لە کاتێکدا دانیشتووانی شارۆكەی چەمچەماڵ و سنووری گەرمیان بەدەست وێرانکارییەکانی لافاوەوە دەناڵێنن و داوای هاوکاری دەکەن، ئاشکرابوونی کڕینی ڤێلایەکی نیو ملیۆن دۆلاری لە ئەمەریکا و جانتا و جلی مارکە بۆ پەرلەمانتارێکی یەکێتی لەسەر "داهاتی سلێمانی و پارەی حەشدی شەعبی"، تووڕەیی لێ کەوتووەتەوە. چاودێرێک دەڵێت، ئەو پارەیەی بۆ شنیار خەرج دەکرێت، دەبوو بۆ لێقەوماوان بوایە.
ڕۆژنامەنووسی بنکۆڵکار "بەشدار بازیانی" لە نوێترین بەشی زنجیرە بەدواداچوونەکانیدا، بەڵگەی کڕینی ڤێلایەکی گرانبەهای لە ویلایەتی ڤێرجینیای ئەمەریکا بۆ (شنیار ئەنوەر) پەرلەمانتاری یەکێتی ئاشکرا کرد.
بەپێی بەڵگەکان، ئەو ڤێلایە کە ڕووبەرەکەی 500 مەترە و دەکەوێتە ناوچەی (Manassas) لە ڤێرجینیا، بە بڕی 485 هەزار دۆلار (نزیکەی 49 دەفتەر دۆلار) کڕدراوە. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پارەی کڕینی ئەم ڤێلایە لە "داهاتی ناوخۆی سلێمانی و بودجەی حەشدی شەعبی" دابین کراوە و لە ڕێگەی کۆمپانیایەکەوە بە شێوازی حەواڵە و سپیکردنەوە ڕەوانەی ئەمەریکا کراوە، وەک "دیاری"یەک بەرانبەر بە کارکردنی ئەو پەرلەمانتارە دژی دەنگە ناڕازییەکان.
جگە لەم ڤێلایە، لە بەشەکانی تری بەدواداچوونەکەدا دەرکەوتووە، ئەو پەرلەمانتارەی یەکێتی تەنیا جانتاکەی دەستی مارکەی "Saint Laurent"ـە و نرخەکەی پێنج هەزار و 500 دۆلار (55 وەرەقە)یە، هەروەها تەنیا سێ پارچە لە جلەکانی حەوت هەزار دۆلار (70 وەرەقە) دەکات.
حوسێن مام ئەنوەر، چاودێری سیاسی لە چەمچەماڵەوە لەسەر ئەم بەهەدەردانە خەیاڵییە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو پارەیەی لە شنیار ئەنوەر و خەڵکی وەکو ئەو خەرج دەکرێت، دەبوایە لە لێقەوماو و زیانلێکەوتووانی گەرمیان و چەمچەماڵ خەرج بکرایە.
ئەو چاودێرە ئاماژەی بەوەش دا، شەرمە داهاتی سلێمانی و پارەی میلەت بدرێت بە ڤێلا لە ئەمەریکا و جلی مارکە، لە کاتێکدا خەڵکی چەمچەماڵ لەناو قوڕ و لیتەدا دەژین.
ئەمە لە کاتێکدایە دوێنێ لێقەوماوانی چەمچەماڵ لە نامەیەکدا بۆ قوباد تاڵەبانی نووسیبوویان، ئەو پارەیەی خۆت و بافڵی برات لە شنیار ئەنوەر و سەتان کەسی وەک ئەو خەرجی دەکەن و بۆی دەکەنە ڤێلای 50 دەفتەری، ئەگەر لە چەمچەماڵ خەرج بکرایە، چارەسەری نیوەی مەینەتیی لێقەوماوان و زیانلێکەوتووانی دەکرد.
لێقەوماوان باس لەوە دەکەن، پارتی و ڕێکخراوی خێرخوازیی بارزانی و ئارین بارزانی، ئێستە خەریکی پاککردنەوەی ماڵی شەهید (مامە ڕیشە)ن، بەڵام یەکێتی داهاتی شارەکە بۆ ڤێلا و ڕازاندنەوەی پەرلەمانتارەکانی بەهەدەر دەدات.