پێكهاتەكان لە سووریا داوای فیدراڵی و نامەركەزیی ئیداری دەكەن

:: PM:05:11:25/11/2025 ‌

هێشتا كێشەی دیمەشق لەگەڵ كورد و درووزەكان چارەسەر نەبووە، كێشە و ئاڵۆزی لەگەڵ عەلەوییەكانی سووریا دەستی پێ كردەوە، دوای ئەوەی بەر لە چەند مانگێك سوپا و هێزە تەناهییەكانی سووریا كۆمەڵكوژیان لە ناوچە كەناراوییەكان دەست پێ كرد، ئەوەش وای كرد هەسەدە لە گفتوگۆكانی لەگەڵ دیمەشق داوای بەشداری پێكردنی نوێنەری پێكهاتەكانیش بكات.

رۆژ دوای رۆژ دەردەكەوێت كە ئەو گۆڕانكارییەی لە سووریا لە كۆتای ساڵی رابردوو كرا، چەند ئامانجێكی پێوەست بە وڵاتانی ناوچەكە و ئەمەریكای پێكاوە، گۆڕینی رژێمێكی شیعەی توندڕۆ بە رژێمێكی هاوشێوەی سوننە، بردنەدەرەوەی لە باوەش و بازنەی ئێران بۆ ناو باوەش و بازنەی توركیا، لەوەش گرنگتر دروستكردنی دەسەڵاتێك لە دیمەشق كە نەتوانێت كۆنترۆڵی وڵاتەكە بكات و خاوەن هێز و سوپایەكی لاوازە، لاوازتر لە دەسەڵاتی پێشوو و وڵاتێكی دابەشبوو بە هاوشێوەی پێشوو. 

دوای ئەوەی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتای 2024 لە لایەن گرووپی توندڕۆی دەستەی تەحریری شام، باڵی پێشووی رێكخراوی قاعیدە لە سووریا و چەند گرووپێكی تری توندڕۆی نزیك لە توركیا رووخێنرا، ئەوان لە دیمەشق حكوومەتێكی كاتیان بە هەمان هزر و بیركردنەوەی دەسەڵاتی پێشوو دامەزراند، هیچ حسێبێكیان بۆ پێكهاتەكانی سووریا و تایبەتمەندی و مافەكانیان نەكرد، لەو ساتەوە تا ئێستە چەند شەڕێكیان لە دژی عەلەوییەكان و درووز و كورد كردووە.

بەر لە نزیكەی مانگێك لە كۆتاهاتنی وادەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی دیمەشق، مەزڵووم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاستی گفتوگۆ سیاسییەكانی لەگەڵ حكوومەتی دیمەشق بەرز كردەوە، لە رێگەی داوای بەشداریكردنی نوێنەرانی هەردوو پێكهاتەی درووز و عەلەوییەكان لە گفتوگۆكانی دیمەشق، دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی سووریا جێبەجێكردنی رێككەوتنی 10ی ئادار پەك دەخات و هەر رێككەوتنێكی گریمانكراو لەگەڵ حكوومەتی سووریا بێ فەراهەمكردنی مافی كورد لە دەستووری سووریا نابێت. 

عەبدی دووپاتی كردەوە كە دیمەشق دەیەوێ سەرەتا پرسە تەناهی و سەربازییەكان چارەسەر بكرێت، ئینجا باسی دەستوور و حكوومەتی هاوبەش بكرێت، ئەو رەوتەی كارەش هەڵەیە، بەڵام لەسەری سوورە، ئەو پێی وابوو دەستوور و شێوەی فەرمانڕەوایەتی لە سووریا لە نێوان مەركەزیەت و نامەركەزیەت بابەتی سەركین و تا ئێستەش هەڵپەسێردراون.    

ئەمڕۆ سێشەم پارێزگاكانی لازقیە و تەرتووس و حەما خۆپێشاندانی فرەوانی عەلەوییەكانی بەخۆیەوە بینی، كە لەسەر داوای ژمارەیەك كەسایەتیی ئاینی عەلەوی هاتە سازكردن، ئەوان داوای فیدرالیەت و وەستانی شەڕ و هێرشەكانی سەر تایفەكە و نامەركەزی ئیداریان بۆ ناوچەكانی سووریا كرد، داوای ئازادكردنی گیراوانی عەلەویان كرد، ئەوان درووشمیان لە دژی دەسەڵاتی نوێی سووریا بەرز كردەوە و هێزە تەناهییەكانیش تەقەیان كرد و ژمارەیەك لە چالاكەكانیان گرت.

