڕامیار مەحموود