هەگبەی كورد بۆ گفتوگۆكردن لە بەغدا چی تیادایە؟

:: PM:09:12:10/12/2025 ‌

تەواوی هێزە سیاسییە براوەكان لە هەرسێ پێكهاتەی شیعە و كورد و سوننە چاوەڕوانی پەسندكردنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی شەشەم خولی پەرلە مانی عێراق دەكەن، كە لە 11ی تشرینی دووەمی رابردوو بەڕێوە چوو، بەپێی راپۆرتەكان بە هاوشێوەی هەڵبژاردنی 2021 هەگبەی كورد بۆ گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ چەندان بابەتی تیادایە.

ئەمڕۆ بەشار كیكی پەرلەمانتاری پێشووی پارتی لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە هەفتەی داهاتوو پارتی و یەكێتی بۆ تەواوكردنی گفتوگۆكانیان لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق كۆ دەبنەوە.

چاوەڕوان دەكرێت یەكێتی و پارتی جیا لە باسكردنی ئەو دوو بابەتە، باسی ناوەڕۆكی گفتوگۆكانیان لەگەڵ بەغدا بكەن، بەتایبەتی ئەگەر هەیە دیاریكردنی هەرسێ كاندید بۆ پۆستە باڵاكان و بەرنامەی حكوومەتی نوێی عێراق لە یەك پاكێج تێپەڕ بكرێت، بەپێی راپۆرتی میدیاكانی كورد و قسەی بەرپرس و شارەزایانی كورد هەگبەی كورد بۆ بەغدا چوار دۆسیەی سەرەكی لەخۆ گرتووە.

یەكەمیان پشكی بودجە و شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچە، كاتێك حكوومەتی هەرێم داوا لە بەغدا دەكات گەرەنتیی نووسراویان لە نێواندا هەبێت، كە مسۆگەری هاتنی رێكوپێكی پشكی بودجەی هەرێم و رەوانەكردنی مووچە بەتەواوەتی و بێ دواكەوتن بە هاوشێوە و هاوكاتی مووچەخۆرانی عێراق بكات، چیتر ئەو دۆسیە وەك كارت و گوشار لە گفتوگۆكان بە هاوشێوەی ساڵانی رابردوو بەكار نەهێنرێت. 

دۆسیەی دووەم بریتییە لە نەوت و غاز، كاتێك سەرەڕای پەسندكردنی هەمواری بودجە لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە قەرەبووكردنەوەی كرێی بەرهەمهێنانی بەرمیلێك نەوت لە لایەن كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت لە رێگەی توركیا، تا ئێستە ناكۆكی لەبارەی كێ ئەو كێڵگانە بەڕێوە دەبات و كێش گرێبەستەكان واژوو دەكات هەیە، هەولێر دەیەوێ مافەكانی خۆی لە ئیدارەدانی كێڵگە نەوتییە نوێیەكان بە پێی دەستووری عێراق جێگیر بكات، لە بەرانبەر پابەندی بە رادەستكردنی بەشێك لە داهاتی نەوتەكە بۆ بەغدا.

سێیەم دۆسییە بریتییە لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەریبَم و جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستووری عێراق، كورد جارێكی دۆسیەی كەركووك و ئەو ناوچانە لە گفتوگۆكان دەخەنە روو وەك بەشێكی دانەبڕاو لە هەر دەستەوارەیەكی سیاسی بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و بەرنامە حكوومەتییەكەی، چونكە تا ئێستە كاراكردنی ئەو مادەیە و ئەنجامدانی ئاساییكردنەوە و سەرژمێری و راپرسی لەسەر چارەنووسیان بڕگەیەكی جێگیرە لە نووسراوی گفتوگۆی كورد بۆ بەغدا.  

چوارەم دۆسیە بریتییە لە دۆخی پێشمەرگەی كوردستان لە رووی دارایی و ئەركەكانی لە پاراستنی تەناهیی هەرێم، سەركردەكانی كورد هەوڵ دەدەن پاڵپشتیی دارایی بۆ هێزی پێشمەرگە لە بەغداوە جێگیر بكرێت، ئەوە هاوكات لەگەڵ مانەوەی بە سەربەخۆیی لە ئیدارەدانی دۆسیەی تەناهی لە هەرێم، لە بەرانبەر هاوئاهەنگیی ئۆپراسیۆنی لەگەڵ بەغدا لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی داعش و گرووپە چەكدارەكانی تر.

سەرچاوە كوردییە نزیكەكان لە پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماژە دەكەن كە هەولێر بە ئاسانی دەنگی خۆی ناداتە هەر كاندیدێكی شیعە بۆ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەگەر گەرەنتیی روونی لەو چوار دۆسیەی سەرەوە پێ نەدرێت، بە سوودبینین لە بەهێزیی دەسەڵات و كاریگەریی سەرۆك بارزانی لە دوای هەڵبژاردن، هاوكات بەهۆی پێویستیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ هاوبەشی لەگەڵ كورد و سوننە كە حكوومەت لەو دۆخە خراپە و ملی شووشەكە دەر بكات. 

هەر لەوبارەوە مەحما خەلیل پەرلەمانتاری پێشووی فراكسیۆنی پارتی دموكراتی كوردستان گوتی، كورد مافی خۆیان دەوێت، بۆ ئێمە گرنگ نییە كێ دەبێتە سەرۆكی حكوومەتی نوێ، نووری مالیكی یان محەمەد شیاع سوودانی یان حەیدەر عەبادی، كورد لە هەمان دووری لە هەر نۆ كاندیدەكەی سەرۆك وەزیران وەستاوە، جێبەجێكردنی مادەی 140ی دەستوور مەرجێكی كوردە لە گفتوگۆكانی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ. 

روونی كردەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان چەكی بەتاڵ بۆ هیچ كاندیدێك بێ جێبەجێكردنی مەرجەكانی واژوو ناكات، بۆ پۆستی سەرۆكایەتیش، نایەوێ بە دوو كاندید بچێتە ناو كێبەركێكەوە، كە ئەو پۆستە سست و خامۆشە و پێویستە كارا بكرێت، دووپاتی كردەوە كە پۆستی سەرۆك كۆمار بەركەوتەی پارتییە بەو پێیەی زیاترین دەنگی لە هەڵبژاردن هێناوە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل