دوای كوشتنی ئەبو عەلی تەباتەبائی سوپاسالاری حزبوڵای لبنان و دووەم كەسایەتی باڵای ناو حزبەكە لە باشووری بەیرووت لە لایەن ئیسرائیلەوە، پەردەی لەسەر چەند بابەتێك هەڵدایەوە، لەوانە تا ئێستە ئیسرائیل لە راوەدوونانی بەرپرسانی حزبەكە نەوەستاوە و هەر هەلێكی بۆ برەخسێت لەسەری باز نادات، تا ئێستە تۆڕێكی بەهێزی سیخوڕی لەناو حزبەكە هەیە، چاوەڕوانی وەڵامدانەوەی حزبوڵا دەكات بۆ هێرشكردنە سەر ئەو ئامانجانەی لە ماوەی رابردوو لە لبنان زانیاری لەسەر كۆ كردوونەتەوە، بەڵام بۆچی نایەوێ نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبەكە لەناو ببات؟
شارەزایان پێیان وایە كوشتنی تەباتەبایی ئاماژەیەكە بۆ دەست پێكردنی قۆناغێكی تری شەڕ لە لبنان، بەتایبەتی كە لە كۆتایی ساڵ نزیك دەبینەوە و تا ئێستە سوپای لبنان نەیتوانیوە چەكی حزبوڵا داماڵێت وەك لە رێككەوتنی ئاگربەستی نێوانیان هاتووە، بۆیە پێشبینی دەكرێت لە ماوەی داهاتوو ئیسرائیل ئاستی پێكانی ئامانجەكانی بەرز بكاتەوە تا گەیشتن بە قۆناغی دوای ئەوە، هێرشێكی فرەوانی زەوینی بۆ لەناوبردنی تەواوەتی هێزی سەربازی و هەژموونی حزبوڵا لە باشووری لبنان.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی دیپلۆماسیی رۆژئاوایی، راپۆرتەكانی هەواڵگری ئاماژە دەكەن كە ئۆپراسیۆنەكانی كۆماندۆزی ئیسرائیل كە بە نیازە لە رۆژانی داهاتوو لە ناو خاكی لبنان جێبەجێی بكات، مەبەست لێی لەناوبردنی پێگە سەربازییەكانی حزبوڵا و كوشتن و رفاندنی ژمارەیەك لە سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی حزبەكەیە.
ئەو زانیارییانە هاوكاتن لەگەڵ ئەو قسانەی باسی زیادبوونی چالاكیی هەواڵگریی ئیسرائیل و نۆكەر و سیخوڕەكانی لە ناو خاكی لبنان بۆ چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاری لەسەر ئەو پێگە سەربازی و ئەو ئامانجانەی حزبوڵا كە كۆماندۆزی ئیسرائیل بە نیازە لە رۆژانی داهاتوو بیانكاتە ئامانج.
بەپێی سەرچاوەكان پلانەكە چوار بۆ شەش ئۆپراسیۆنی كۆماندۆز لە ناوچەكانی باشووری بەیرووت و بیقاع و باشووری لبنان لە چەند رۆژی داهاتوو لەخۆ دەگرێت و سەركەوتن و شكستهێنانیشیان دەكاتە پاساوی هەڵمەتێكی فرەوانی زەوینی كە ماوەی چەند مانگێكە سوپای ئیسرائیل چاوەڕوانی دەست پێكردنی دەكات.
لەو ناوەدا ئەو پرسیارە دەكرێت ئاخۆ بۆچی ئیسرائیل دەست هەوڵی كوشتنی نەعیم قاسم ئەمینداری گشتیی حزبوڵا نادات، لەوكاتەی رەنگە كوشتنی لەوەی حەسەن نەسروڵا ئەمینداری پێشوو و كوژراو ئاسانتر بێت، جۆرج نادر شارەزای ستراتیجی و سەربازی بە دووری دەزانێت نەعیم قاسم ئامانجی داهاتووی ئیسرائیل بێت و دەڵێت، ئەو حەسەن نەسروڵا نییە و وەك ئەو كاریزما نییە، بۆیە كوشتنی كار لەو دۆخی حزبەكە ناكات، هەرچی تەباتەبائییە، سوپاسالاری حزبوڵا بوو و فەرماندەی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی حزبەكە بووە و نەمانی راستەوخۆ كار لە دۆخی سەربازیی حزبەكە دەكات.
روونی كردەوە، بۆیە قاسم گرنگی لەپێشینەی ئیسرائیل نییە ئەگەر لەناویشی ببات، بەڵام بەپێی زانیارییەكان ئیسرائیل بە نیازە ئاستی هێرش و ئامانجەكانی بەرزتر بكاتەوە، واتە لە رووی جۆری ئامانجەكان و چڕی و سەختیی هێرشەكان و زیادبوونی وێرانكاری دروستی دەكات، پێشبینی دەكرێت هەوڵەكانی كوشتن لە فەرماندە سەربازی و مەیدانییەكان بگاتە سەركردە و بەرپرسە سیاسییەكانی حزبەكە، ئیسرائیل بڕیاری داوە و پێویستە بۆ لەمەودوا هەمووان چاوەڕوانی خراپتر بكەن.
ئەو شارەزایە سەربازیە پێی وایە لە دوای كوشتنی حەسەن نەسروڵا و هاشم سەفیەدین هەردوو ئەمینداری كوژراوی حزبوڵا كە رۆڵی دیاریان هەبوو، بەتایبەتی سەفیەدین كە دەیتوانی شوێنی نەسروڵا پڕ بكاتەوە، بە پێچەوانەی نەعیم قاسم كە بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت شوێنی ئەوان پڕ بكاتەوە، بۆیەش ئیسرائیل هەوڵەكانی بۆ لەناوبردنی باڵی سەربازیی حزبوڵا چڕ دەكاتەوە، دوای كوژرانی نەسرولا حزبوڵا تووشی هەژان هات، ئێستەش كوژرانی تەباتەبائی هەژانێكی تر بوو، هەرچی كوژرانی نەعیم قاسمە، راستەوخۆ كەسێكی تر دەخەنە شوێنی و هیچ بۆشاییەك دروست ناكات، ئەوە ئەگەر بكوژرێت كە ئەوە گرنگی لەپێشینەی ئیسرائیل نییە.