لەسەر دوایین هەوڵ بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان، "وشە" بەدواداچوونی كرد و دەركەوت، ئێستە دۆخێكی گونجاو بۆ گفتوگۆی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دروست كراوە تا كار لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێی كوردستان بكەنەوە.
گەڕی داهاتوو
بە ئەگەرێكی زۆر، گەڕی داهاتووی كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی دەكەوێتە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، بەڵام بەشێوەیەكی چڕ كۆبوونەوەكان دەست پێ دەكرێنەوە، هێشتا دیار نییە یەكەم كۆبوونەوەی نێوان شاندی هەردوولا لە كوێ دەبێت، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لەنێوان هەردوولادا پێوەندی كراوە تا بەزووترین كات كۆ ببنەوە.
"وشە" بۆ بەدواداچوونەكەی پشتی بە لێدوانی سەرچاوەی پارتی و یەكێتی بەستاوە، هەردوولا دووپات دەكەنەوە كە نیەتی ئەرێنی هەیە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆ لەسەر پێكهێنانی حكوومەت.
یەكێتی چاوی لە رەزامەندیی پارتییە
سەرچاوەیەك لەناو یەكێتی، پێی راگەیاندین، یەكێتی پێی خۆشە گفتوگۆكان لەسەر پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ بكاتەوە. بە قسەی سەرچاوەكە دوای گەڕانەوەی قوباد تاڵەبانی لە بەغدا راستەوخۆ گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت لەنێوان هەردوولادا دەست پێ دەكاتەوە.
هەمان سەرچاوە ئەوەی گوت، ئەوەی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە ئەوەیە، كە یەكێتی بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی پارتی وەرەقەیەكی تر دەباتە كۆبوونەوەكە و داوای رەزامەندیی پارتی دەكات كە جیاوازە لەوەی رابردوو پێشكەشی كردووە.
قوباد تاڵەبانی لە بەغدا
بەڵام ئەو سەرچاوەیە گومانی لەوە هەبوو كە چوونی قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا و گفتوگۆی لەگەڵ سەرانی ئەوێ بۆ وەرگرتنی زانیاری بێت لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی عێراق، چونكە ئەو حزبە دەیەوێ داواكاری پۆست لە هەرێم و بەغدا، بكات بە یەك پاكێج.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" زەمینەی گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان لای پارتی گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەتایبەت لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق كە ئەو حزبە زیاتر لە ملیۆنێك و 100 هەزار دەنگی خەڵكی بەدەست هێناوە.
بەرپرسانی پارتی پێشتر نەیانشاردووەتەوە كە دۆخی ئێستە لەگەڵ پێش هەڵبژاردنی عێراق جیاوازە بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستان.
پارتی دەرگاكە دەكاتەوە؟
پوختەی زانیارییەكان ئەوەیە، یەكێتی بە هەموو جۆرێك دەیەوێ گفتوگۆی پێكهێنانی حكوومەت لەلایەن پارتییەوە دەست پێ بكرێتەوە و ئەو حزبە دەرگاكە بكاتەوە تا ئەوانیش وەرەقەیەك بە گۆڕانكارییەوە بۆ رەزامەندی وەرگرتن بخەنەڕوو، بەڵام گۆڕانی دۆخەكە بەراورد بە پێش هەڵبژاردن گومانی لای دروست كردوون.
شوكری بەلیتی، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" گوتی، ئێستە دۆخی دوای هەڵبژاردنە، بەڵام لەبەرئەوەى نیەتی ئەرێنی لای هەردوولایەنەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت هەیە، پێشبینی دەكرێت كە هەنگاوەكان بڕۆنە پێشەوە.
ئەو پێی وایە، ئەوەی زیانی بە یەكێتی گەیاندووە لەو قۆناغەدا ئەوە بوو كە لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردن شانازییان بە دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرد.
بەگوێرەی قسەی ئەو چاودێرە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا وەك بەرپرسی یەكەم، شانی داوەتە بەردەم تەنگژەكانی كوردستان، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت دەرگای گفتوگۆ جارێكی تر بكاتەوە.