راپۆرتێك: تەنگژەی دیاریكردنی هەرسێ سەرۆكایەتیی لە عێراق هەیە

:: PM:06:53:23/11/2025 ‌

وەك ئاماژەیەك بۆ درێژخایەنیی پرۆسەی دیاریكردنی كاندیدانی هەرسێ سەرۆكایەتی، راپۆرتێك ئاماژە دەكات كە ئێستە تەنیا پۆستی سەرۆك وەزیران، كە هی شیعەیە، گرێ كوێرە نییە، بەڵكو پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماریش بەهەمان شێوە كێشەی گەورەیان لەناو هەردوو پێكهاتەی سوننە و كورد هەیە.

ئێستە لە ناو ماڵی شیعە كێبەركێی و مشتومڕێكی زۆر لە نێوان ژمارەیەك كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران هەیە، بەتایبەتی لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، كە جیا لەو ململانێ ناوخۆییەی لە نێوان شیعەكان هەیە لەسەر پۆستەكە، ئێران و ئەمەریكاش رۆڵی گەورەیان لە دیاریكردنی كاندیدی پۆستەكە لەناو ماڵی شیعەدا هەیە.

هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلەمانی عێراق لە لایەن كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی خۆی وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمان راگەیاند و ئێستە خەریكی دیاریكردنی كاندیدی چوارچێوەكەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، بەپێی زانیارییەكان لیژنەیەكی تایبەت خەریكی وەرگرتنی سیڤی و چاوپێكەوتنە لەگەڵ كاندیدان و ناوی 15 كاندیدیان لایەن، سەرچاوەكان باسی سێ كاندید دەكەن كە كێبەركێكە لە نێوان ئەوانەیە، محەمەد شیاع سوودانی و حەمید شەتری و نووری مالیكی، بەپێی سەرچاوەكان چانسی هەریەك لەوانە بە پاڵپشتیكردن و دەسەڵاتیان لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هەڵوێستی كورد و سوننە و مەرجی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا، كە هەژموونیان بەسەر عێراق هەیە بەندە، بەتایبەتی ئێران و ئەمەریكا.

هەر بەپێی راپۆرتەكە تا ئێستە سوننە لە نێوان خۆیان لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان ناكۆكن و كێشە و كێبەركێیان هەیە، ئەگەرچی ئەمڕۆ لە بەغدا كۆبوونەتەوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەسەر چەند بابەتێك، لەوانە كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام بەپێی زانیارییەكانیان ململانێی قووڵیان هەیە، هەوڵێك هەیە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەو شێوەیە یەكلا بكەنەوە كە قەوارەیەكی هاوشێوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە دروست بكەن بۆ ئەوەی ئەو وەك گەورەترین بارستەی پەرلەمانیی سوننە كاندیدی پۆستەكە دیاری بكات، بۆ ئەوەش محەمەد حەلبووسی بەدوای ئەو كارەوەیە كە براوی یەكەمی ناو ماڵی سوونەیە لە هەڵبژاردن.

ململانێیەكی توند و ژێراوژێر لە ناو ماڵی سوننە لەسەر پۆستە باڵاكانی پێوەندیدار بەوانەوە هەیە، سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە ئەوەی لە میدیاكان باس دەكرێت بەوەی سوننە كۆكن و هەموو هێزە براوەكانیان لەسەر پێكهێنانی بارستەیەكی یەكگرتووی سوننە رێككەوتوون راست نییە، ئێستە سێ بەرە لە ناو سوننەدا هەیە، بەرەی حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی و بەرەی هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆكایەتیی موسەنا سامەرایی و بەرەی وەزیری بەرگری سابت عەباسی و هاوپەیمانی سیادەی خەمیس خەنجەر.

سەرچاوەكە دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو جموجۆڵەی ئێستە لە ناو ماڵی سوننەدا هەیە، بەرجەستەی ململانێیەكی ئاڵۆز لەسەر دەسەڵات و مانەوە لەسەر گۆڕەپانی سیاسی دەكات، بەتایبەتی لە دوای هەڵبژاردن سەنگ و قورسایی هێزەكان دەركەوت كە هەندێكیان پاشەكشەیان كردووە، بەگشتی هاوسەنگیی هێز لەناو ماڵی سوننە پێوەستە بە بڕیاری چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە لەبارەی كاندیدی سەرۆك وەزیران، كە ئاراستەی هاوپەیمانیكردن لە داهاتوو دیاری دەكات.

هەرچی ناو ماڵی كوردە، كە دەبێت كاندیدێك یان زیاتر بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار پێشكەش بكات و لە پەرلەمان بە زۆرینەی دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی نوێ هەیە، واتە پێویست بە پاڵپشتیی شیعە و سوننە دەكات بۆ یەكلابوونەوە، ئێستە كێبەركێ لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان، براوەی یەكەمی هەڵبژاردن لەناو ماڵی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان براوەی دووەم هەیە، كە لە ساڵانی رابردوو پۆستەكە بە رێككەوتن لای یەكێتی بووە، بەڵام ئەوجارە پارتی دەڵێت پۆستەكە هی كوردە و مەرج نییە هەر لای یەكێتی بمێنێتەوە.

د. غالب دەعمی مامۆستای زانكۆ دەڵێت، رەنگە ئەوجارە كێشەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆمار لە كێشەی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەورەتر و ئاڵۆزتر بێت، چونكە ململانێی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بابەتی دیاریكردنی كاندیدی سەرۆك كۆماری عێراق رەنگی داوەتەوە، كە ناكۆكی هەردوو حزبی لەسەرە، بەتایبەتی كە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەرلەمانتاران هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل