پەیامەكانی پشت بۆردمانكردنی كێڵگەی كۆرمۆر چین؟

:: PM:07:08:27/11/2025 ‌

دوێنێ شەو بە درۆن هێرش كرایە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە نزیك شارۆكەی چەمچەماڵ، شەوی بەر لەوە هاتە راگەیاندن كە درۆن بە ئاسمانی كیچڵگەكە سووڕاونەتەوە و فیكەی ئاگەداركردنەوە لێ دراوە، لە ماوەی چەند مانگی رابردووش چەند جارێك ئەو كیڵگە كرایە ئامانج، شارەزایەكی ستراتیجی پێی وایە ئەو جۆرە كارانە پەیامی سیاسی و تەناهی و ئابووریی هەستیاریان لەپشتە.

جاسم غورابی شارەزای ستراتیجی دەڵێت، ئەو جۆرە كارانە ئاماژەی مەترسیدارن و رەنگە كاریگەریی راستەوخۆیان بۆ سەر سەقامگیریی ئابووری و تەناهی لە هەرێمی كوردستان و عێراق هەبێت، چەند پەیامێكیان لە پشتە، هەندێكی سیاسییە پێوەست بەو لێكگەیشتنانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا لەبارەی بەڕێوەبردنی سامانی سروشتی هەیە.  

روونی كردەوە، هەندێكی تری پەیامی چەند لایەنێكن كە دەیانەوێ هێز و توانای خۆیان بە كردنەئامانجی دامەزراوە هەستیارەكان و شێواندنی دۆخی تەناهی پێشان بدەن، دووپاتی كردەوە كە دووبارە بۆردمانكردنەوەی دامەزراوە نەوتییەكان رەنگە پەیامی ئابووری لەپشتەوە بێت، بۆ پەكخستنی بەرهەمهێنان یان دروستكردنی كاریگەری لەسەر گرێبەستەكانی كۆمپانیا بیانییەكان لە هەرێم، رەنگە ببێتە هۆی زیادبوونی ئاستی مەترسییەكان و بەرزكردنەوەی خەرجیی بەكارخستن و بیمەی كاركردنیان، ئەوەش بە نەرێنی كار لە ژینگەی وەبەرهێنان لە عێراق دەكات.

ئەو شارەزایە ئاماژەی كرد، ئەو جۆرە هێرشانە ئەگەر سنوورداریش بن، رەنگە ببنە هۆی زیانگەیاندن بە متمانەی كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكان كە پرۆسە و پلانی پەرەپێدانی كێڵگە نەوتییەكان پشت بەوان دەبەستێت، ئابووریی عێراقیش بەرگەی شێوان و ئاڵۆزی زیاتری كەرتی وزە ناگرێت، كە سەرچاوەی سەرەكیی داهاتە لە وڵات. بۆیە بەردەوامبوونی ئەو رووداوانە دەرگە بە رووی ئاڵۆزی نوێی سیاسی و ئابووری دەكەنەوە و پێویستە هەنگاوی بەپەلە و بەرپەرچدانەوەیان بەرانبەر بنرێت بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو هێرشانە، كە هەڕەشە لە سەقامگیریی عێراق دەكەن.  

لای خۆیەوە ئینتیفاز قەنبەر سەرۆكی پارتی موستەقبەلی عێراقی لە تویتێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەڵێت، هێرشكردنە سەر كێڵگەی كۆرمۆر چەند پەیامێكی لەپشتە كە ناكرێ پشتگوێ بخرێن، لەوانە هێرشەكە وەك وەڵامدانەوەیەكی راستەوخۆ بوو بۆ كارەبای 24 سەعاتی كە لەسەر دەستی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم هاتە كایەوە، بۆیە لە ئەنجامی ئەو هێرشە 80%ی كارەبای هەرێمی كوردستان وەستا، ئەوەش بەوردی ئەوە بوو كە میلیشیاكانی سەر بە ئێران دەیانویست.

روونی كردەوە، لە هۆكاری تری هێرشەكە، بەدەستهێنانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ 1.1 ملیۆن دەنگ بوو لە هەڵبژاردنی دوایی، ئەوەش بەتەواوەتی میلیشیاكانی تۆقاند، بۆیە هێرشەكە وەڵامێكی تۆڵەسەندنەوەی زەق بوو بەهۆی ترسیان لە هێزی ویستی گەلی كورد، هەروەها زیادبوونی رۆڵی پارتی لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق لە رێگەی دیدارەكان لەگەڵ مالیكی و سوودانی و عەمار حەكیم و هیتریش، ئەوەش بریكارەكانی ئێرانی تەنگاو كرد، بۆیە لە رێگەی كردنەئامانجی غازی كوردستان وەڵامیان دایەوە.  

قەنبەر هۆكاری تر دەژمێرێت و دەڵێت، كاتی ئەنجامدانی هێرشەكە هەرەمەكی نییە، بەر لە چەند رۆژێك دێت لە سەردانی مارك ساڤایا نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ هەرێمی كوردستان، دوای ئەوە هەرچەند بەرهەمی غازی كوردستان زیاتر بێت، پێویستیی بەغدا بە غازی ئێران كە تاران بە دوو هێندەی نرخی دنیایی بە بەغدای دەفرۆشێت، كەمتر دەبێتەوە، بۆیە میلیشیاكانی ئێران هەوڵی تێكدانی غازی كوردستان دەدەن، بۆ ناچاركردنی عێراق بۆ بەردەوامبوون لە كڕینی غازی ئێرانی و پارێزگاریكردن لە توندیی چەنگی ئێران لە كەرتی وزەی عێراق. 

لە كۆتادا قەنبەر دەڵێت، وەك پێشتریش وریاییم دا، پەرلەمانی نوێی عێراق زیاتر لە 100 ئەندامی میلیشیاكانی سەر بە ئێران لەخۆ دەگرێت، بۆیە دۆخەكە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت و پێویستە ئەمەریكا خۆی بۆ رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆی میلیشیا عێراقییەكان ئامادە بكات، چونكە كاتی قسەی بۆش لەبارەی پێشكەوتنی عێراق كۆتایی هاتووە و ئەمەریكا پێویستیی بە جووڵانەوەیەكی یەكلاكەرەوە هەیە، ئەگەرنا عێراق دەبێتە بنكەیەك بۆ ئێران لەوێوە كار بۆ تێكدانی سیاسەتەكانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل