بەپێی ئەو نەریتەی تا ئێستە پرۆسەی سیاسیی عێراقی لەسەر بنیات نراوە، پۆستەكان لەسەر بنەمایەكی پێكهاتەیی مەزەوی و نەتەوەیی دابەش كراون، بەتایبەتی لە نێوان كورد و سوننە و شیعە، لە دوای كۆتاهاتنی هەڵبژاردن و پەسندكردنی ئەنجامەكان، دەبێت سەركۆمار داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانی نوێ بكات، ئینجا سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری نوێ بێنە دیاریكردن، بەڵام ململانێی ناو ماڵی سوننە چۆنە؟
ئێستە ململانێیەكی توند و ژێراوژێر لە ناو ماڵی سوننە لەسەر پۆستە باڵاكانی پێوەندیدار بەوانەوە هەیە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە ئەوەی لە میدیاكان باس دەكرێت بەوەی سوننە كۆكن و هەموو هێزە براوەكانیان لەسەر پێكهێنانی بارستەیەكی یەكگرتووی سوننە رێككەوتوون راست نییە، ئێستە سێ بەرە لە ناو سوننەدا هەیە، بەرەی حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی و بەرەی هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتیی موسەنا سامەرایی و بەرەی وەزیری بەرگری سابت عەباسی و هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر، كە پاڵپشتیكردنیان لە لایەن توركیا و قەتەر یەكی خستوون.
حزبی تەقەدومی حەلبووسی نایەوێ كەسانێك لە پارێزگار ئەنبار پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیری بەرگری وەربگرن، بۆ ئەوەی كار لە دەسەڵاتی حەلبووسی لەو پارێزگایە نەكات، هاوكات دەیەوێ هاوپەیمانی عەزمی سامەرایی لەخۆی نزیك بكاتەوە بۆ پێكهێنانی گەوەرترین بارستەی سوننە لە پەرلەمان و كاندیدكردنی سەرۆكی پەرلەمان.
هەر بەپێی سەرچاوەكە سابت عەباسی بە دوو ئاراستە جموجۆڵ دەكات، هەوڵی بەدەستهێنانی سەرۆكی پەرلەمان بە نزیكبوونەوە لە حەلبووسی، دووەم هەوڵدان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزیری بەرگری بۆ پارێزگای نەینەوا و بۆ ئەوەش سێ كاندیدی هەن، ئەوانیش نەجم جبووری و نایف شمەری و محەمەد نوور رەبە.
هەرچی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانین لە هاوپەیمانی سیادە، چاوەڕوانی بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگین لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران بۆ دیاریكردنی هەڵوێستی كۆتاییان، ئەوان لاریان نییە لەگەڵ حەلبووسی هاوپەیمانی بكەن بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان لەناو حكوومەت، كاندیدی ئەوانیش بۆ سەرۆكی پەرلەمان بریتین لە سالم مەتەر و زیاد جەنابی و كاندیدی وەزارەتی بەرگریش ناسر غەنامە.
هەرچی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە ئەوان زۆرینەیان جگە لە قەیس خەزعەلی كە نایەوێ حەلبووسی لاواز ببێت، لەگەڵ لێكهەڵوەشانەوەی حزبی تەقەدومن و بە هەڕەشەیەكی سیاسیی بۆ خۆیانی دەزانن، هاوكات پاڵپشتیی لە موسەنا سامەرایی و هاوپەیمانی عەزم دەكەن بۆ سەركردایەتی سوونە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان كە گوێڕایەڵترە بۆیان و كە كاندیدی ئەویش بۆ وەزارەتی بەرگری بریتییە لە حەمەد نامس جبووری.
سەرچاوەكە دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو جموجۆڵەی ئێستە لە ناو ماڵی سوننەدا هەیە، بەرجەستەی ململانێیەكی ئاڵۆز لەسەر دەسەڵات و مانەوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دەكات، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردن سەنگ و قورسایی هێزەكان دەركەوت كە هەندێكیان پاشەكشەیان كردووە، بەهەرحاڵ هاوسەنگی هێز لەناو ماڵی سوننە پێوەستە بە بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران، كە ئاراستەی هاوپەیمانیكردن لە داهاتوو دیاری دەكات.
هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە 11ی ئەم مانگە بەڕێوە چوو، دووشەمی رابردوو ئەنجامی كۆتایی هاتە راگەیاندن و هێزە سوننەكان لەم هەڵبژاردنە 77 كورسیان بەدەست هێنا، لەوانە تەقەدوم و عەزم و سیادە و نەینەوا و حەسم و جەماهیر، لەوكاتەی هێزە شیعەكان توانیان 187 كورسی لە پەرلەمان بەدەست بێنن و حزبە كوردییەكانیش 56 كورسی و شەش كورسیش بۆ كۆتاكان لە كۆی 329 كورسی پەرلەمانی.