هێزە عێراقییەكان چاوێكیان لەسەر یەكتر و چاوەكەی تر لەسەر واشنتن و تاران

:: PM:07:16:17/11/2025 ‌

11ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوە چوو، ئەنجامە سەرەتاییەكان هاتنە راگەیاندن و بڕیارە ئەمشەویش ئەنجامی كۆتایی رابگەیەندرێت، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئەنجامەكان هەرچییەك بن، فاكتەرەكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ جێگیرن، لە ناوخۆیی و دەرەكی، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە عێراقییەكان دوور لە ویستی ئەمەریكا و ئێران، كێبەركێی دەسەڵات دەكەن.

دوای بەڕێوەچوون و راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن، هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران پیرۆزباییان لە عێراق كرد، شارەزایان دەڵێن ئێران لە ئەنجامەكان رازییە، كاتێك میلیشیاكان 80 كورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، ئەوەش پێگەی لە ناو عێراق و كاریگەری لەسەر بڕیاردان بەهێز دەكات، هەرچی ئەمەریكایە دووپاتی لە سەقامگیریی عێراق و ئەنجامدانی چاكسازی و كۆتاهێنان بە دەستوەردانی دەرەكی و میلیشیاكانی ئێران كردەوە، ئەوانەش پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ئاڵۆزتر دەكەن.   

حوسێن تائی توێژەری سیاسی دەڵێت، هەردوو لایەن، واتە ئێران و ئەمەریكا، ئامرازی گوشار و هەژموونی جیاوازیان لە عێراق هەیە، ئێران پشت بە تۆڕێكی میلیشیا و هێزە سیاسییەكان لەناو پرۆسەی سیاسی دەبەستێت و ئەمەریكاش ئامرازی گوشاری ئابووری و تەناهی بەدەستە و دەتوانێت سیناریۆكانی پێكهێنانی حكوومەت تێپەڕێنێت یان بەربەستی بكات، بۆیە هێز ئەوە نییە كە سەرۆك وەزیران بسەپێنێت، بەڵكو ئەوەیە كێ مسۆگەری بەردەوامبوونی حكوومەتەكە بێ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژە دەكات.  

عەبدوڵا روكابی شرۆڤەكاری سیاسی روونی كردەوە، ئەوەی ئێستە روودەدات ململانێیەكی راستەوخۆی ئێران و ئەمەریكا نییە بەقەد ئەوەی رێكخستنەوەی پێوەندییەكانیانە لە عێراق لە دوای هەڵبژاردنێك براوەیەكی یەكلاكەرەوەی نەبوو، روونی كردەوە، تاران دەیەوێ پارێزگاری لە یەكگرتوویی ناو ماڵی شیعە بكات بۆ ئەوەی ئەنجامی گفتوگۆكان لە دەستی ئەو دەرنەچن، لەوكاتەی واشنتن گرنگی بە مسۆگەركردنی سەقامگیریی ئابووری و تەناهی دەدات كە بێ رووبەڕووبوونەوەیەكی كراوە رۆڵی میلیشیاكان لاواز و سنووردار بكات. 

ئەو شرۆڤەكارە پێی وایە یەكلاكردنەوەی ئەو بابەتە بەدەستی هێزە عێراقییەكانە، چونكە هیچ هاوسەنگییەكی دەرەكی دروست نابێت بێ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لێكگەیشتنی ناوخۆیی لەسەر دروست نەبێت كە بتوانێت ئیدارەی خولی داهاتووی حكوومەت بكات.

لای خۆیەوە فەلاح مەشعەل نووسەر و شارەزای سیاسەتی نێودەوڵەتی بە جۆرێكی تر دەڕوانێتە هەڵبژاردنی عێراق و هەڵوێستی هێزە سیاسییەكان لە پێكهاتنی حكوومەتی نوێ و دەڵێت، كێبەركێی دارایی و كڕینی دەنگ هەڵبژاردنی عێراقیان یەكلا كردەوە، ئەمەریكا عێراقێكی بێ میلیشیای چەكدار و دوور لە ئێرانی دەوێت.

روونی كردەوە، هەرچی ئێرانە عێراقێكی لایەنگر بۆ خۆی و بەرگریكار و دوژمن بۆ ئەمەریكای دەوێت، ئەو بە ئەنجامی هەڵبژاردن خۆشحاڵ و رازییە، هەرچی حزب و میلیشیاكانن كە كورسیی پەرلەمانیان بەدەست هێناوە، دیارە ئەوان باكیان بە داواكاریی سەرپەرشتیارانی پرۆسەی سیاسی نییە، واتە ئەمەریكا و ئێران و تەنیا بیر لە بەش و بەركەوتەیان لە حكوومەتی نوێ دەكەنەوە، وەك ئەوەی یادەوەریان لەدەست دابێت و تەنیا وێنەی دۆلاری تیادا مابێت دوای ئەوەی بەسەر تمەن سەر كەوت. 

شارەزایان دەڵێن هەر سەرۆك وەزیرانێكی راسپێردراو پێویستە چەند مەرجێكی تیادا بێت و بە سێ فلتەردا تێپەڕ ببێت، سازانی ناوخۆیی شیعە و عێراقی، هاوسەنگی لە نێوان واشنتن و تاران، توانا و بەرنامەی چارەسەركردنی تەنگژە قووڵەكانی هەبێت، بە تایبەتی ئابووری و چاكسازی و ئاو و میلیشیاكان.

عومەر ناسر توێژەری سیاسی دەڵێت، جیاكردنەوەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لە كاریگەریی ئەمەریكا نیوچە ئەستەمە، چونكە لە رووی سەربازی و تەناهییەوە بوونی ئەمەریكا لە عێراق بەهێزە، جیا لەوە ئابووری و دارایی عێراق بەتەواوەتی پشت بە ئەمەریكا دەبەستێت، رەنگە ئەمەریكا سەرۆك وەزیرانی عێراق دیاری نەكات، بەڵام كاریگەریی لەسەر پێكهاتە و سیسەتە تەناهی و ئابوورییەكەی هەیە.

روونی كردەوە، راستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی توانای پێكهێنانی حكوومەتەكەی هەیە، بەڵام مەرجەكانی واشنتن، بەتایبەتی لەبارەی میلیشیاكان دیارن و وا دەكەن هەر حكوومەتێكی نوێ ناچار بێت رەچاویان بكات و لە كۆتایی ناتوانن هێڵە سوورەكانی ئەمەریكا، بەتایبەتی لە دۆسیە هەستیارەكان ببەزێنن.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل