وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وردەکاریی پڕۆژەی 796 ملیۆن دۆلاریی كونسوڵگەی هەولێر ئاشکرا دەکات

:: PM:07:10:03/12/2025 ‌
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، لە ڕێگەی ماڵپەڕی فەرمیی نووسینگەی ئۆپراسیۆنەکانی باڵەخانەکانی دەرەوەی وڵات (OBO)، وردەکاریی تەواوی پڕۆژەی کونسوڵخانە نوێیەکەی لە هەولێر بڵاو کردەوە، کە تێیدا دووپات لەسەر ئامانجە ستراتیجییەکانی کراوەتەوە، لەوانە "پاراستنی سەروەریی عێراق، بەهێزکردنی سەقامگیریی ناوچەیی و پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان".

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بۆ پشتیوانیکردن لەم هەوڵە هاوبەشانە، نووسینگەی ئۆپراسیۆنەکانی باڵەخانەکانی دەرەوەی وڵاتی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، کونسوڵخانەیەکی گشتیی نوێی لە هەولێر دروست کردووە کە وەک سەکۆیەکی پارێزراو کاردەکات بۆ پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریكا و ئەو بەهایە نیشان دەدات کە عێراقێکی سەروەر، ئارام و خۆشگوزەران – لە هاوبەشییەکی دوولایەنەی سوودبەخشدا لەگەڵ ئەمەریکا – دەتوانێت پێشکەش بە گەلەکەی خۆی و ویلایەتە یەکگرتووەکانی بکات.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، پڕۆژەکە لەسەر ڕووبەری 50 دۆنم زەوی دروست کراوە و کۆی بودجەکەی 796 ملیۆن دۆلارە، کە 131 ملیۆن دۆلاری وەک وەبەرهێنانی ناوخۆیی مەزەندە کراوە. کۆمپانیای Page Southerland Page کاری دیزاینی ئەندازیاری و کۆمپانیای BL Harbert International کاری جێبەجێکردنی گشتیی گرتووەتە ئەستۆ و پڕۆژەکە لە ساڵی 2025 تەواو بووە.

وەك لە راپۆرتەكەدا هاتووە، ئەمەریكا لە ساڵی 2007ـەوە بوونی دیپلۆماسیی لە هەولێر هەیە، کە هاوبەشییەکانی بۆ پێشخستنی حکوومڕانی، گەشەی ئابووری و پەروەردە پەرەپێداوە.

کونسوڵخانە نوێیەکە شوێنێکی سەلامەت، پارێزراو، کارا و گونجاو بۆ کارمەندانی ئەمەریکی دابین دەکات بۆ بەهێزکردنی ئەم هەوڵانە لە ڕێگەی ئاسانکاریی هاوکاری لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم، کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت؛ پشتیوانیکردنی بایەخی ڕوو لەزیادبووی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق؛ و پێشکەشکردنی دەرەنجامی بەرجەستە کە بەها بۆ هەردوو وڵات دابین بکات.

دیزاین و دروستکردن
کونسوڵخانە نوێیەکە ستانداردەکانی پاراستن و سەلامەتیی گیانیی وەزارەتی دەرەوە جێبەجێ دەکات. دیزاینی گشتیی پڕۆژەکە لە تۆپۆگرافیای شوێنەکە و پێکهاتەی شارستانیی ڕوو لە گەشەی هەولێرەوە وەرگیراوە و لەگەڵیدا گونجێندراوە.

ئەو شوێنانەی بۆ کارە دیپلۆماسییە گشتییەکان تەرخان کراون، بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی سەردانیکەران دیزاین کراون و شوێنی چاوەڕوانیی ئاسوودەبەخشیان تێدایە.

ڕاسپاردەکانی نووسینگەی OBO بۆ ئەندازیاریی  بووەتە هۆی کەمکردنەوەی تێچوو بە بڕی 3.8 ملیۆن دۆلار لە ماوەی پڕۆژەکەدا.

دروستکردنی دامەزراوە دیپلۆماسییەکان کاریگەریی لەسەر ئەو کۆمەڵگە و گەڕەکانە دەبێت کە تێیدا دروست دەکرێن، لە ڕێگەی دابینکردنی هەلی کار، زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و کڕینی کاڵا و خزمەتگوزاری، هاندانی چالاکیی بازرگانی و باشترکردنی ژێرخانی دەوروبەری. زیاتر لە 1,200 کارمەندی ئەمەریکی، ناوخۆیی و وڵاتانی سێیەم بەشدارییان لە دروستکردنیدا کردووە.

ئەو ئەزموون و ڕاهێنانەی بە کارمەندە ناوخۆییەکان دراوە، دەرفەتی کاریان لە داهاتوودا باشتر دەکات و ژمارەی کرێکارە شارەزاکان بۆ پێداویستییەکانی داهاتووی نێردەکە زیاد دەکات.

کاراییی باڵەخانەکە 
ئەم پڕۆژەیە مەترسی و تێچووی پەیوەست بە ئاسایش و چاککردنەوە کەمدەکاتەوە، لە هەمان کاتدا خۆڕاگریی بەرانبەر بە کارەساتە سروشتییەکان بەهێزتر دەکات. دیزاینی کونسوڵخانە نوێیەکە ئامانجی توندی بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی وزە هەیە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی تێچووی کارپێکردن، باشترکردنی کاراییی باڵەخانەکە و بەهێزکردنی توانای پشت بەخۆبەستنی کونسوڵخانەکە.

ئاوی بەکارهاتوو لەناو شوێنەکەدا دووبارە بۆ ئاودێری بەکاردەهێنرێتەوە بۆ کەمکردنەوەی تێچووی خزمەتگوزارییەکان، پاراستنی ئاوی خواردنەوە، کەمکردنەوەی فشار لەسەر ژێرخانی ناوچەکە و باشترکردنی خۆڕاگریی گشتیی شوێنەکە. 
پانێڵی وزەی خۆر لەسەر شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێلەکان وزەی نوێبووەوە بەرهەم دەهێنن، کە پشت بەستنی دامەزراوەکە بە سەرچاوە ناوخۆییەکانی وزە کەمدەکاتەوە و بە شێوەیەکی کاریگەر تێچووی خزمەتگوزارییەکان دادەبەزێنێت. پێداویستییە ناوچەییەکان لە پێشینەدان بۆ دڵنیابوون لە کاریگەریی تێچووەکە.

هونەر و میراتی کولتووری
کۆمەڵەی هەمیشەیی هونەریی کونسوڵخانەکە، کە لەلایەن نووسینگەی هونەر لە باڵیۆزخانەکانەوە سەرپەرشتی کراوە، کاری هونەریی تایبەت بە شوێنەکەی لەخۆدەگرێت کە لەلایەن هونەرمەندانی ئەمەریکی ماریا ڕۆبێرتسن و جانێل پیترزاکەوە دروست کراون، لەگەڵ پەیکەرێکی هونەرمەندی عێراقی-ئەمەریکی، هەیڤ کاهرەمان. 
(کاهرەمان لەدایکبووی 1981، هونەرمەندێکی عێراقی-ئەمەریکی-سویدییە و بە ڕەچەڵەک کوردە).


وشە - پۆڵا مەحموود