كردنەوەی گەورەترین كۆمەڵگەی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر مانای چییە؟

:: PM:08:42:03/12/2025 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم، لە رێوڕەسمێكی تایبەت بە ئامادەبوونی سەرۆك مەسعوود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و مایكڵ ریگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا، كۆمەڵگەی نوێی كونسوڵگەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر كرایەوە، كە گەورەترین كونسوڵگەی ئەمەریكایە لە دنیا.

لە گوتارێك لە رێوڕەسمی كردنەوەی كۆمەڵگەی كونسوڵگەكە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند كردنەوەی ئەم كۆمەڵگە نوێیە، نیشانەی پێوەندیی بەهێزی نێوان ئەمەریكا و خەڵكی هەرێمی كوردستانە، ئەمەریكا بوو هاوكاریی ئێمەی كرد بۆ بنیاتنانی ئەو وڵاتەی كە تێیدا دەژین، بەبێ ئەمەریكا قورس بوو ئەو شتە روو بدات، ئێمە لە هەرێمی كوردستان زۆر سوپاسگوزارین بۆ هەموو ئەو شتانەی كە ئەمەریكا بۆ ئێمەی كردووە، شانازی بە هاوپەیمانێتیی ئەمەریكا دەكەین و بەردەوام دەبین لەگەڵ ئەمەریكا بۆ هەنگاو و قۆناغی داهاتوو.

لای خۆیەوە مایكڵ ریگەس جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كردنەوەی باڵەخانەی گەورەترین كونسوڵگەی وڵاتەكەی لە هەولێر بە هەنگاوێكی گرنگ وەسف كرد و رای گەیاند، كردنەوەی گەورەترین كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی روونە كە ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمی كوردستانێكی بەهێز و سەقامگیر و ئارام و ئاوەداندایە، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرنگە و ئەمەریكا پشتیوانیی لێ دەكات. 

لە هەنگاوێك كە بە گەورەترین لە مێژووی دیپلۆماسیەتی ئەمەریكا لە دەرەوەی وڵاتەكە دادەنرێت، ئەمڕۆ واشنتن گەورەترین كۆمەڵگەی كونسوڵگەی لە دنیا لە هەولێر بە ئامادەبوونی جێگری وەزیری دەرەوە كردەوە، تێچووی دروستكردنی كۆمەڵگەكە گەیشتووەتە زیاتر لە 795 ملیۆن دۆلار و لەسەر رووبەری 51 فەدان، دروست كراوە، ئەو هەنگاوەش گفتوگۆ لەبارەی سروشتی ستراتیجیەتی ئەمەریكا لە عێراق دروست دەكات، لە ئەگەری فرەوانكردنی بوونی ئەمەریكا لە هەولێر ئاماژەیەك بێت بۆ گواستنەوەی سەنگی بوون و چالاكیی دیپلۆماسیی ئەمەریكا لە بەغدا.

چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی دیپلۆماسی پێیان وایە هەو هەنگاوەی ئەمەریكا ئەگەرچی لە 2018ەوە دەستی پێ كراوە، بەڵام گرنگی زۆری بۆ بوون و رۆڵ و پێوەندییەكانی ئەمەریكا لە هەرێم و لەگەڵ هەرێم و لەوێشەوە لەگەڵ عێراق هەیە، بەتایبەتی لە دوای رووداوەكانی ساڵانی دوایی كە چەند جارێك هێرش كرایە سەر بەرژەوەندی و تەنانەت نێردە دیپلۆماسییەكانی ئەمەریكا لە بەغدا و پارێزگاكانیتری عێراق، ئەوە سەرەڕای داوای رۆیشتنی هێزی سەربازیی ئەمەریكا و بەهێزكردنی دەسەڵاتی ئێران لە لایەن میلیشیاكانەوە، كە هەموو ئەوانە وایان كردووە رۆڵی هەرێمی كوردستان وەك ناوچەیەكی سەقامگیرتر و بێكێشەتر بۆ ئەمەریكا زیاتر ببێت. 

د. غازی فەیسەڵ دیلپۆماتكاری پێشوو و توێژەری سیاسی، ئەگەرچی ئاماژە دەكات كە ئەو فرەوانكردنە دیپلۆماسییەی ئەمەریكا لە هەولێر مانای ئەوە ناگەیەنێت بوونی دیپلۆماسی لە بەغدا كەم دەكاتەوە، بگرە بە پێچەوانەوە، لە كۆتادا كردنەوەی گەورەترین كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر بۆ بەهێزكردنی بوونی دیپلۆماسیی ئەمەریكایە لە بەغدا و هەولێر بەگشتی، بەڵام بوارێكی گرنگی جیۆستراتیجی بۆ هەرێم دەرەخسێنێت.

زیاتر گوتی، گرنگیی ئەو فرەوانبوونە بۆ ئەمەریكا ئەوەیە كە واشنتن گرنگیی هاوپەیمانیی ستراتیجی لە نێوان خۆی و هەرێمی كوردستان دەخاتە روو، كە بوار و ژینگەیەكی گرنگە بۆ وەبەرهێنانی ئەمەریكا لە بواری وزە و پیشەسازییە جۆراوجۆرەكان، هەروەها لەسەر ئاستی كۆمپانیا ئەمەریكی و ئەوروپییەكان و پێگەی ستراتیجیی هەرێمی كوردستان لە نێوان ئێران و توركیا، هاوكات دەبێتە بوارێكی گرنگی جیۆستراتیجی.  

فەیسەڵ دووپاتی كردەوە كە كردنەوەی گەورەترین كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر گۆڕانكاری نییە لە ئاراستەی گرنگیدانی ئەمەریكا، بەڵكو قووڵكردنەوەیەتی، درێژكراوەی هەمان ستراتیجیەتی ئەمەریكایە بەرانبەر بە عێراق و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی، بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكان و تەواوكاری و راوێژكردن و لێكگەیشتنە لە نێوان هەولێر و واشنتن، وەك ئەوەی لە نێوان بەغدا و واشنتن هەیە. 

شایەنی باسە كۆمەڵگەی كونسوڵگەی ئەمەریكا لە هەولێر لە 6ی تەمووزی 2018 بەردی بەناغەی دانراوە و تەنیا دامەزراوەیەكی دیپلۆماسی نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی گەورەی هاوشێوەی نیوچە شارێكی سەربەخۆیە و لەسەر رووبەری 206 هەزار مەتر سێجا بنیات نراوە، كە جگە لە نووسینگەی سەرەكیی كونسوڵگەكە، شوێنی مانەوەی كارمەندەكان و تیمە تەناهییەكان و مێوان و دووكان و پاركی ئۆتۆمبێل و ناوچەیەكی فرەوانی سەوزایی لەخۆ دەگرێت، تەلارەكە هەزار كەس دەگرێت و یەكێكە لە پێشكەوتووترین دامەزراوە دیپلۆماسییەكان لە دنیا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل