سەرەڕای ئەو هەموو كێشە و بێنە و بەردەیەی لە عێراق و هەرێمی كوردستاندا هەیە، بەڵام بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی، هاووڵاتییانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، خەمۆكییان كەمە، ئەمەش هۆكارەكەی ئەو ژینگە كۆمەڵایەتییە گرنگەیە كە تێیدا دەژین.
ئێستە وڵاتانی پێشكەوتوو بەدەست خەمۆكییەوە گیرۆدەن و خەمۆكی بووەتە كێشەیەكی بنەڕەتی ژیانی رۆژانە، بەشی زۆریشی بەپێی ئامارەكان پێوەندیی بە نەبوونی پێوەندیی كۆمەڵایەتییەوە هەیە.
بەپێی راپۆرتێكی ناوەندی "country cassette " ئەمەریكی لەبارەی رێژەی خەمۆكی بڵاو كراوەتەوە، تێیدا عێراق بەهەرێمی كوردستانیشەوە، لە ریزبەندی 154دان لە كۆی 180 وڵات لە رووی خەمۆكییەوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبیش لە ریزبەندی 16دان.
ئیمارات و قەتەر وەك دوو وڵاتی گەشەسەندوو لە ئاستی ناوچەكە، زۆرترین خەمۆكییان تێدایە و بەپێی ئامارەكە لە پلەی یەكەم و دووەمدان.
راپۆرتی ناوەندەكە هۆشداریی داوە لەوەی وڵاتان ئەگەرچی لە زۆر بواردا پێشكەوتوون، بەڵام بەهۆی نەمانی پێوەندیی كۆمەڵایەتی رێژەی خەمۆكی تێیاندا گەلێك بەرز بووەتەوە.
لەسەر ئاستی دنیاش، ئۆكراینا لە پلەی یەكەمی وڵاتاندایە لە رێژەی خەمۆكی و بە ڕێژەی 6.3%، ئەمەریكا لە پلەی دووەمدایە بە رێژەی 5.9%، دوای ئەو ئوسترالیا لە پلەی سێیەم و رێژەی 5.9%یە، ئیستۆنیا لە پلەی چوارەم و رێژەی 5.9% و بەرازیل لە پلەی پێنجەم و رێژەی 5.9% دێن.
دوورگەكانی سۆلۆمۆن لە زەریای هێمن، لە كۆتایی پلەی وڵاتاندان لە رووی خەمۆكییەوە بە رێژەی 2.9%، كەمترین رێژەی خەمۆكیی تێدایە لەسەر ئاستی وڵاتانی دنیا.