وه‌ك كتێبخانه‌وانێك زۆر پرسیارم لێ ده‌كرێت، یه‌كێك له‌وانه‌ی زۆرتر ده‌یبیستم ئه‌وه‌یه: ئایا كتێبی ده‌نگی به خوێندنه‌وه داده‌نرێت؟
زۆر كه‌س پێیان وا نییه. دیاره هه‌م شانازی و ته‌نانه‌ت خۆبه‌زلزانینێكیش هه‌یه كاتێك كه‌سێك زۆر خوێنه‌وار بێت. ئه‌گه‌ر به كه‌سێك بڵێیت كه ته‌نیا گوێت له چه‌ند كتێبێكی دیاریكراوی ده‌نگی گرتووه، ئه‌مه زۆرجار وه‌ك ئه‌وه‌یه پێی بڵێیت ببووره. ڕاپرسییه‌كی ئه‌مدواییه‌ی NPR-Ipsos ده‌ریخستووه كه 41%ی گه‌وره‌كان پێیان وانییه كتێبی ده‌نگی به خوێندنه‌وه دابنرێت. یه‌كێك له هاوڕێكانم كه له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌كه‌یدا ده‌مه‌قاڵێی بوو، جارێك شتێكی پێ گوتم كه له بیر ناكرێت، گوتی گوێگرتن له كتێب وه‌ك بینینی درامایه‌كی موزیكی وایه له نیوجێرسی نه‌ك له‌سه‌ر شانۆی برادۆی. دیاره ئه‌مه شته ڕاسته‌قینه‌كه نییه.
منیش پێشتر هه‌مان هه‌ستم هه‌بوو. چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر له باڕێكی فڕۆكه‌خانه دانیشتبووم، سه‌رنجم دا پیاوێك له ته‌نیشتمه‌وه به مۆبایله‌كه‌ی ده‌گه‌ڕا، له كاتێكدا ده‌نگێكی ڕۆبۆتی هه‌موو وشه‌یه‌كی به خێراییه‌كی زۆر به ده‌نگی به‌رز ده‌خوێنده‌وه. سه‌ره‌تا وامزانی قسه‌ی بێمانایه. پاشان زانیم كه نابینایه، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی ئایفۆنه‌كه‌ی به‌كار ده‌هێنا و ده‌قه‌كه‌ی سه‌ر شاشه‌كه‌ی به ده‌نگی به‌رز ده‌خوێنده‌وه. سه‌یری ئه‌وم ده‌كرد نوقم بوو له وشه‌كاندا، واتاكه‌یانی وه‌رده‌گرت، بۆم ده‌ركه‌وت كه ئه‌و به هه‌مانشێوه‌ی من ده‌یخوێنده‌وه، به‌ڵام به گوێیه‌كانی نه‌ك به چاوه‌كانی.
له‌به‌رئه‌وه‌ی من نه‌خۆشیی دیسلێكسیم هه‌یه، خوێندنه‌وه هه‌رگیز ئاسان نه‌بووه بۆم. دوای ئه‌و ڕووداوه له‌ناكاوه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه، منیش هه‌مان تایبه‌تمه‌ندی ده‌ستڕاگه‌یشتنم له‌سه‌ر ئایفۆنه‌كه‌ی خۆم تاقی كرده‌وه. دۆزینه‌وه‌یه‌ك بوو. بۆ یه‌كه‌مجار توانیم به‌رده‌وام بم، به‌بێ ماندووبوون بیرۆكه‌كان وه‌ربگرم و سه‌رنجم له‌سه‌ر شته‌كان بێت به‌شێوه‌یه‌ك كه پێشتر نه‌متوانیبوو. ئه‌زموونه‌كه‌ی من ناجۆر نییه، پێناسه‌كانمان بۆ خوێندنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و شێوازه‌ی كه خه‌ڵك ئه‌مڕۆ به ڕاستی خوێندنه‌وه‌ی پێ ده‌كه‌ن ناگونجێت.