عەلەوییەكان كە لە سووریا كەمینەن و وەك تایفە شیعەن، بەوە تۆمەتبار دەكرێن كە لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەشار ئەسەد، كە ئەویش عەلەوی بووە، پێكهاتەی سەرەكیی هێزە تەناهییەكان و شەبیحە و دارودەستەی رژێمەكە بوون و لە ماوەی 50 ساڵ خەڵكی سووریا بە پێكهاتە جیاجیاكانیان چەوساندووەتەوە، ئێستەش لە لایەن پاشماوەی رژێمی بەعسی سووریا بۆ دروستكردنی ئاژاوە هان دەدرێن، بەر لە چەند مانگێك هێزە تەناهییەكان و سوپای سووریا و گرووپە توندڕۆكانی سەر بە دیمەشق لە ناوچە كەناراوییەكانی سووریا هەڵمەتێكی فرەوانی سەربازییان لە دژی شیعە عەلەوییەكان، بە ناوی لەناوبردنی پاشماوەی بەعس ئەنجام دا و پێشێلكارییەكی زۆریان بەرانبەر بەوان كرد، یەكشەمی رابردووش لە گەڕەكە عەلەوینیشنەكانی حمس ئاڵۆزی دروست بوو و هۆزە عەرەبەكانی ناوچەكە هێرشیان كردە سەر چەند گەڕەكێكی عەلەوینشین و شەڕ دروست بوو.

لەو ناوەدا دوێنێ دووشەم مەرجەعیەتی باڵای رۆحانیی تایفەی عەلەوی لە سووریا رەخنەی لە مامەڵەكردنی حكوومەتی سووریا لەگەڵ پێكهاتەكانی ئەو وڵاتە كرد و دەسەڵاتەكەی بە بەكافركار و توێژ و پشتگوێكار وەسف كرد و داوای دەسەڵاتێكی فیدرالی و نامەركەزیی سیاسی بۆ سووریا كرد، داواشی لە تەواوی پێكهاتەكان كرد بۆ مانگرتنی ئاشتیخوازانە بۆ وەستانی ئامرازی كوشتن و تیرۆر لە دژی ئەوان. 

شێخ غەزال غەزال سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عەلەوی لە سووریا و تاراوگە گوتی، سووریا بووەتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی حیساباتی تایفەیی، ئەگەرچی ئێمە وەك تیفەی عەلەوی رۆژێك لە رۆژان سەنگ و بەهامان بۆ تایفیەت دادەنانەوە، بۆیەش چەكەكانمان رادەستی دەسەڵاتێك كرد كە پێمان وابوو هی هەموومانە، بەڵام تووشی نائومێدی بوین بەهۆی ئەوەی چەكەكانمان خستە ناو دەستی دەسەڵاتێكی تیرۆریست و بەكافركار و چینایەتی و پشتگوێخەر كە پێكهاتەی سوننەی كردووەتە ئامرازێك بۆ سیاسەتەكانی.

روونی كردەوە، وەك پێكهاتەكانی سووریا شەڕی بوونمان لە نێواندا نییە و واشی لێ مەكەن، سووریا نابێتە مۆڵگەیەكی داعش، چارەسەرییەكان روونن لە فیدرالیەت و نامەركەزیی سیاسی، ئەوەش بۆ مسۆگەریی مافەكانی ئێمە و ئێوەش، هەروەها داوا لە تەواوی پێكهاتەكان دەكەم بۆ مانگرتنێكی ئاشتییانە بۆ وەستانی ئامرازی كوشتن و دژی هەموو شێوەیەكی تیرۆر كە بەرانبەر بە پێكهاتەكان پیادە دەكرێت.

ئەمە و دیمەشق بە هەمان شێوە و هزر مامەڵە لەگەڵ تایفەی درووز لە پارێزگای سوێدا دەكات، ئەوەش وای كرد كە ئەوانیش ناڕەزایەتی دەرببڕن و بەر لە چەند مانگێك شەڕێكی سەخت لە ناوچەی ئەوانیش دروست بوو و سوپای سووریا كۆمەڵكوژی لەو ناوچانە كرد و تا ئێستەش لێكۆڵینەوە بەردەوامە، ئەوەش وای كرد ئەوانیش بە هاوشێوەی كورد و عەلەوی داوای ئیدارەی نامەركەزی بۆ ناوچەكانیان بكەن.    


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل