ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مه‌ریكا به ئامانجی رزگاركردنی حكوومه‌تی وڵاته‌كه له داخرانی درێژخایه‌ن، به 60 ده‌نگی به‌ڵێ به‌رانبه‌ر 40 ده‌نگی نه‌خێر، پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی په‌سند كرد. به‌و پێیه له ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا له دۆخی داخران رزگاری ده‌بێت.
له‌وه‌ته‌ی ئه‌مه‌ریكا دامه‌زراوه، هیچ حكوومه‌تێكی هێنده‌ی ئه‌م حكوومه‌تی ئێسته‌ی كه دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له دۆخی داخراندا نه‌بووه. به‌پێی پڕۆژه‌كه بودجه‌ی حكوومه‌ت تا كۆتایی مانگی كانوونی دووه‌م دابین ده‌كرێت، له‌و كێشه‌یه رزگاری ده‌بێت كه نزیكه‌ی مانگ و نیوێك بوو تێی كه‌وتبوو.
هه‌ڵسووڕانی چالاكییه‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا به‌و بودجه‌یه گرێ دراوه كه به یاسا بۆی دیاری كراوه، كاتێك بودجه‌كه‌ی ته‌واو ده‌بێت و بۆی نوێ ناكرێته‌وه، حكوومه‌ت به ناچاری داده‌خرێت و ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌ره فیدراڵییه‌كانی ده‌نێرێته ماڵه‌وه و بودجه‌ی به‌شێك له دامه‌زراوه‌كانی ده‌بڕێت.
ئه‌وه‌ی هۆكار بوو له‌وه‌ی بودجه‌كه په‌سند بكرێت، هه‌شت نوێنه‌ری دیموكراتی ئه‌نجوومه‌نی پیران بوو كه چوونه پاڵ كۆماریخوازه‌كان و ده‌نگیان به پڕۆژه‌كه دا. ئه‌مه ده‌ره‌نجامی دانوستانی چڕی كۆماریخوازه‌كان له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك نوێنه‌ری دیموكرات بوو، كه داوایان كردبوو فه‌رمانبه‌رانی فیدراڵی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان و ده‌ست به خزمه‌تگوزارییه‌كان بكه‌نه‌وه.
ئه‌مجاره نۆره‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به پڕۆژه‌كه بدات، تا دواجار بچێته لای تره‌مپ و واژووی له‌سه‌ر بكات و وه‌ك یاسا ده‌ست به جێبه‌جێكردنی بكرێت.
كۆماریخوازه‌كان بۆ تێپه‌ڕاندنی بودجه، پێویستیان به زۆرینه‌ی 60 نوێنه‌ری ئه‌نجوومه‌نی پیران هه‌بوو و بۆ ئه‌مه لانی كه‌م پێویستیان به حه‌وت ده‌نگی دیموكرات هه‌بوو، چونكه ده‌نگه‌كانی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه 53 به 47 به‌سه‌ر دوو پارتی سه‌ره‌كی وڵاته‌كه‌دا دابه‌ش بوون، كۆماریخوازه‌كان راسته له‌م خوله‌دا زۆرینه‌ن، به‌ڵام توانای تێپه‌ڕاندنی هه‌ندێك یاسایان به ته‌نیا نییه.
سه‌یر له‌وه‌دایه له ناو كۆماریخوازهكاندا ته‌نیا یه‌ك نوێنه‌ر به نه‌خێر ده‌نگی به پڕۆژه‌كه دا كه بریتی بوو له ره‌ند پال له ویلایه‌تی كه‌نتاكی، چووه پاڵ دیموكراته‌كان بۆ ئه‌وه‌ی دژی پڕۆژه‌كه ده‌نگ بدات. چانسی دیموكراته‌كان له‌وه دابوو ژماره‌ی ئه‌و دیموكراتانه‌ی هاتبوونه پاڵیان، بۆ هه‌شت كه‌س زیادی كرد، بۆیه‌ش پڕۆژه‌كه په‌سند كرا.
سوزان كالینز سیناتۆری كۆماریخواز كه رۆڵێكی زۆر گرنگی له داڕشتنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌دا هه‌بوو، دوای په‌سندكردنی بودجه‌كه گوتی، ''ئێمه دووباره حكوومه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه و ئه‌وه دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه كه فه‌رمانبه‌رانی فیدراڵی، ئه‌و مووچه‌یه وه‌رده‌گرن كه شایانی ئه‌وه‌ن پێیان بدرێت.''
جێی باسه زۆربه‌ی خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا، له سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه داخرابوو و نزیكه‌ی ملیۆنێك و 400 هه‌زار فه‌رمانبه‌ری فیدراڵی، ره‌وانه‌ی ماڵه‌وه كردبووه‌وه بێ ئه‌وه‌ی مووچه‌یان بۆ دابین بكات.
داخرانی حكوومه‌تی ئه‌مه‌ریكا كاریگه‌ریی زۆر به‌رچاوی له‌سه‌ر كه‌رته جیاوازه‌كانی خزمه‌تگوزاری، له‌وانه‌ش گه‌شته ناوخۆییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و پێشكه‌شكردنی پاڵپشتیی خۆراكی به 41 ملیۆن كه‌س له دانیشتووانی كه‌مداهاتی ئه‌مه‌ریكا هه‌بووه.
له ئه‌مه‌ریكادا یاسا له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه، حكوومه‌تیش ناتوانێت له ده‌ره‌وه‌ی یاسا هیچ هه‌نگاوێك بنێت و ته‌نانه‌ت ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه داخرابوو، نه‌یده‌توانی پاره‌ی كارمه‌نده‌كانی بدات.