خوێندنه‌وه، په‌رۆشی و سه‌رنج و بیركردنه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه دروست ده‌كات، به‌ڵام وادیاره كه‌متر چێژ له خوێندنه‌وه وه‌رده‌گرین. توێژینه‌وه‌یه‌كی ئه‌مدواییه له‌لایه‌ن توێژه‌رانی كۆلێژی زانكۆی له‌نده‌ن و زانكۆی فلۆریدا كه له گۆڤاری iScience بڵاو كراوه‌ته‌وه، دابه‌زینێكی زیاتر له 40% له خوێندنی ڕۆژانه بۆ چێژ له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردوودا پێشان ده‌دات.
له هه‌مان كاتدا گوێگرتن له كتێبه‌كان له زیادبووندایه، ئه‌مه‌ش ئاراسته‌یه‌كه كه كتێبخانه‌كان و خانه‌كانی بڵاوكردنه‌وه به چاوی خۆیان ده‌یبینن. فرۆشی كتێبی ده‌نگی له ساڵی ڕابردوودا گه‌یشته نزیكه‌ی ٢.٢ ملیار دۆلار له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا. له كتێبخانه‌ی گشتیی نیویۆرك، سووڕی كتێبی ده‌نگی له ماوه‌ی پێنج ساڵی ڕابردوودا 65% به‌رز بووه‌ته‌وه، له كاتێكدا سووڕی كتێبی چاپكراو و ئه‌لیكترۆنی جێگیر بووه ، ئه‌مه‌ش شێوازێكه كه له سه‌رانسه‌ری وڵات‌دا دووباره ده‌بێته‌وه. كتێبی ده‌نگی له هاندانی گه‌شه‌دا پێش كتێبی ئه‌لیكترۆنی كه‌وتووه.
كه‌واته ڕه‌نگه له كاتێكدا شێوازی نه‌ریتی خوێندنه‌وه‌ی كتێبه‌كان له كه‌مبوونه‌وه‌دایه، لابردنی ئه‌و بۆچوونه نه‌رێنییه‌ی له‌سه‌ر كتێبی ده‌نگی هه‌یه، ڕێگه‌یه‌ك پێشكه‌ش بكات بۆ بیركردنه‌وه‌یه‌كی وردتر له‌سه‌ر خوێنه‌ر بوون.
به‌شێك له سه‌رلێشێوانه‌كه له‌وه‌وه دێت كه چۆن بیر له كاری خوێندنه‌وه ده‌كه‌ینه‌وه. فێربوونی خوێندنه‌وه به چاوه‌كان به كۆدكردنه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، به‌ستنه‌وه‌ی پیته‌كان به ده‌نگ و واتاوه. به‌ڵام كاتێك ئه‌و ڕێڕه‌وانه دروست ده‌كرێن، مێشك هه‌مان تۆڕی زمان به‌كار ده‌هێنێت بۆ تێگه‌یشتن له وشه‌كان، جا له ڕێگه‌ی بینینه‌وه بێت یان ده‌نگه‌وه. توێژینه‌وه‌یه‌كی ساڵی ٢٠١٩ له گۆڤاری The Journal of Neuroscience له‌لایه‌ن توێژه‌رانی زانكۆی كالیفۆرنیا، بێركلی، ده‌ریخستووه كه مێشكی ئه‌و كه‌سانه‌ی هه‌مان چیرۆك ده‌خوێننه‌وه یان گوێی لێ ده‌گرن، واتاكه‌یان به هه‌مانشێوه پرۆسێس كردووه. گوێگرتنی سه‌رنجڕاكێش هه‌مان ئه‌و تۆڕانه چالاك ده‌كات كه خوێندنه‌وه‌ی چاپكراو ده‌یكات.
گوێگرتنی بێ سه‌رنج یان په‌رتبوو، وه‌ك لێدانی كتێبێكی ده‌نگی له كاتی ئه‌نجامدانی كاری تردا، وادیار نییه به ته‌واوی ئه‌و تۆڕانه چالاك بكات، به‌ڵام گوێگرتنی به سه‌رنج ده‌توانێت هه‌مان تێگه‌یشتن وه‌ك خوێندنه‌وه‌ی چاپكراو بگه‌یه‌نێت و بۆ هه‌ندێك كه‌س، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كێشه‌ی خوێندنه‌وه‌یان هه‌یه، گوێگرتن به‌سه‌رنجه‌وه ده‌توانێت تێگه‌یشتن باشتر بكات و یارمه‌تییان بدات له‌گه‌ڵ چیرۆكه‌كه‌دا بمێنینه‌وه.
