ڕاپۆرتێکی فڕەنسی: پلانێکی نوێ بۆ ڕاوکردنی بەلەمەکانی کۆچی نایاسایی ئاشکرا بوو

:: PM:03:13:28/11/2025 ‌
ڕۆژنامەی "لۆ مۆند"ی فڕەنسی، ڕۆژی هەینی ئاشکرای کرد کە فڕەنسا شێوازی نوێی گرتووەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی پەڕینەوەی کۆچبەران بەرەو بەریتانیا، ئەمەش بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی بڵاونەکراوە.

ڕۆژنامەکە ڕوونی کردەوە کە یەکێک لەم شێوازانە بریتییە لە ڕێگریکردن لە کۆچبەران لە دەریاوە لە ڕێگەی کەناڵی ئینگلیزی، بەتایبەتی دووپاتکردنەوە لەسەر ئەو بەلەمانەی کە بە "تاکسی-بەلەم"  ناسراون. ڕێکارەکان ڕێگە بە پۆلیسی دەریایی دەدەن کە لەناوەڕاستی دەریادا دەستوەردان بکەن، تەنانەت پێش ئەوەی بەلەمەکان بەڕێبکەون، ئەمەش گۆڕانکارییەکی ڕوونە لە ستراتیجی فرەنسادا لەژێر فشاری بەریتانیادا.

بەڵگەنامەکە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 25 تشرینی دووەم و لەلایەن چوار پارێزگارەوە واژوو کراوە، چوارچێوەی کارپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە "نائاساییانە" دیاری دەکات.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەم ڕێکارانە دوای ئەوە دێن کە لە سەرەتای ساڵی 2025 وە نزیکەی 40 هەزار کۆچبەر لە ڕێگەی دەریاوە پەڕیونەتەوە، هەروەها کۆی گشتیی ژمارەکە لە ساڵی 2018 ەوە گەیشتووەتە 190 هەزار کەس، کە زۆربەیان داوای پەنابەرییان لە بەریتانیا کردووە.

ڕێگە دەریاییەکان زۆر ئاشکراترن بە بەراورد بە پەڕینەوە لە ڕێگەی بارهەڵگر یان کەشتییە گەورەکانەوە ئەمەش وای کردووە ببێتە جەمسەری گرژیی نێوان پاریس و لەندەن. کیر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، داوای جێبەجێکردنی خێرای ئەم ڕێکارانەی کردووە بۆ دڵنیابوون لە کاریگەریی ڕێگرییەکان.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئۆپەراسیۆنەکان هەستیارن بەهۆی مەترسیی ڕێگریکردن لەو بەلەمە لاستیکییە کوالێتی نزمانە، کە دەیان سەرنشین دەگوازنەوە. بەڵگەنامەکە ئاماژە بەوە دەکات کە تاکتیکی "تاکسی-بەلەم"ەکان نزیکەی مسۆگەرە، چونکە هەر بەلەمێک بە تێکڕا 67 کەسی لە ساڵی 2025دا گواستووەتەوە، بە بەراورد بە 45 کەس لە ساڵی 2023، و زیاتر لە نیوەی گەیشتنەکان بۆ خاکی بەریتانیا پێکدەهێنن.

ئۆپەراسیۆنەکانی چاودێریی دەریایی بە بەکارهێنانی کەشتییەکی تایبەت بە ڕزگارکردن ئەنجام دەدرێن و تەرکیز دەکرێتە سەر ڕێگریکردن لەو بەلەمانەی کە بە نهێنی و پێش سەرکەوتنی سەرنشینەکان دەجوڵێن. لە کاتی ڕێگریکردندا، پۆلیسی دەریایی چەند ڕێکارێکی پلەبەندی و گونجاو بەکاردەهێنن، وەک دەرکردنی فەرمانی وەستان، لەکارخستنی بەلەمەکە، گۆڕینی ئاڕاستەکەی، و ڕادەستکردنی کەسەکان بە دەسەڵاتە پێوەندارەک. هەروەها پێشبینی دەکرێت تۆڕ بۆ ڕاگرتنی پەروانەی بەلەمەکان بەکاربهێنرێت.
بەڵگەنامەکە ڕوونی دەکاتەوە کە بنەمای یاسایی بۆ ڕێگری کردنەکە بریتییە لە گرتنی تاوانباران لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی "یارمەتیدان بۆ نیشتەجێبوونی نایاسایی"، و پێویستە داواکارە گشتییەکان پێش ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان ئاگادار بکرێنەوە.

ئەم ڕێکارانە لە چوارچێوەی دانوستانی نێوان فرەنسا و بەریتانیادان و هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە داهاتوودا فراوانتر بکرێن و بەندەر و کەناڵە ناوخۆییەکانیش بگرنەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود