سیاگوێز.. رێگەی قاچاخی بەرپرسانی یەكێتی لە پێنجوێنەوە

:: PM:03:46:14/12/2025 ‌
ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، تێبینیی زۆر لەسەر مەرزەكانی سنووری یەكێتی هەیە كە تا ئێستەیش قاچاخ تێیاندا بەردەوامە، تەنانەت ئەو كەلوپەل و خواردنانەیش هاوردە دەكەن كە قەدەغە كراون. 

سەرانی یەكێتی كە ئێستە لەسەر بنەمای قاچاخ ماونەتەوە و بەردەوامن لەو كارە، سوود لە مەرزەكانی سنووری دەسەڵاتیان وەردەگرن، بەجۆرێك لە ڕێگەی چەند گوندێكی سنووری پێنجوێنەوە چییان بوێت ئاودیوی دەكەن. 

بۆ یەكەمجار "وشە" رێگەكانی قاچاخی سەرانی یەكێتی بڵاو دەكاتەوە كە لە گوندی "سیاگوێز" سەربە  شارەدێی گەرمك لە پێنجوێن دەست پێ دەكات، نزیكەی 40 خولەك لە ناوەندی پێنجوێنـەوە دوورە كە ئێستە ڕێگەیەكی سەرەكیی كاری نایاساییە لەو سنوورە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی لە گوندی "چەمپاراو"ی ئێران نزیكە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" شەوانە كاڵایەكی زۆر بە نایاسایی هاوردە دەكرێن دواتر بە شارباژێڕدا داخلی شاری سلێمانی دەكرێن، نزیكەی  100  بۆ 150 كەس شەوانە كار دەكەن، هەر كاڵایەك گومرگی زۆر بێت یان ڕێگەی داخلكردنی نەبێت یا قاچاخ بێت، لەم ڕێگەیەوە دەهێنرێتە ناو هەرێمی كوردستان.

بەگوێرەی بەدواداچوونی "وشە"، دەركەوتووە كە ئەو كاڵایانەی لەو رێگەیەوە ئاودیو دەكرێن، بریتین لە "كحوول، جگەرە، مۆبایلی دەستی دوو" دواتر ڕەوانەی ئێران دەكرێن، هەندێك كاتیش ئاژەڵ لە گوندی "چەمباراو"وە داخل بە گوندی "سیاگوێز" دەكرێت.

پێشتر رێگەكانی گوندی "میشیاو، كونە ورچ، هەڵاڵاوا و تەیمز" كاری نایاسایی تێیدا دەكرا، بەڵام ئێستە هەموو قورساییەكە خراوەتە سەر "سیاگوێز" كە جیا لەوانە، شەوانە بڕیكی زۆر "بەنزین و دەرمانی پزیشكی" لە هەمان ڕێگەوە دەهێنرێنە ناو هەرێمی كوردستان.

سەعید هەركی ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە لیژنەی دەستپاكی، بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی رابردوودا سەردانی مەرزەكانی سنووری سلێمانیمان كردووە و تێبینی زۆری لەسەر هەیە. 

ڕوونیشی كردەوە كە كاری قاچاخی شەوانە لەو مەرزانە دەكرێت و رێگە دەكرێتەوە بۆ هێنانی كەلوپەلی قەدەغەكراو. 



وشە - وشه‌