له زۆر پۆل و له قوتابخانه‌كاندا خوێندكاران هێشتا پێشكه‌وتنی خۆیان له تۆماری خوێندنه‌وه‌دا تۆمار ده‌كه‌ن كه تێیدا لاپه‌ڕه خوێندراوه‌كان تۆمار ده‌كرێن، به‌ڵام كاتی گوێگرتن نا، ئه‌مه‌ش ئه‌و په‌یامه ده‌گه‌یه‌نێت كه زۆرن ئه‌وانه‌ی ته‌نیا خوێندنی چاپكراو به گرنگ ده‌زانن. به‌ڵام ده‌بێت خاڵی خوێندنه‌وه بۆ گوێگرتن له كتێبه‌كان به خوێندكاران بده‌ین.
هه‌رزه‌كاران كه ڕۆژانه بۆ چێژ ده‌خوێننه‌وه، مه‌یلیان بۆ په‌ره‌پێدانی توانای به‌هێزتر و به‌ده‌ستهێنانی نمره‌ی به‌رزتر له قوتابخانه‌دا هه‌یه، به تێكڕا نزیكه‌ی یه‌كسانه به ساڵێك و نیو پێشكه‌وتن، به‌پێی داتاكانی ڕێكخراوی هاوكاری ئابووری و گه‌شه‌پێدان له‌سه‌ر ئاستی خوێندكاران له وڵاتانی ئه‌ندام. هه‌ندێك توێژینه‌وه پێشنیاری ئه‌وه ده‌كه‌ن كه ئه‌گه‌ری زیاتره له ژیانی داهاتووشدا به‌رده‌وام بن له خوێندنه‌وه بۆ چێژ. به‌پێی ڕاپرسی ساڵی ڕابردووی دامه‌زراوه‌ی نیشتمانی خوێنده‌واری به‌ریتانیا، گه‌نجانێك كه به كتێبی ده‌نگی و پۆدكاست گه‌وره بوون، پێشتر ئاره‌زووی گوێگرتنیان له‌سه‌ر خوێندنه‌وه‌ی نه‌ریتی ده‌ق ڕاگه‌یاندووه. جووتكردنی خوێندنه‌وه‌ی چاپكراو و ده‌نگی سه‌لمێنراوه كه تێگه‌یشتن بۆ هه‌ندێك خوێنه‌ر باشتر ده‌كات، به تایبه‌تی كاتێك كۆدكردنه‌وه‌ی ده‌قی نووسراو ده‌بێت به‌ربه‌ست.
به چاوی خۆم ده‌یزانم. من هه‌میشه خۆمم وه‌ك خوێنه‌رێك نه‌ده‌بینی. ئه‌و ڕووداوه له ناكاوه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كه منی گۆڕی. یه‌كێك له یه‌كه‌م كتێبه‌كان كه بۆ چێژ خوێندمه‌وه به به‌كارهێنانی ته‌كنه‌لۆجیایه‌كی هاوشێوه‌ی گۆڕینی ده‌ق بۆ قسه‌كردن، ژیاننامه‌كه‌ی واڵته‌ر ئایزاكسۆن بوو له‌باره‌ی بێنجامین فرانكلین. من ئه‌و شێوازه‌ی گوێگرتن و به‌دواداچوونم ته‌نیا بۆ خوێندنه‌وه‌ی كاروبار به‌كار ده‌هێنا و به دڵنیاییه‌وه هه‌رگیز بۆ كتێبێكی ئه‌وه‌نده درێژ نه‌بوو. به‌ڵام له‌سه‌ر ئه‌پی كیندڵ له‌سه‌ر ئایفۆنه‌كه‌م كردمه‌وه، تایبه‌تمه‌ندی گۆڕینی ده‌ق بۆ قسه‌كردنم چالاك كرد و له شوێنێك له ناوه‌ڕاستی ژیانی فرانكلین له فیلادلفیا، بۆم ده‌ركه‌وت كه نوقمی كتێبه‌كه بووم. هه‌ستێكی نوێ بوو، شتێك كه هه‌رگیز بیرم لێ نه‌كردبووه‌وه پاڵی پێوه نام زیاترم بوێت.
