پیاوێكی ته‌مه‌ن 56 ساڵی ئیتاڵیی بێكار، دوای مردنی دایكی ته‌رمه‌كه‌ی مۆمیا ده‌كات به‌و ئامانجه‌ی كه‌س به كۆچی دوایی دایكی نه‌زانێت، تا بتوانێت له مووچه خانه‌نشینییه‌كه‌ی سوود وه‌ربگرێت.
تا سێ ساڵ كه‌س به‌و مردنی دایكی نه‌زانیوه و هه‌مووان پێیان وابووه هه‌ر له ماڵه‌وه‌یه و له‌لایه‌ن كوڕه‌كه‌یه‌وه چاودێری ده‌كرێت، به‌ڵام رۆژێك ئاگادار ده‌كرێته‌وه كه كارته خانه‌نشینییه‌كه‌ی دایكی ماوه‌كه‌ی به‌سه‌رچووه و بۆ نوێكردنه‌وه‌ی كارته‌كه، پێویسته سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی شاره‌وانی بكات.
پیاوه‌كه زۆر ده‌ترسێت فێڵه‌كه‌ی ئاشكرا ببێت، بۆیه‌ش بیر له‌وه ده‌كاته‌وه به گۆڕینی شێوه‌ی خۆی بۆ دایكی، فه‌رمانبه‌رانی شاره‌وانی هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنێت و كارته‌كه‌یان پێ نوێ بكاته‌وه.
وادیاره پیاوه‌كه زۆر شێوه‌ی دایكی كردووه، هه‌رچه‌نده ته‌مه‌نی زیاتر له 30 ساڵ له ته‌مه‌نی دایكی بچووكتر بووه، بۆیه‌ش خۆی له جلكی دایكی‌دا سه‌ردانی شاره‌وانی ده‌كات.
رۆژێك پیاوه‌كه به فانیله‌یه‌كی ره‌نگاوڕه‌نگی ده‌یه‌ی حه‌فتاكان، دامه‌نێكی درێژ، ملوانكه‌یه‌كی مرواری و گواره و ئارایشتێكی هاوشێوه‌ی دایكی، سه‌ردانی شاره‌وانی ده‌كات و كه‌مێك لێوه‌كانیشی سوور ده‌كات، جگه له‌مه نینۆكه‌كانی ره‌نگ كردبوو و هاوشێوه‌ی دایكی پرچیشی قاوه‌یی كردبوو، به‌م شێوه‌یه سه‌ردانی شاره‌وانی ده‌كات.
كاتێك ده‌گاته شاره‌وانی فه‌رمانبه‌رێك گومانی لێ ده‌كات و ده‌بینێت ئه‌و كه‌سه له‌چاو دایكی زۆر گه‌نجتر ده‌رده‌كه‌وێ، ئه‌و لۆچه‌ی جاران به ملیه‌وه نه‌ماوه و ناكرێ ئه‌وه كه‌سێكی ته‌مه‌ن 85 ساڵ بێت، زیاتر لێی ورد ده‌بێته‌وه بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ده‌نگیشی زیاتر پیاوانه‌یه نه‌ك ژنانه، ملیشی ئه‌ستوورتر دیاره، بۆیه كاره‌كانی بۆ رایی ناكات و پێی ده‌ڵێت كاتێكی تر سه‌ردانی شاره‌وانی بكاته‌وه.
هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی پیاوه‌كه له شاره‌وانی، خێرا پۆلیسی لێ ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه بكات و ئه‌و فه‌رمانبه‌رانه دڵنیا بكاته‌وه كه ئه‌و كه‌سه‌ی سه‌ردانی شاره‌وانی كردووه، ژنه ته‌مه‌ن 85 ساڵه خانه‌نشینكراوه‌كه‌یه یان كه‌سێكی تره.
پۆلیس ده‌ست به لێكۆڵینه‌وه ده‌كات و سه‌یری كامێراكانی چاودێری ده‌كات و ده‌بینێت به ئۆتۆمبێلی خۆی سه‌ردانی شاره‌وانی كردووه، له كاتێكدا دایكی مۆڵه‌تی شوفێری نه‌بووه. پرسیاری دۆخی ژنه‌كه‌ی له دراوسێكانی كردووه و سه‌رجه‌م دراوسێكان ده‌ڵێن ده‌مێكه دایكیان له ده‌ره‌وه نه‌بینیوه.
دوای هه‌فته‌یه‌ك پیاوه‌كه دیسان دێته‌وه شاره‌وانی، به‌ڵام ئه‌مجاره پۆلیس ده‌ستبه‌سه‌ری ده‌كات و ناسنامه راسته‌قینه‌كه‌ی ئاشكرا ده‌كات و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌وه كوڕه‌كه‌یه‌تی نه‌ك دایك.
دواتر پۆلیس ده‌چێت ماڵه‌كه‌ی ده‌پشكنێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت دایكی له كوێیه و چیی لێ به‌سه‌ر هاتووه، دوای كه‌مێك گه‌ڕان جه‌سته‌ی مۆمیاكراوی دایكه‌كه ده‌دۆزێته‌وه كه سێ ساڵ ده‌بوو له كۆگه‌ی ماڵه‌كه‌ی شاردبووه‌وه.
ئه‌و پیاوه سێ ساڵ بووه مه‌رگی دایكی شاردووه‌ته‌وه، بۆیه‌ش مووچه‌ی خانه‌نشینی دایكی وه‌رگرتووه، جگه له‌مه مووچه‌ی هاوسه‌ره‌كه‌ی خۆیشی وه‌رگرتووه كه پزیشك بووه و پێشتر كۆچی دوایی كردووه، وا دیاره له ئیتاڵیا مووچه‌ی ژن و مێرد دوای مردن بۆ یه‌كتر ده‌گوازرێته‌وه.
كۆی مووچه‌ی ئه‌و هاووڵاتییه كه به نایاسایی و فێڵ له دایكی و به یاسایی له هاوسه‌ره‌كه‌ی بۆی ماوه‌ته‌وه، ساڵانه 53 هه‌زار یۆرۆ بووه. ئه‌وه‌ی له‌م رووداوه‌دا جێی تێڕامانه ئه‌وه‌یه خێزانه‌كه ده‌ستكورت نه‌بووه، سێ خانوو و چه‌ند پارچه زه‌وی هه‌بووه، كه‌چی ده‌ستی بۆ ئه‌و تاوانه بردووه.