رۆژنامەی عەرەب جەدیدی لەندەنی بلاوی کردووەتەوە، هێرشێک لە درەنگانی شەوی چوارشەم کێڵگەی غازیی کۆرمۆری لە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کردە ئامانج، کە بووە هۆی ڕاگرتنی دەستبەجێی هەناردەی غاز و بڕانێکی بەربڵاوی کارەبا کە شاری سلێمانی و ناوچەکانی تری گرتەوە. ئەم هێرشە هەرێمی کوردستانی گەڕاندەوە ناو بازنەی ناسەقامگیریی ئابووری، دوای زنجیرەیەک هەنگاو کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ دابینکردنی کارەبای نزیکەو بەردەوام لە مانگەکانی داهاتوودا.
کێڵگەی کۆرمۆڕ بە بڕبڕەی پشتی بەرنامەی حكوومەتی هەرێم دادەنرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبای سەقامگیری 24 سەعاتی، نەک تەنیا بۆ شارەکانی کوردستان، بەڵکو بۆ پارێزگا دراوسێکانیش لە عێراق، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکدایە بۆ زیادکردنی پشت بەستن بە غازی ناوخۆیی و کەمکردنەوەی فشار لەسەر تۆڕی کارەبای نیشتمانی.
وەک لە راپۆرتی رۆژنامەکەدا زیاتر هاتووە، بەڵام هێرشەکە پاشەکشەیەکی ڕاستەوخۆی بەم بەرنامەیە کرد، وەک ئومێد ئەحمەد گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێم، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا دووپاتی کردەوە کە "هێرشەکە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی نزیکەی 80%ی وزەی کارەبای بەرهەمهێنراو" و ئەو بڕەی ماوەتەوە تەنیا بۆ بەکارهێنانە زۆر پێویستەکان دابەش دەکرێت، وەک نەخۆشخانەکان، پڕۆژەکانی ئاو و دامەزراوە گرنگەکان.
ڕوونیشی کردەوە کە ڕاگرتنی تەواوی بەرهەمهێنانی غاز، گەڕانەوەی کارەبای ئاسایی بەند دەکات بە چاککردنەوەی زیانەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن.
لە درێژەی راپۆرتی رۆژنامە عەرەبییە لەندەنییەکەدا هاتووە، لە ڕووی ئابوورییەوە، ئەم ڕاوەستانە گورزێکە لە یەکێک لە گرنگترین ئەو پڕۆژانەی کە هەرێم پشتی پێ دەبەست بۆ کەمکردنەوەی پسوولەی هاوردەکردنی وزە و بەدەستهێنانی سەقامگیریی داراییی زیاتر لە کەرتی کارەبادا، کە ساڵانە بەشێکی گەورەی بودجەی حكوومەتی کوردستان لە ڕێگەی پاڵپشتیی سووتەمەنی و تێچووی کارپێکردنەوە بەکاردەهێنێت. هەر سەعاتێک ڕاوەستان لە بەرهەمهێنانی غازدا، تێچوونێکی داراییی زیادەیە، جا چ لە ڕێگەی بەناچاری پشت بەستن بە سووتەمەنیی شلی گرانبەهاتر بێت، یان لە ڕێگەی لەدەستدانی ئەو داهاتانەی کە چاوەڕوان دەکرا لە فرۆشتنی کارەبای زیادە بە پارێزگا دراوسێکان بەدەست بێت.
ئەم گورزە لە ساتێکی هەستیاری ئابووریدا دێت، کە هەرێم خۆی ئامادە دەکرد بۆ فراوانکردنی وەبەرهێنانەکانی لە بواری غازدا، تا کوردستان بکاتە ناوەندێکی بەرهەمهێنانی غاز کە بتوانێت پێداویستیی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە و بەشێکیشی هەناردەی ناوخۆی عێراق بکات.
لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هێرشەکان، ئەم ڕێڕەوە ستراتیجییە دەکەوێتە لەرزین، کە ڕەنگە کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی کۆمپانیا بیانییەکانی وەک "دانا غاز"ی ئیماراتی هەبێت، کە پێشتر چەندین جار بەهۆی هەڕەشەی هاوشێوەوە لە ساڵانی ڕابردوودا کارەکانی ڕاگرتووە.
لە درێژەدا هاتووە، کاتی هێرشەکە ئاماژەی گرنگی هەیە کە سنوورەکانی هەرێم تێدەپەڕێنێت، بەتایبەتی کە هاوکاتە لەگەڵ دانوستانەکانی پێکهێنانی حكوومەتی نوێ لە بەغدا و لەژێر فشاری زیادبووی ئەمەریکادا بۆ سەر عێراق تا پشت بەستنی بە غازی ئێران کەم بکاتەوە.
بەپێی لێدوانی بەرپرسێک لە حكوومەتی هەرێم کە بۆ رۆژنامە لەندەنییەکەی داوە، "هێرشەکە وەک پەیامێکی ڕوونی گرووپە هاوپەیمانەکانی تاران دەخوێنرێتەوە، ئێرانییەکان ڕێگە نادەن غازی کوردستان ببێتە جێگرەوەی ئەو غازە ئێرانییەی کە عێراق هاوردەی دەکات، بەتایبەتی لەژێر ئەو سزایانەی کە فشار لەسەر ئابووریی ئێران دروست دەکەن."
پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران
ئەو بەرپرسە گوتیشی، هەر هەوڵێک بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمی غازی هەرێم یان بەستنەوەی بە تۆڕی نیشتمانیی عێراقەوە، ڕووبەڕووی کاردانەوەی ئەمنی دەبێتەوە کە ئامانج لێی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێرانە لە بازاڕی وزەی عێراقدا. هەروەها گوتی، هێرشەکە وەک تاقیکردنەوەیەکیش بۆ توانای بەغدا سەیر دەکرێت بۆ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی پێشووی سەبارەت بە پاراستنی ژێرخانی وزە و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەی کۆرمۆڕ، کە لە ساڵی 2021ـەوە ڕووبەڕووی چەندین هێرشی درۆنی و مووشەکی کاتیۆشا بووەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی حكوومەتی عێراق هێرشەکەی بە تیرۆریستی ناوبرد، بەڵام بەردەوامیی ئەم شێوازە لە کردەوانە، ژینگەی وەبەرهێنان لە کەرتی وزەدا لاواز دەکات و داهاتووی پڕۆژەکانی غاز لە هەرێم پڕ لە مەترسی دەکات.
توێژەران و شیکاران پێیان وایە کە ئامانج لە هێرشەکە لایەنی سەربازی تێدەپەڕێنێت، بەڵکو هەوڵێکە بۆ پەکخستنی ئەو پڕۆژەیەی کە هەرێم تەنیا چەند هەفتەیەک پێش ئێستا پلانی دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتی بۆ شارەکانی ڕاگەیاند، لەگەڵ ئەگەری گواستنەوەی ئەزموونەکە بۆ باقی پارێزگاکانی تری عێراق. لەم چوارچێوەیەدا، توێژەر شاهۆ قەرەداغی، لە پۆستێکدا لەسەر تۆڕی ئێکس نووسیویەتی، "شانەکانی تیرۆر و پشێوی ئەمڕۆ هەوڵیان دا ئەم پڕۆژەیە پەک بخەن لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی کێڵگەکانی غازەوە،" ئەمەش ئاماژەیە بۆ کاریگەرییە قووڵە ئابووری و ژێرخانییەکەی هێرشەکە.