پڕۆژه 28 ماده‌ییه‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپ كه خستوویه‌ته به‌رده‌م ڤۆلۆدمیر زیلینسكی سه‌رۆك كۆماری ئۆكراینا، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به جه‌نگ بهێنێت، لای وڵاتانی ئه‌وروپا نیگه‌رانیی لێ كه‌وتووه‌ته‌وه و بڕیاره ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م به‌رپرسانی ته‌ناهیی به‌ریتانیا، فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و ئۆكراینا له جنێڤ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا كۆ ببنه‌وه.
ڤۆلۆدمیر زیلینسكی پێشتر هۆشداریی دابوو له‌وه‌ی به‌هۆی گوشاره‌كانی ئه‌مه‌ریكا وڵاته‌كه‌ی له ساته‌وه‌ختێكی سه‌ختی مێژووییدایه، داوای قبووڵكردنی پڕۆژه‌یه‌كی لێ كراوه كه له قازانجی مۆسكۆدایه.
دۆناڵد تره‌مپ تا پێنجشه‌می ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی ده‌رفه‌ت به زیلینسكی داوه پڕۆژه‌كه په‌سند بكات. پوتین رازییه و گوتوویه‌تی ئه‌م پڕۆژه‌یه ده‌كرێت بكرێته بناغه‌یه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.
شه‌وی رابردوو پرسیاری ئه‌وه له دۆناڵد تره‌مپ كرا ئایا ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ی نووسیوته، پڕۆژه‌ی كۆتاییه بۆ كۆتاهێنان به جه‌نگ، ئه‌ویش له وه‌ڵامدا گوتی، ''ئه‌وه پێشنیازی كۆتایی من نییه، هه‌ر چۆنێك بێ ده‌بێ كۆتایی به جه‌نگ بهێنین، بۆیه‌ش كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.''
ماركۆ رۆبیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ستیڤ ویتكۆف نوێنه‌ری تایبه‌تیی دۆناڵد تره‌مپ، له‌و كه‌سانه‌ن كه له كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مڕۆی جنێڤ و دانوستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی ئه‌وروپا به‌شداریی ده‌كه‌ن. هاوكات جاناتان پاوڵ راوێژكاری ئاسایشتی نه‌ته‌وه‌یی به‌ریتانیاش به‌شداریی ده‌كات.
دوێنێ شه‌موو هه‌ریه‌ك له رێبه‌رانی كه‌نه‌دا، فڕه‌نسا، فینلاند، ئێرله‌ندا، ئیتاڵیا، ژاپۆن، هۆڵه‌ندا، ئیسپانیا، به‌ریتانیا، ئه‌ڵمانیا و نه‌رویج له كۆبوونه‌وه‌ی ساڵانه‌ی گرووپی 20 له ئه‌فریقای باشوور به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان واژوو كرد.
له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ''ئێمه پێمان وایه ئه‌و ره‌شنووسه بنه‌مایه، به‌ڵام پێویستی به كاری زیاتر هه‌یه، ئێمه ئاماده‌ین به‌شداریی له سه‌رخستنی ئاشتی بكه‌ین و هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه كۆكین كه نابێت سنووره‌كان به زۆر بگۆڕدرێن.''
له به‌شێكی تری به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، ''ئێمه نیگه‌رانی ئه‌و پێشنیازانه‌ین كه بۆ سنوورداركردنی سوپای ئۆكراینا پێشكه‌ش كراون و پێگه‌ی كیێڤ له به‌رانبه‌ر هێرشه‌كانی داهاتو زۆر لاواز ده‌كات.'' هاوكات ئاماژه به‌وه كراوه جێبه‌جێكردنی بابه‌ته‌كانی پێوه‌ست به یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ناتۆ پێویستیان به ره‌زامه‌ندیی ئه‌ندامانی ناتۆ و یه‌كێتیی ئه‌وروپادا هه‌یه.
به‌گوێره‌ی پڕۆژه‌كه‌ی تره‌مپ، به‌شێك له خاكی ئۆكراینا راده‌ستی رووسیا ده‌كرێت، سوپای ئۆكراینا بچووك ده‌كرێته‌وه و ته‌نیا 600 هه‌زار سه‌ربازی بۆ ده‌مێنێته‌وه، فڕۆكه جه‌نگییه‌كانیش له پۆڵه‌ندا جێگیر ده‌كرێن. هاوكات باس له‌وه كراوه كه نابێت ئۆكراینا ببێته ئه‌ندامی ناتۆ و له به‌رانبه‌ردا به‌شێك له داهاتی بلۆككراوی رووسیا، بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئۆكراینا خه‌رج ده‌كرێت. رووسیا دووباره دێته‌وه پاڵ گرووپی حه‌وت و ناوه‌كه‌ی بۆ گرووپی هه‌شت ده‌گۆڕێت و ئابووریی رووسیا دێته‌وه پاڵ ئابووریی جیهانی.
زیلینسكی رۆژی هه‌ینی گوتبووی له نێوان له‌ده‌ستدانی شكۆی نه‌ته‌وه‌یی و له‌ده‌ستدانی هاوپه‌یمانێكی گرنگ، ده‌بێت یه‌كێك هه‌ڵبژێرین.
ئۆكراینا بۆ به‌رگریكردن به‌رانبه‌ر هێرشه ئاسمانییه‌كانی رووسیا، به ته‌واوی به پاڵپشتییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌ستراوه‌ته‌وه و ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ریكا كۆتایی به پشتیوانییه‌كانی بهێنێت، ئه‌وا ئۆكراینا تووشی دۆخێكی زۆر سه‌خت ده‌بێ و به‌رانبه‌ر رووسیا ناتوانێت به ئاسانی خۆی رابگرێت.
له 24ی شوباتی ساڵی 2022ه‌وه رووسیا هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ئۆكراینا، به سه‌تان هه‌زار كه‌س له هێزه‌كانی هه‌ردوو لایه‌ن كوژاون و قه‌یرانێكی گه‌وره‌ی له رۆژهه‌ڵاتی ئه‌وروپا هێناوه‌ته كایه‌وه.