ئێسته به‌شێوه‌یه‌ك ده‌خوێنمه‌وه كه بۆ من گونجاوه. هه‌ندێك جار گوێ ده‌گرم، به‌ڵام زۆربه‌ی كات به بیستنی وشه‌كان ده‌خوێنمه‌وه، له كاتێكدا به‌دوای ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڕۆم له‌سه‌ر ئایفۆن یان ئایپاده‌كه‌م. ده‌قه‌كه ده‌جووڵێت له كاتێكدا ده‌نگێكی ده‌ستكرد به ده‌نگی به‌رز ده‌یخوێنێته‌وه، سه‌رنجی من جێگیر ده‌كات و خێراییم جێگیر ده‌كات. به‌م شێوه‌یه هه‌موو شتێك ده‌خوێنمه‌وه ئیمه‌یڵ، ڕاپۆرت، وتار و كتێب.
ئێسته زیاتر ده‌خوێنمه‌وه له‌وه‌ی كه پێشتر خوێندوومه‌ته‌وه. ته‌نیا هه‌فته‌ی ڕابردوو له نێوان چه‌ند كتێبێكدا ده‌جووڵام. گوێم له "Turning to Birds: The Power and Beauty of Noticing" گرت كه له‌لایه‌ن نووسه‌ره‌كه‌یه‌وه لیلی تایلۆر خوێنرابووه‌وه؛ و "Town & Country"، ڕۆمانێك له نووسینی برایان شایفه‌ر و "The Buffalo Hunter Hunter" له نووسینی ستیڤن گراهام جۆنز، هه‌ردووكیان له كاتێكدا گوێم له ده‌نگێكی ده‌ستكرد بوو و به‌دوای ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڕۆیشتم. بیرم له فۆرماته‌كه نه‌ده‌كرده‌وه، من به ساده‌یی ده‌مخوێنده‌وه.
ده‌یان ملیۆن كه‌س ئێسته به‌و شێوه‌یه ده‌خوێننه‌وه كه من ده‌خوێنمه‌وه، به به‌كارهێنانی ئامێرگه‌لێك كه ڕێگه‌یان پێ ده‌دات گوێ بگرن، له كاتێكدا به‌دوای ده‌قه‌كه‌دا ده‌ڕۆن، ئه‌مه‌ش گۆڕانكارییه‌كه كه زانایان به خوێندنه‌وه‌ی دوو شێوازی وه‌سفی ده‌كه‌ن. پلاتفۆرمه‌كان خوێندنه‌وه به ده‌ق و ده‌نگه‌وه دیزاین ده‌كه‌نه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌رگیز به‌و ناوه ناوی بهێنن.
به‌شێكی گه‌شه‌سه‌ندووی گه‌نجان ئێسته سه‌ردێڕ یان ژێرنووس به‌كار ده‌هێنن، كاتێك سه‌یری به‌رنامه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كان یان فیلمه‌كان ده‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه جارێك به چاپ ناسرابوون، وه‌ك The New York Times و بڵاوكه‌ره‌وه گه‌وره‌كانی تر، ئێسته وتاره‌كان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن كه به ده‌نگی ده‌ستكرد به ده‌نگی به‌رز ده‌خوێنرێنه‌وه، ئه‌مه‌ش ڕێگه به خوێنه‌ران ده‌دات كه به‌دواداچوون بكه‌ن، چاو و گوێیه‌كان له كاتی ڕاسته‌قینه‌دا تێكه‌ڵ بكه‌ن.
هه‌رچۆنێك بخوێنینه‌وه (به چاو، به گوێ یان هه‌ردووكیان) هه‌مووی ئه‌ژمار ده‌كرێت. ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌وه‌یه وشه‌كان بچنه ژووره‌وه، مێشك واتایان لێ دروست بكات و ناسنامه‌ی خوێنه‌ربوون جێگیر بێت. ئێمه پێویستمان به خوێنه‌ری زیاتره، به هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خوێنه‌ربن.
نووسینی: برایان بانۆن
بانۆن سه‌رۆكی كتێبخانه و به‌ڕێوه‌به‌ری كتێبخانه‌ی لقه‌كان و په‌روه‌رده‌یه له كتێبخانه‌ی گشتیی نیویۆرك.
نیویۆرك تایمز
و: ڕامیار مه‌حموود