جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان تەواو بوو و دەكرێتەوە

:: PM:01:15:01/12/2025 ‌
كاركردن لە پڕۆژەی جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان بەرەو تەواوبوونە، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری رێگەكەش دەڵێت، سەرقاڵی هێڵكاری و چەند وردەكارییەكین و سەرەتای ساڵی نوێ‌ دەكرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم یەكی كانوونی یەكەم، ئەمیر ئەحمەد بەڕێوەبەری رێگەوبان لە هێمن گرووپ كە كۆمپانیای جێبەجێكارە، بە "وشە"ـی راگەیاند، كاركردن لە جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان لە 12ـی حوزەیران دەستی پێ‌ كردووە، كارێكی یەكجار زۆری تێدا كراوە و بەرەو كۆتاییە.

زیاتر گوتی، پڕۆژەكە ئێستە هەردوو سایدەكەی قیرتاو كراوە و سەرەتای ساڵی نوێ دەكرێتەوە و دەخرێتە خزمەتی شوفێران.

روونی كردەوە، رێگەكە 16 كیلۆمەتر درێژە، پانیی هەر لاینێكی 10 مەتر و 75 سانتیمەترە، پڕۆژەكە سێ‌ چینی قیركردنی هەیە و بە هەرسێكیان دەبێتە قیرتاوێك بەرگەی ئەو هەموو بارهەڵگر و هاتوچۆیە بگرێت.

باسی لەوەش كرد كە بەپێی ئەو بەرنامەیەی هەیانە، سەرەتای ساڵی داهاتوو ئەو رێگەیە تەواو دەكرێت و دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتییان، كە بە باشترین كوالێتی و ستاندارد دروست دەكرێت. خێرایی لێخوڕین 100 كیلۆمەتر لە سەعاتێك دەبێت و لەگەڵ رێگەی گۆمەسپان سماقووڵی پێك دەگاتەوە، دوو هەزار كرێكار بەردەوام كاری تێدا دەكەن.

ئەو رێگەیە لە كەسنەزان دەست پێ‌ دەكات و درێژیی شەقامەكە 16 كیلۆمەترە، پانیی هەر سایدێك 10 مەتر و 75 سانتیمەترە و دوو ڕێڕەوی سەرەكی و ڕێڕەوێكی فریاگوزاریی دەبێت، كە لە كۆتایی شەقامی كەسنەزان دەست پێ دەكات و لە دەربەندی گۆمەسپان كۆتایی دێت.

دووسایدەكە لە چوار پرد و یەك ئەندەرپاس، 40 ئاوبەری سندووقی قەبارە درێژی جۆراوجۆر، پەرژینی خۆپاراستن و سیستمی ئاوەڕۆی پێكدێت، هەروەها لەو پڕۆژەیەدا دوو هەزار كارمەند و 600 ئامێری جۆراوجۆر كاری تێدا دەكەن كە 100%ی پشتی بە هێزی كاری ناوخۆیی بەستووە.

لە سێی تەمووزی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەستپێكردنی پڕۆژەكەی ڕاگەیاند.

ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە پڕۆژە ستراتیجی و گرنگەكانی سنووری پارێزگای هەولێر و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك ساید بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە.

پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ پڕۆژەی دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی كاری تێدا دەكرێت و بە تەواوبوونی، ڕێگەی هەولێر تا سماقووڵی بە درێژیی 38 كیلۆمەتر دەبێتە دووساید.

لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیە دانا، لەو كاتیش رای گەیاند كە جووتسایدی هەولێر- گۆمەسپان دروست دەكرێت.

پڕۆژەكە ستراتیجی و گرنگی سنووری پارێزگای هەولێره و بە تەواوبوونی، سوودێكی زۆری دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتییان و گەشتیاران و كەمكردنەوەی قەرەباڵغیی سەر ڕێگەكە، كە پێشتر یەك لاین بووە و ڕووداوی نەخوازراوی لێ كەوتووەتەوە.

پڕۆژەكە هاوتەریب لەگەڵ هەردوو پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجی سنوورەكە، (دووسایدی گۆمەسپان- سماقووڵی) و دووسایدی ڕێگەی سەرەكیی (هەولێر- كۆیە) كاری تێدا دەكرێت.

هاوكات رێباز مەعرووف ئەندازیاری رێگەوبان، بە "وشە"ـی راگەیاند، خاڵی هەرە بەهێزی ئەو جووتسایدە دروست دەكرێت كوالێتی قیرەكەیەتی كە سێ‌ چینە، هەروەها ئاستی گەرمی و پێكهاتەكانی زۆر بەرزە.

روونی كردەوە، ئەو رێگەیە لە داهاتوودا دەبێتە شادەمارێكی بەهێزی ئابووری هەولێر، چیتریش ئەو رێگەیە نابێتە رێگەی مەرگ، بەڵكو دەتوانرێت بڵێن رێگەی بەختەوەری دەبێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، بەرینی نزیكەی 11 مەتر بۆ هەر سایدێك بەمانای دوو مەتریش شۆڵدەری تەنیشتەكان دێت، بۆیە ئەو رێگەیە بەرزی كوالێتیمان پێ‌ دەڵێت.




وشە - رامیار جەواد